دایکانی شەممە داوای دادپەروەریان بۆ جەمال ئاکار کرد

دایکانی شەممە لە هەفتەی ٩٣٨ هەمینی چالاکییەکەیان لە گۆڕەپانی گاڵەتەسەرای داوای دادپەروەریان کرد بۆ جەمال ئاکار کە ٣١ ساڵ پێش ئێستا لە دەستبەسەریدا کوژرا.

دایکانی شەممە بۆ زانینی چارەنووسی خزمەکانیان کە لە دەستبەسەریدا بێسەروشوێنکراون، هەروەها بۆ دادگایکردنی تاوانباران هەموو هەفتەیەک لە گۆڕەپانی گاڵەتەسەرای کۆدەبنەوە، چالاکییەکەیان گەیشتە ٩٨٣ هەفتە. دایکانی شەممە ئەم هەفتەیە بۆ لێپرسینەوە لە تاوانی کوشتنی جەمال ئاکار کۆبوونەوە، جەمال ئاکار سکرتێری پارتی ئازادی و دیموکراسی (ئۆزدەپ) لە ٢٣ شوباتی ١٩٩٣ لە ئەرزینگان پاش دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی مەدەنییەوە، بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانی لەدەستدا.

هاوسەرۆکی گشتی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) ئەرەن کەسکین دەقی ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە، ڕایگەیاند بۆ لێپرسینەوە لەو تاوانەی ساڵی ١٩٩٣ ڕوویداوە کۆبووینەتەوە. کەسکین ڕایگەیاند هاوکات ئاکار ئەندامی ئیهەدە بووە و چیرۆکی وی گێڕایەوە.

کەسکین داوای لە پایە دادوەری و سیاسییەکان کرد دادپەروەری بۆ دۆسیەی ئاکار بەدی بهێنن و گوتی: "چەند ساڵ تێپەڕێت، ئێمە دەست لە داوای دادپەروەری بۆ جەمال ئاکار و هەموو بێسەروشوێنان بەرنادەین، دەوڵەت ناچاردەکەین بە گوێرەی پێوەر و یاسا گەردوونییەکان ڕەفتار بکات".