'دەبێت فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجالان لەناو گەلی قوبرسدا بڵاوبکرێتەوە'
پەرلەمانتاری قوبرس لە پەرلەمانی ئەوروپا نیۆکلیس سیلیکیۆتیس رایگەیاند، کتێبەکانی عەبدوڵا ئۆجالان دەبێت لە قوبرس زیاتر هەبن و وتی، "زۆر گرنگە گەلی قوبرس فەلسەفەی ئۆجالان بناسێن".
پەرلەمانتاری قوبرس لە پەرلەمانی ئەوروپا نیۆکلیس سیلیکیۆتیس رایگەیاند، کتێبەکانی عەبدوڵا ئۆجالان دەبێت لە قوبرس زیاتر هەبن و وتی، "زۆر گرنگە گەلی قوبرس فەلسەفەی ئۆجالان بناسێن".
سیاسەتمەداری قوبرسی نیۆکلیس سیلیکیۆتیس باسی لەوەکرد کە شۆڕشی رۆژئاوا بۆ قوبرس نمونەیەکی مێژوییە و بووەتە سەرچاوەی سوودوەرگرتن.
پەرلەمانتاری قوبرسی پەرلەمانی ئەوروپا نیۆکلیس سیلیکیۆتیس قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و رایگەیاند: "زۆر دەمێکە بزوتنەوەی ئازادی کورد دەناسم، لە ساڵانی ١٩٨٠ەوە کە لە ئەڵمانیابوون پەکەکە دەناسم. بەڕێز ئۆجالان بەهۆی هەڵوێستێکی یۆنانەوە کە مایەی قەبوڵکردن نییە دەستگیرکرا. هەر ئەو کات رەخنەمان لەو هەڵوێستەی یۆنان گرت. بۆ ئێمە جێگەی شەرمەزاریەکی گەورەبوو. من ئاگاداری سەرجەم قۆناغەکانی دەستگیرکردنی ئەوم و هەر ئەو کات ناڕەزایەتیمان دەربڕی. کاتێک دادگاییکرا و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا فراکسیۆنی چەپ لە پەرلەمانی ئەوروپا ناڕەزایەتی گەورەی نیشاندا. لەم ساڵانەی دواییدا جێگری سەرۆکی فراکسیۆن بووم و هەموو ساڵێک چالاکیمان لەپێناو کوردستان ساز دەکرد. بۆ ئەوەی تێکۆشانی کوردان نیشان بدەین لە هادەپەوە تا پەیەدە لە سوریا ئێمە بانگهێشتی کوردمان دەکرد و بەردەوام پرسی ئازادکردنی ئۆجالانمان دەهێنایە بەرباس.
وەک فراکسیۆنی چەپ و ئەی کە ئی ئێڵ هەرگیز قەبوڵی ناکەین کە بزوتنەوە رزگاریخوازەکان وەک تیرۆریست پێناسەبکرێن. دەبینین کە تورکیا ئەو کەسانەی بۆ ئازادی گەل تێدەکۆشن بە ئاسانی بە تیرۆریست تۆمەتبار دەکات. بابەتێکی دیکە کە پەیوەست بە عەبدوڵا ئۆجالن مایەی قەبوڵکردن نییە، ئەوەیە کە لە ژووری تاکەکەسیدا رادەگیرێت، کە ئەوەش لە سیستمی دادوەری تورکیا و ئەوروپادا جێگەی نابێتەوە. ماوەی نزیکەی سێ ساڵیشە ناتوانێت پارێزەر و کەسوکاری خۆی ببینێت. ئەوەش پێشێلکردنی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە. ناتوانن مرۆڤێک لەو ئاستەدا گۆشەگیر بکەن. ئەوە شێوازێکی ئەشکەنجەیە.
عەبدوڵا ئۆجالان تێکۆشانێکی بێهاوتا بەڕێوەدەبات و ئەوەش راستیەکە. تا ئەو تێکۆشانە هەبێت چەندەش گوشار بکەن، ناتوانن لەبەردەم تێکۆشانی ئازادی کورد ببنە لەمپەر. بەپێچەوانەوە، تێکۆشانی گەلی کورد زیاتر گەورە دەبێت. نەک هەر لە تورکیا، لە سوریا، لە عێراق و ناوچەکانی دیکە. ئەوەش دەریدەخات کە دەوڵەتێکی دیکتاتۆر لە بەرامبەر سەرۆکی گەلی کورد چەندە رێکاریش بگرێتەبەر، ناتوانێت رێگری لە رۆڵی ئەو بکات لە ناو تێکۆشانی ئازادی گەلی کورددا".
نیۆکلیس سیلیکیۆتیس لە درێژەدا سەرنجی بۆ سەر شۆڕشی رۆژئاوا راکێشا و وتی، "لە چالاکیەکانی پەرلەمانی ئەوروپادا ئێمە پشتیوانی زۆر لە مۆدێلی رۆژئاوا دەکەین، ئەوەی نمونەیەک لە پێگە و هەڵوێستی عەبدوڵا ئۆجالانە؛ ئازادی ژن، پاراستنی ژینگە، ژیانی پێکەوەیی و دیموکراسی لە ئاوێتەی مۆدێلی رۆژئاوابوون. نمونەیەکە کە بەردەوام باسی دەکەین. لەبەر ئەوەی کورد لە رووی مێژووییەوە بۆ ساڵانێکی زۆر بە ئایین، شێخ و مەلاوە بەسترابووەوە، لە سایەی پەکەکەوە پێناسەکانی دیموکراتیک، کۆلەکتیڤ و ئیکۆلۆژیک خوڵقێندران.
شۆڕشی رۆژئاوا بۆ قوبرس نمونەیەکی مێژووییە. ئەوە بۆ ئێمە سەرچوەی سوودوەرگرتنە. وەک چۆن مرۆڤەکان لە رۆژئاوا، عەرەب و کورد لە ناو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا بە شێوەیەکی یەکسان دەژین و بەرپەرچی نەتەوەپەرستی دەدەنەوە، ئەو پاڕادایمەش دەریدەخات رۆمەکان لە قوبرس دەتوانن بە شێوەیەکی دیموکراتیک لەگەڵ گەلانی دیکەدا بژین، پێویستیان بە هێزێکی دیکەی باڵادەست و هێزێکی پاراستنی جیا نییە".
سەبارەت بە هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' نیۆکلیس سیلیکیۆتیس وتی، "تورکیا بە زیندانی کردنی عيبدوڵا ئۆجالان دەیویست بزوتنەوەی ئازادی کورد پاکتاو بکات. ئەمە رووینەدا، بە پێچەوانەوە لە دۆخی دیلگرتندا شۆڕشێکی نوێی خوڵقاند. ئەو کەمپینە زۆر گرنگە، بابەتێکە کە ماوەیەکی زۆرە باسی دەکەین. بۆ ئەوەی پرسی کورد بە شێوەیەکی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت، دەبێت سەرۆکی گەلی کورد ئازاد بکرێت. گۆشەگیری بە کەڵکی چارەسەری کێشەکە نایات، بەڵکوو کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە. بۆیەش دەبێت پشتیوانی نێونەتەوەیی بەهێزتر بکرێت. بۆ چارەسەری دیموکراتیک و یەکسان. بۆ راگرتنی شەڕ، دووپاتی دەکەمەوە کە دەبێت دەستبەجێ عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت".
لە کۆتایی قسەکانیدا نیۆکلیس سیلیکیۆتیس وتی، "لەهەموو کارەکاندا ئێمە لەگەڵ کوردداین. چی دەکەن، با بیکەن، ئێمە پشتیوانی لەوان دەکەین، خۆی لە خۆیدا ئێمە هەموو کات پشتیوانیمان دەەربڕیوە. روانینێکی زۆر ئەرێنیمان لەسەر کورد هەیە. ئەو کەمپینە زۆر گرنگە. لە رێگەی ئەو کەمپینەوە دەبێت ئێمە زیاتر لە کارەکانی ئۆجالان لە زیندانەوە، لە پێشنیازەکانی بۆ ئاگربەست، کارەکانی لەپێناو کۆمەڵگا، کار و بەرهەمەکانی لە رۆژئاوا زیاتر تێبگەین. دەبێت ئەوە بۆ گەلی قوبرسیش باس بکەین. هەربۆیە بە بڕوای من دەبێت کتێبەکانی ئۆجالان بە زمانە جیاجیاکان وەربگێڕدرێنەوە. بەتایبەتی لە قوبرس زۆر کەمن. دەبێت زیاتر بکرێن. زۆر گرنگە کە ئەندێشە، فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای عەبدوڵا ئۆجالان لەناو گەلی قوبرسدا بڵاوببێتەوە".
هـ . ب