چالاکییەکان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد لە ئەوروپا-نوێکراوەتەوە

لە وڵاتانی جیاوازی ئەوروپا، چالاکییەکان دژی گۆشەگیری و لەپێناو ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە.

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شارەکانی ئەوروپا دژی گۆشەگیری ئیمراڵی و بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، چالاکی جیاوازیان ئەنجامدا.

فرانکفۆرت و هاگەن

لە شارەکانی فرانکفۆرت و هاگەنی ئەڵمانیا دەربارەی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کۆبوونەوەی گەل بەڕێوەچوو.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە هەردوو شاری فرانکفۆرت و هاگەنی ئەڵمانیا دەربارەی گۆشەگیری ئیمراڵی کۆبوونەوەی گەل بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەی فرانکفۆرت بە ئامادەبوونی زیاتر لە ١٥٠ کوردستانی، سیاسەتمەدار کەمال ئاکتاش ڕایگەیاند، ڕێگەی ئاشتی لە کوردستان و ئازادی گەلی کورد بە ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەدی دێت.

لە کۆبوونەوەکەی هاگەن، دیلەک ئۆجالان وەک قسەکەر بەشداربوو، دەربارەی گۆشەگیری و پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ١٥ ی شوبات دوا. هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بانگەوازکرا بۆ بەشداربوونی بەهێز لە ڕێپێوانی ١٧ ی شوبات لە کۆڵن.

ئەمستردام

لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" و بە پێشەنگایەتی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، ڕێپێوانێک لە شاری زاندامەوە تا ئەمستردام ئەنجامدرا.

هاوسەرۆکانی دەم-نەد و هاوسەرۆکانی مەجلیسی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی ئەمستردام و دان هاگ و ئارنهەم و وتەبێژانی کۆمۆنەی ڕۆتەردام و چەندین کەس بەشداربوون.

لە چالاکییەکەدا دووپاتکرایەوە قبووڵ ناکرێت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ٢٥ ساڵ لە گۆشەگیریدا بمێنێت و داوای ئازادی وی کرا.

هەروەها بانگەوازکرا بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی ١٧ ی شوبات لە کۆڵن.

ئەسەن

بە پێشەنگایەتی مەجلیسی گەلی ئەسەن، بەبۆنەی ڕێپێوانی ١٧ ی شوباتەوە، کۆبوونەوەی گەل بەڕێوەچوو.

لە چالاکییەکەدا پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە، پەرۆ دوندار ئاماژەی بەوە کرد ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ٢٥ ساڵە لە گۆشەگیرییەکی تونددایە، بۆیە هەموو شوێنێک بۆ ئێمە گۆڕەپانی تێکۆشانە، گوتی: "فاشیزم لەناودەچێت، پێویستە ١٧ ی شوبات شان بە شان بەڕێ بکەوین بەرەو کۆڵن و بەشداری ڕێپێوانەکە بکەین".

دویسبۆرگ

بە هەمان ئامانج لە شاری دویسبۆرگ کۆبوونەوەی گەل ئەنجامدرا.

لە چالاکییەکەدا وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) نەیلوفەر کۆچ گوتی: "پێویستە هەمووان لە ١٧ ی شوبات لە کۆڵن بن. ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە فەلسەفە ژیانییەکەی هەموو پلانی ئیمپریالیستەکانی پوچەڵکردەوە. ئێستە بەم گۆشەگیریە دەیانەوێت تۆڵەی لێ بکەنەوە. بۆیە پێویستە گەلی کورد و دۆستەکانی لە ١٧ ی شوبات بچنە کۆڵن و بەشداری ڕێپێوانەکە بکەن".

بەرلین

لە بەرلین بە پێشەنگایەتی تەجەشە و تێکۆژن، ڕێپێوانی ئازادی ئەنجامدرا.

لەسەر ناوی تەجەشە و تێکۆژن ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە، ئاماژە بەوە کراوە، دەوڵەتی تورک بەنیازە لەڕێی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە ئێمە بترسێنێت، دەڵێت: "ئێمە دیسانەوە هاوار دەکەین، گۆشەگیری قبووڵ ناکەین، خۆمان ڕێک دەخەین و سیاسەتەکەتان لەناودەبەین، وەک گەنجانی کورد ئازادی جەستەیی بەدەست دەهێنین و لە هەموو هەلومەرجێکدا لەدەوری ڕێبەرمان یەک دەگرین و لە گۆڕەپانەکان دەمێنینەوە".

هەروەها بانگەوازی بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی ١٧ ی شوباتی کۆڵن.