بۆزئارسالان: رژێمی ئەردۆغان گۆشەگیری کردووە بە ئامرازێکی تۆڵەسەندنەوە

پرۆفیسۆر حەمید بۆزئارسەلان وتی، "رژێمی ئەردۆغان گۆشەگیری کردووە بە ئامرازێکی تۆڵەسەندنەوە. هۆکاری ئەم پێشێلکارییە یاساییە دژوارە، ئەم رقی تۆڵەسەندنەوەیە".

شەڕی قڕکردنی سیاسی، نکۆڵی و سڕینەوە کە دەوڵەتی تورک لە ژێر حوکمڕانی رژێمی ئەردۆغاندا لە دژی گەلی کورد بەڕێوەی دەبات لە هەموو پارچەکانی کوردستان بە تایبەتی باشوور و رۆژئاوا بەردەوامە، هاوکات رژێمی ئەردۆغان ماوەی نزیکەی سێ ساڵ گۆشەگیرییەکی قورس بە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پەیڕەو دەکات. کۆی سیاسەتەکانی رژێمی ئەردۆغان بە تایبەتی لە ١٠ ساڵی رابردوودا تورکیا لەناوخۆ و دەرەوە رووبەڕووی چەندین قەیرانی قووڵی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی کردووەتەوە.

سەبارەت بەو بابەتانە پرۆفیسۆر مامۆستا پەیمانگای باڵای زانستە سیاسیەکانی پاریس، شارەزای مێژوو و کۆمەڵناسی حەمید بۆزئارسەلان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد .

'ئەردۆغان درێژە بە میراتی ئیتحاد و تەرەقی دەدات'

پ.حەمید بۆزئارسەلان باسی لەوەکرد، کە ئەردۆغان لە ژێر ناوی ئیسلامگەراییدا درێژە بە میراتی ئیتحاد و تەرەقی و کەمالیزم دەدات و لە دوای ساڵی ٢٠١٥ جەمسەرێکی نوێ لە دەسەڵاتداری تورکیا دامەزرا کە بناغەکەی مەهەپە بوو. ئەو جەمسەرە کوردی کردووەتە ئامانج. جگە لە کورد لە ناوخۆ و دەرەوەش دوژمنی گەل و نەتەوە جیاجیاکانە و ئەوەس بەلامەوە سەیر نییە چونکە ئەردۆغان میراتگری ئیتحاد و تەرەقیە و درێژە بەو میراتە دەدات".

'ئەوەی تورکیا و تورکایەتی رزگار دەکەن، کوردن'

بۆزئارسەلان ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەوەی تورکیا و تورکایەتی ئازاد دەکەن، گەلی کوردن، وەک چۆن ئەوەی ئیسرائیل و کۆمەڵگای ئیسرائیلی ئازاد دەکەن، گەل و گروپە فەلەستینیەکانن. هەروەها دەبێت لە ناو تورکەکاندا بزوتنەوەیەکی دیموکراتیک هەبێت، بەڵام بزوتنەوەیەکی بەو جۆرە بوونی نییە.

کاتێک لە دوایین هەڵبژاردن ورد دەبینەوە، دەبینین کە ئۆپۆزسیۆن دانی بە رەوایەتی پرسی کورددا نەنا. بە تەواوەتی بە شێوەی بەرژەوەندیخوازانە لە پرسی کورد نزیک بووەوە".

'سیاسەتی دەرەوەی تورکیا هەرەسی هێناوە و مایەپووچ بووە'

پرۆفیسۆر حەمید بۆزئارسەلان هێمای بۆ ئەوەشکرد، کە ماوەیەکی زۆرە تورکیا سیاسەتی سەرانەسەندنی گرتووتەبەر و وتی، "ئەمریکا پەیوەست بە رۆژئاوا هەندێک پەیامی بۆ تورکیا ناردووە. هاوکات دەبێت مرۆڤ فاکتەری ئێران و روسیاش هەڵبسەنگێنێت. ئێران و روسیا و تورکیا هەم رقیان لەیەکتر دەبێتەوە و هەمیش لە زۆر بواردا پەیوەستن بەیەکەوە و قەرزارباری یەکترن. لەم نێوەدا هاوکارییەک وەک هاوکاری نێوان هێزە میلیشیاییەکان هەیە. لەم هاوکاری و پەیوەندییەدا ئێران و رووسیا پەیوەست بە رۆژئاوا هەندێک هێڵی سوریان بۆ تورکیا داناوە، ئەمەش لە پەرۆشیان بۆ رۆژئاوا وکورد نییە. بەڵکوو نایانەوێت دەستڕۆیشتوویی و هەژموونی تورکیا لە سوریا زیاتر ببێت. لەئێستادا ئەو هێڵە سورانە قەبوڵ کراون. لە دەرەوە تورکیا خاوەنی سیاسەتی سەرانەسەندنە.

سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بە تەواوەتی مایەپووچ بووە. ئەگەر قەیرانی ٢٠٠٩-٢٠١٠ لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەها ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە و ناکۆکیەکانی لەگەڵ میسر و ئەمریکا بە بیربهێنینەوە، دەبینین کە لەهەموو ئەو ئاڵۆزیانەدا تورکیا دۆڕاندی.

بەهۆی ئەوەی بە گوێرەی نەریتی ئیتحاد و تەرەقی گەورەترین دوژمن لە ناوخۆیە، لەبەر ئەوەی ئەردۆغان درێژە بەو نەریتە دەدات، گەورەترین دوژمنی ناوخۆ بەلایەوە کوردە".

'کورد گەورەترین فاکتەرن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست'

بۆزئارسەلان ئەوەشی خستەڕوو کە لەلای کوردەکان زۆر پەرەسەندنی ئەرێنی و لەهەمان کاتدا نەرێنیش هەیە و و دەبێت مرۆڤ بیر لەو فاکتەرە نەرێنیانە بکاتەوە. گەورەترین خاڵی نەرێنی ئەوەیە کە لەناو کورددا یەکڕیزی و یەکگرتوویی و هاوپەیمانی بوونی نیە. ئەمە هەم بۆ رۆژئاوا  وهەم بۆ باشوور گرنگە. دەبێت کوردایەتی بوارێکی نوێ و رێبازێکی نوێی تێکۆشان بەرەوپێش ببات. بە تایبەتی لە تورکیا ئەوە بریتیە لە رێگەی سیاسی، دەشکرێت لایەنی کولتوریشی هەبێت. دەبێت سەرلەنوێ سیاسەتی کولتوری دابڕێژرێتەوە، لە رێگەی کولتوریەوە پەیامی جیاجیا بە تورکیا بدرێت. سەرباری هەموو گوشارەکانیش کوردایەتی لەسەر پێ خۆی راگرتووە و هێشتاش کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فاکتەری گرنگن.

هەرسەبارەت بە درێژەدانی نەریتی ئیتحاد و تەرەقی لەلایەن رژێمی ئەردۆغانەوە، پرۆفیسۆر حەمید بۆزئارسەلان روونی کردەوە، ئیتحاد و تەرەقی ستراتیژ و چوارچێوەیەکی تۆڵەسەندنەوەیە. ئەو ئەقڵیەتەی تۆڵەسەندنەوە گۆشەگیرکردن و سزادانی کەسێکە کە وەک دوژمن دەیبینێت. ئیتحاد و تەرەقی ئەمەی دەکرد، کەمالیزم ئەمەی دەکرد.ئەوانەش هەبوون کە بە کوشتن ئەمەیان دەکرد. لە سەردەمی ئەردۆغانیشدا کردەوەی تاوانکارانەی سیاسی هەبوون. بەڵام ئەگەر مرۆڤ لە دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان، سەلاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤالا بڕوانێت، ئەوانەی کە رژێمی ئەردۆغان یان هەندێک هێزی ناو رژێمەکەی ئەوانی وەک دوژمن راگەیاندووە، ئەو کەسانە وەک ئامانجی تۆڵەسەندنەوە راگەیەندراون. هەربۆیە لە دژی ئەو کەسانە بە تایبەتی ئۆجالان پێشێلکاری و کردەوەی نایاسایی گەورە دەکرێت.

لەبابەتی ئۆجالاندا ئەقڵیەتێکی دیکەش هەیە؛ وتەکانی ئۆجالان کاریگەری گەورە لەسەر کوردەکان دادەنێت. دەسەڵات هەندێک جار وتەی بەم جۆرە دەکات 'لە نێوان ئۆجالان و بزوتنەوەی کورددا ناکۆکی بوونی هەیە، ئۆجالان لە ئێمەوە نزیکە، یاخود ئۆجالان لە دژی ئەوانە'. ئەگەر ئۆجالان قسە بکات، دەردەکەوێت کە ئەو قسانە هەمووی بێ بنەما و پوچەڵەن.

هەروەها دەزانین کە ئۆجالان لە رۆژئاوا سازشی نەکرد. لەبەر ئەو فاکتەرانە گۆشەگیری پەیڕەو دەکرێت.

ئەردۆغان لە ١٠-١٥ ساڵی رابردوودا پێکەنینی بیرچووەتەوە. کاتێک مرۆڤ لە وتارەکانی دەڕوانێت، دەبینێت سوکایەتی و جنێو دەدات. ئەو زمانە لە هەمان کاتدا چوارچێوەیەکە کە تەواوی سیاسەتەکەی دادەڕێژێت. ئەمە تەنیا لای ئەردۆغان نییە، بەڵکوو لای دۆناڵد ترامپ و پوتینیش بەدی دەکرێت.

لەهەمان کاتدا دەکرێت دەسەڵاتداری بگۆڕدرێت بۆ میکانیزمێک کە ئەقڵانیەتی خۆی لەناو ببات. هەربۆیە لە دیموکراسیدا هاوسەنگی و میکانیزمی کۆنتڕۆڵکردن زۆر گرنگە".

هـ . ب