دایکانی شەممە لە کۆمەڵکوژی باسایان پرسییەوە
دایکانی شەممە لە هەفتەی ٩٨٠ هەمیندا، لە چارەنووسی کۆمەڵکوژی باسایان پرسییەوە کە پێش ٢٨ ساڵ ڕوویدا و تێیدا ١١ کەس لەناو مینی پاسێک گولەبارانکران و سوتێنران.
دایکانی شەممە لە هەفتەی ٩٨٠ هەمیندا، لە چارەنووسی کۆمەڵکوژی باسایان پرسییەوە کە پێش ٢٨ ساڵ ڕوویدا و تێیدا ١١ کەس لەناو مینی پاسێک گولەبارانکران و سوتێنران.
دایکان/ مرۆڤانی شەممە بۆ زانینی چارەنووسی خزمە ونبوو و کوژراوەکانیان و دادگاییکردنی تاوانباران، بۆ ٩٨٠هەمین جار لە گۆڕەپانی گاڵەتەسەرای کۆبوونەوە.
ڕاگەیاندراوی خوشکی حەسەن ئۆجاک کە ٢١ ی ئاداری ١٩٩٥ بە ئەشکەنجە کوژرا و تەرمەکەی لە گۆڕستانی بێکەسان دۆزرایەوە، لەلایەن ماسیدە ئۆجاک خوێنرایەوە، ئاماژەی بەوە کرد ٩٨٠ هەفتەیە هاوار دەکەن و بەڵام هێشتاش تاوانباران سزا نەدراون.
ئۆجاک ئاماژەی بە چۆنێتی کوشتن و سوتاندنی دڕندانەی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکەی باسا کرد، هەر ئەوکاتیش بە هەلیکۆپتەر کۆمەڵێک ڕۆژنامەوانیان بردە ئەوێ و لە کۆنفرانسێکدا گوتیان "پەکەکە ئەم کۆمەڵکوژییەی ئەنجامداوە و ئاگربەستیان تێکداوە". ڕێگەیان نەدا گوندنشینان و شایەتحاڵەکان بۆ ڕۆژنامەوانان بدوێن. دوای ئەوەی شاندی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵەی خەبات بۆ ئاشتی چوونە ئەوێ دەرکەوت هەرگیز پەکەکە ئەم کارەی نەکردووە، بەڵکو هێزەکانی دەوڵەت کۆمەڵکوژییەکەیان ئەنجامداوە. دواتر لە ساڵی ٢٠٠٩ وەزیر عەدنان ئەکمان ئەم ڕاستییەی دووپاتکردەوە کە دەوڵەت کۆمەڵکوژییەکەی ئەنجامداوە. لە ساڵی ٢٠١٢ دا، فەرماندەی جەندرمەی شەرناخ سەرباز ئۆزجان تۆزلو لە دادگادا ئیفادەی دا و گوتی: "کۆمەڵکوژییەکە بە فەرمانی فەرماندەی توگای ئەکچای، سەرهەنگ سەڵاحەدین ئوگورلو ئەنجامدراوە". بەڵام هێشتا بکوژان سزا نەدراون.
ئۆجاک لە هەفتەی ٩٨٠ هەمین بانگەوازی لە هەموو پێگە دادپەروەری و سیاسییەکان کرد و گوتی: "داوا دەکەین لە پرسی کۆمەڵکوژی باسا، بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن. وردەکارییەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە ئاشکرا بکەن، لە سزا دەربازبوونی تاوانباران کۆتایی پێ بهێنن و دادپەروەری بەدی بهێنن. چەند ساڵ تێپەڕن ئێمە دەست لە داوای دادپەروەری هەڵناگرین بۆ ئەو ١١ مرۆڤەی لە کۆمەڵکوژی باسای کوژران و هەموو ئەو کەسانەی بێسەروشوێن کراون. بەبیرتان دەهێنینەوە، دەوڵەت ناچارە بە گوێرەی نەریتە یاساییە جیهانییەکان بجووڵێتەوە".
بۆچی باوکی منتان سوتاند؟
پاشان، ئەمینە کایا کچی قوربانییەکی کۆمەڵکوژی باسای ئەحمەد کایا، قسەی کرد.
ئاماژەی بەوە کرد چەند ساڵە بۆ ڕوونکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکان دێنە گۆڕەپانی گاڵەتەسەرای، گوتی: "باوکی منیان کوشت و سوتاند. دوای کوشتنی، بۆچی سوتاندتان؟ ئەم شەرمە چۆن دەشارنەوە؟ ئێمە بۆ نەشاردنەوەی ئەم شەرمە و بەدیهاتنی دادپەروەری لێرەین. بەداخەوە لەم وڵاتە دادپەروەری نییە. کاتی ڕووداوەکە مناڵێکی بچوک بووم، ئەمڕۆ پیربووم و هێشتا داد و ئاشتیم دەوێت. با ئیتر کەس نەمرێت و کۆمەڵکوژی ڕوونەدات".
"لە ٨ ساڵییەوە باوکم لەدەستدا"
کچێکی تری ئەحمەد کایا، لەیلا کایا ئاماژەی بەوە کرد لەیادی ماوە چۆن سەربازەکان باوکیان دەستبەسەر کردووە، گوتی: "لە ٨ ساڵییەوە باوکم لەدەستدا و نەمتوانی بخوێنم، ئێمە تاوانمان چییە؟ با وەڵاممان بدەنەوە".
پاشان بەشداربووان گوڵیان لەسەر پەیکەری گەڵەتەسەرای دانا کە بە پۆلیس گەمارۆدرابوو.