چالاکوانێکی مانگرتوو: تا ئەو کاتەی کە ئەنجام بەدەست نەهێنین، درێژە بە چالاکییەکەمان دەدەین

چالاکوانی مانگرتوو کاراک لەزیندانەوە وتی: "ئێمە بە ڕۆحی فیدایی زیلان درێژە بە داوای ئازادی بەرێز ئۆجالان دەدەین. تا ئەو کاتەی ئەنجام بەدەست دەهێنین، بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانمان".

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان ماوەی ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمرالی لە لقی (ف) لەناو بارودۆخی سەختی ئیمراڵیدا دەست بەسەرکراوە و ماوەی ٣٤ مانگە هیچ زانیارییەکی لێ وەرنەگیراوە. بۆ ئازادی جەستەیی عەبدوڵڵا ئۆجالان، لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا لە سەرتا سەری جیهان بە دروشمی "ئازادی بۆ عەبدوڵلا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد" دەست بە هەنگاوێکی بەرفراوان کرا. لە چوارچێوەی هەنگاوەکەدا، زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی کوردستان و تورکیا لە ٢٧ی تشرینی دووەمدا دەستیان کرد بە مانگرتن لە خواردن و چالاکییەکە لە ٣١ـەمین ڕۆژی خۆیدا بەردەوامە.

یەکێک لەو زیندانیانەی کە مانی لە خواردن گرتووە، عیسمەت کاراکە، کە لە زیندانی ئاسایشی باڵای سینجانی ژمارە ٢ی ئەنقەرە زیندانی کراوە، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بنەماڵەکەی کرد و پەیامێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.

کاراک دەستنیشانی کرد تا ئەو کاتەی کە ئەنجامێک بەدەست دەهێنن بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان و وتی: "تا ئەو کاتەی کە خۆمان ڕزگار دەکەین لە دەستی سیاسەتی داگیرکەران بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان. ئێستا ئێمە ٣ هەڤاڵین کە بەشداری چالاکی مانگرتنی بازنەییی بوینەتەوە. هەموو هەڤالان بە ئیرادەیەکی بێ هەمپا بەردەوامن لە چالاکییەکەیان".

تاراک سەبارەت بە بەرخۆدانی ئێستای زیندانەکان داوای لە ڕای گشتی کرد و وتی: "زیندانیانی ئازاد بە ڕۆحی فیدایی زیلان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵلا ئۆجالان بەردەوامن لە بەرخۆدان".

عیسمەت کاراک لە ساڵی ٢٠١٢ لە ناوچەی ئەلباکی وان دەستبەسەرکرا و ڕەوانەی زیندانی لقی (ف)ی شاری وان کرا. پاشان گواسترایەوە بۆ زیندانی لقی (ئە)ی شاری موش. دوای ئەوەی دادگای باڵا سزای هەتا هەتایی بەسەردا سەپاند، ڕەوانەی زیندانی کریکالە کرا. لەوێشەوە گواسترایەوە بۆ زیندانی سینجانی ژمارە ٢ی ئەنقەرە. لەو زیندانەدا خراوەتە ژووری تاکە کەسی.