چیدەم کلیچگون ئوچار: پێویستە یاساکان هەمواربکرێنەوە

هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە چیدەم کلیچگون ئوچار بانگەوازی لە دەوڵەت کرد، بۆ ئەوەی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ بکرێت، دەبێت هەموارکردنی یاسایی و دادوەری ئەنجام بدرێت.

لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی گەل پاش بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە دێرسیم کۆبوونەوەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ئەنجامدرا".

لە کۆبوونەوەکەدا هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە چیدەم کلیچگون ئوچار ڕایگەیاند پێویستە هەمووان دژی قڕکردنی سەر عەلەوییەکان لە سوریا دەنگ هەڵبڕن.

چیدەم کلیچگون ئوچار تیشکی خستەسەر بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، گوتی: " لە بانگەوازی ئاشتیدا لەبری چەک تیشک دەخرێتەسەر دیموکراسی، لەبری نەژادپەرستی تیشک دەخرێتەسەر کۆمەڵگەی دیموکراتیک، لەبری سیاسەتی نکۆڵی دەوڵەت تیشک دەخرێتەسەر سیاسەتی دیموکراتیک. ئەم سەردەمە پێویستمان بە دیموکراتیکبوونێکە هەموو گەل و باوەڕەکان بە زمانی دایکی خۆیان بدوێین، بە ئاشکرا بۆچوونیان دەرببڕن، پێویستە خاوەنداری بەهێز لە دیموکراسی بکەین".

چیدەم کلیچگون ئوچار بۆ ئەوەی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ بکرێت، پێویستە دەوڵەت و دەسەڵات هەنگاوبنێن، بۆ چارەسەری پرسی کورد دەست لە سیاسەتی نکۆڵی هەڵبگرن، گوتی: "دەبێت هەمواری یاسایی و دادوەری بکەن. بۆیە بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان بۆ ئەوانیش پێوەرێکی یەکلاکەرەوەیە. لایەنێک قسەی خۆی کرد و بانگەوازی مێژوویی کرد. ئەم بانگەوازە مێژووییە سنوورەکانی تورکیای تێپەڕاند. بۆیە دەبێت دەسەڵات و دەوڵەت و هەموو پارتەکانی پەرلەمان قسەی خۆیان بکەن".

چیدەم کلیچگون ئوچار لەکۆتاییدا گوتی: "بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان بۆ هەموو گەلان و پارتە سیاسییەکان و لایەنە کۆمەڵایەتییەکان بوو. پێویستە لەم پرۆسەیەدا هەمووان دەسپێشخەریی بکەن، تەنها بۆ دەسەڵات جێ نەهێڵرێت و دەبێت هەموومان بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ بکەین".

کۆبوونەوەکە دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەکان بەردەوام بوو.