دانیشتنی'چەکی کیمیایی' دواخرا

دانیشتنی دادگایی سەرۆکی ئەنجوومەنی ناوەندی سەندیکای پزیشکانی تورک TTB، دکتۆرشەبنەم کۆرور فینجانچی بەهۆی وتارەکەی سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی گەریلاکان دواخرا.

لەسەر سکاڵای وەزارەتی بەرگری دەوڵەتی تورک کە گوایە "سووکایەتی"ی بە سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندی سەندیکای پزیشکانی تورک (TTB)کراوە. بەهۆی قسەکانی سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە دژی هەرێمەکانی گەریلا لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین لە هەرێمی فیدراڵی کوردستان، سکاڵای یاسایی لە سەردکتۆر شەبنەم کۆرور فینجانچی تۆمارکرا. دانیشتنی دووەمی ئەم دۆسیەیە لە دادگای دووهەمی تاوانەکانی بەرایی یەکەمی ئەنکەرە بەڕێوەچوو. فینجانچی و پارێزەرانی و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری دانیشتنەکە بوون.

پارێزەرانی فینجانچی لە دانیشتنەکەدا، داوای ڕەتکردنەوەی دۆسیەکەیان کرد. بەڵام دادگا داواکەیانی قبوڵ نەکرد.

دادگا دانیشتنەکەی سەبارەت بە وەزارەتی بەرگری بۆ وەرگرتنی لێدوانی بە دۆسیەکە بۆ ٧ی ئایار دواخست.