دایکانی شەممە لە چارەنووسی ئیحسان حارانیان پرسییەوە

دایک/مرۆڤانی شەممە لە هەفتەی مافەکانی مرۆڤدا ٩٧٧ هەمین چالاکی خۆیان ئەنجامدا، لە چالاکییەکدا لە چارەنووسی ئیحسان حارانیان پرسییەوە کە ٢٤ ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٤ بێسەروشوێن کرا.

دایک/مرۆڤانی شەممە بۆ پرسینی چارەنووسی خزمە بێسەروشوێنەکانیان و کوشتنیان و دادگایکردنی تاوانباران، لە هەفتەی ٩٧٧ دا لە گۆڕەپانی گەڵەتەسەرای کۆبوونەوە، خزمی بێسەروشوێنان وێنەی بێسەروشوێنان و گوڵیان هەڵگرتبوو.

لە چالاکی ئەم هەفتەیەدا، چارەنووسی ئیحسان حاران پرسرا، کە باوکی ٣ مناڵە و لە ٢٤ ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٤ ئەوکاتەی لە ئامەد بۆ چوونە سەر کار لە ماڵ دەرچوو، ئیدی نەگەڕایەوە.

سەرەتا فەیاز یامان قسەی کرد کە حوسامەدین یامانی برای بێسەروشوێنکراوە، گوتی: "سەرەتا دایکم، سەفەت یامان بەبیردەهێنمەوە، کە ماوەیەک پێش ئێستا کۆچی دوایی کرد. دایکێکی تر بەبێ بینینەوەی منداڵەکەی گیانی لەدەستدا. ئەگەر حوسامەدین ژیابا تەمەنی ٤٠ ساڵ دەبوو. دایکم ساڵانە لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا یاداشتێکی دەنووسی. ئیدی هیوای لەدەستدابوو و گوتی؛ "ئیتر من و حوسامەدین لە ژێر خاکدا یەکتر دەبینین". ئەم جوگرافیایە هەمیشە ئەو جوگرافیایە بووە کە نەک هەر منداڵ و دایک و باوک لەیەکتر جیادەکاتەوە، بەڵکو ئێسکەکانیشیان جیادەکاتەوە. ساڵانێکە ئەم ئازارە دەگێڕینەوە. دەبێ بەرپرسیارەکان بزانن باجی ئەم کارانەیان دەدەن".  

ڕاگەیاندراوی ئەم هەفتەیە لەلایەن بەسنا تۆسون خوێنرایەوە کە باوکی، فەهمی تۆسون بێسەروشوێنکراوە، ئاماژەی بەوە کرد ئیحسان جاروبار دەچووە کار و نەدەهاتەوە بۆیە خێزانەکەی بە شتێکی ئاساییان زانی، بەڵام دواتر دەزانن پۆلیسەکان دەستبەسەریان کردووە، بنەماڵەکەشیان هەرچەند هەوڵیاندا بەهۆی ڕێگری پۆلیسەوە نەیانتوانی سکاڵا لای دادگا بکەن. هەروەها باسی لە هەوڵە بێوچانەکانی نسێبە حارانی هاوسەری ئیحسان حاران کرد بۆ گەڕان و دۆزینەوەی هاوژینەکەی.

بەسنا لەکۆتاییدا گوتی: "لە ٢٩ هەمین ساڵیادی بێسەروشوێنکردنی ئیحسان حاران، جارێکی تر بانگەواز دەکەین، کۆتایی بە سیاسەتی بێ سزایی و نکۆڵی بهێنرێت. چەند ساڵ تێپەڕێت، ئێمە هەر چارەنووسی کەسوکارە بێسەروشوێنەکانمان دەپرسین و درێژە بە تێکۆشان دەدەین".