پۆلیسی ئەڵمانیا ساڵی ٢٠١٨ هەڵیانکوتایە سەر کۆمەڵەى کوردی لە بەرلین و دەرگا و پەنجەرەکانی کۆمەڵەکەى شکاند و چوونە ناو کۆمەڵەکە و لەسەر داوای داواکار گشتی دەستیان بە گەڕان بە دوای "بەڵگەی تاوان دا" کرد، بەڵام دوای ٣ ساڵ لێکۆڵینەوە نەک هیچ بەڵگەیەکیان دەست نەوکەوت، بەڵکو دەبێت قەرەبووی زیانەکانی کۆمەڵەى کوردیی بەرلینیش بکەنەوە و بە بڕیاری داواکاری گشتیش ئەو دۆسیە داخرا.
ئەو لێکۆڵینەوەیە بە پاساوی پووچ و بێ بنەمای هێزە ئەمنییەکانی ئەڵمانیا دەستیپێکردبوو. داواکاری گشتی بە پاساوی ئەوەى چالاکی بۆ پشتیوانی لە عەفرین، کە دەوڵەتی تورک هێرشی کردبووە سەری ئەنجام دەدرێت و لە چالاکی و خۆپشاندانەکەدا "تاوان ئەنجام دەدرێت"، بۆیە فەرمانی بە پۆلیسی کردبوو، هێرش بکەنە سەر کۆمەڵەى کوردی لە بەرلین و کۆمەڵەى جڤاکی ئازاد و ئەوانیش هێرشیان کردە سەر ئەو دوو ناوەندە کوردییە.
دوای ٣ ساڵ لێکۆڵینەوە داواکاری گشتی وتی، "ئەو بەڵگانەى تاوانمان نەدۆزییەوە، کە ئێمە بە دوایاندا دەگەڕاین" و دۆسیەى لێکۆڵینەوەکەى داخست و پشکنین و لێکۆڵینەوەى پۆلیسی بەرامبەر بە کۆمەڵەى کوردی بە ناڕەوا زانی، بۆیە بڕیادرا پۆلیس، قەرەبووی زیانە مادییەکانی کۆمەڵەکە بکاتەوە، کە لە کاتی هەڵکوتانەکەیاندا دەرگا و پەنجەرەکانی کۆمەڵەکەیان شکاندبوو.
لەوبارەیەوە پارێزەر دکتۆر لوکاس توینە بەڕێوەبەری کۆمەڵەى کوردی لە بەرلین رایگەیاند، داخستنی دۆسیەکە لەلایەن داواکارى گشتییەوە تووشی سەرسوڕمانی نەکردووین.
توینە راشیگەیاند، لە ئەڵمانیا لێکۆڵینەوە و هەڵکوتانی پۆلیس بۆ سەر رێکخراوە کوردییەکان بەشێکە لە سیاسەتی تاوانبار نیشاندانی کوردان و ئەوەش لە پێش هەموو شتێکەوە ناهەقی و ناڕەوایە و بەدەریشە لە هەموو پێوەرە یاساییەکان.
توینە ئەوەشی وت، "هەوڵێکی تری تاوانبار نیشاندانی کوردان تێکشکا و بێ ئەنجام بوو".
توینە وتیشی، سکاڵاکەى کۆمەڵەى جڤاکی ئازاد هێشتا لە دادگای باڵای کارلسروە یەکلایی نەبووەتەوە.
چی روویدابوو؟
لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا پۆلیسی ئەڵمانیا هەڵیکوتایەی سەر کۆمەڵەى جڤاکی ئازاد و کۆمەڵەى کوردیی سەر بە ناوەندى کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لە ئەڵمانیا (ناڤدەم - NAV-DEM) و ماڵی بەڕێوەبەرانی ناڤدەم و رێک وەک پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورک لەو هەڵکوتانەیاندا دەرگا و پەنجەرەکانی رێکخراوە کوردییەکانیان شکاند و چوونە ناوە بیناکان.
پۆلیس و داواکاری گشتیی بەرلین بە پاساوی ئەوەى پلانی چالاکییەکەى ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ بۆ عەفرین، کە هەرگیز ئەو چالاکییەش بەڕێوەنەچوو، یاساکانی کاری کۆمەڵەکان پێشێل دەکات، بۆیە پۆلیس دوای هەڵکوتانەکەى چەندین کاتژمێر لە بینای کۆمەڵەکەدا مایەوە و دەستیکرد بە گەڕان و پشکنین و چەندین دەرگایان شکاند و دەستیان بەسەر کۆمپیوتەرەکاندا گرت، تاوەکو گوایە "بەڵگەى تاوان" بدۆزنەوە.
لەو کاتەدا نوێنەرانی حیزبی چەپی ئەڵمانیا و رێکخراوە کوردییەکان لەو وڵاتەدا ئەو هێرشەى پۆلیسیان ئیدانەکردبوو و رایانگەیاندبوو، ئەو هەڵسوکەوتەى دەوڵەتی ئەڵمانیا بە مانای پشتیوانیکردنە لە ئۆپراسیۆنەکانی دەوڵەتى تورکیا لە دژی گەلی کورد.
لە ئەنجامدا و دوای ٣ ساڵ لە لێکۆڵینەوە، داواکاری گشتی رایگەیاند، هەڵکوتانە سەر کۆمەڵەى کوردی ناڕەوا بووە و بڕیاری قەرەبووکردنەوەى کۆمەڵەکە درا و دۆسیەکەى داخست.
ژ.ت