'دەبێت تێکۆشان لە پێناو ئازادی عەبدوڵا ئۆجالاندا بێ وچان و هەمیشەیی بێت'
هاوسەرۆکی ماف-دەر مەحمود شاکار ئاماژەی بەوەکرد، کە بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەبێت تێکۆشانی کۆمەڵایەتی بەردەوام و هەمیشەیی ئەنجام بدرێت.
هاوسەرۆکی ماف-دەر مەحمود شاکار ئاماژەی بەوەکرد، کە بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەبێت تێکۆشانی کۆمەڵایەتی بەردەوام و هەمیشەیی ئەنجام بدرێت.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ماف-دەر پارێزەر مەحمود شاکار سەبارەت بە گۆشەگیری توند لە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و تێکۆشانی یاسایی لە دژی ئەو گۆشەگیرییە لەسەر ئاستی رێکخراوە نێونەتەوەییەکان، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
شاکار ئەوەی خستەڕوو، کە دوورگەی ئیمراڵی کە عەبدوڵا ئۆجالان تیایدا راگیراوە، لە یەکەم رۆژەوە لە یاسا بێ بەش کراوە و وتی، "بەڕێز ئۆجالان لەو رۆژەوەی براوەتە دوورگەی ئیمراڵی تائێستا رووبەڕووی گۆشەگیری و دابڕاندن بووەتەوە. ئەو خەبات و چالاکیەی لە رووی دیپلۆماسی و یاساییەوە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی لە بارەی بەڕێز ئۆجالانەوە دەکرێت، لەو رۆژەوەی براوەتەوە دوورگەی ئیمراڵی دەستیپێکرد. ئەوەش قۆناغێکی نوێ نییە. قۆناغی ئیمراڵی کە ٢٥ ساڵە لە هەمان ئاستدا لەرووی یاسای ناوخۆیی و نێونەتەوەییەوە پڕۆژەیەکی تێکۆشانە. لە ساڵی ١٩٩٩ بەدواوە بە تایبەتی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، دۆسیەی جیاجیا کرانەوە، سەبارەت بە هەلومەرجەکانی دابڕاندن و مافە بنچینەییەکان.
لەگەڵ ئەوەش سەرلێدانەکان بۆ رێکخراوەی رێگری لە ئەشکەنجەی سەر بە ئەنجومەنی ئەوروپا هاتە ئاراوە. راپۆرتەکانی ئەوان بڵاوکرانەوە. وەک پارێزەرانیش ئێمەش سەبارەت بە دۆخی بەڕێز ئۆجالان ماوەیەکی زۆرە دیدار ئەنجام دەدەین. بە شێوەی نوسراو لە هەموو گەشەسەندنەکان ئاگادارین. ئێمە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، سی پی تی، لە رێگەی میکانیزمە سیاسیەکانی ئەنجومەنی پەرلەمانی ئەنجومەنی ئەوروپا، کۆمیسیۆنە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی ئەوروپا، ئەنجومەنی وەزیران ژمارەیەکی زۆر دیدار هەبووە و ئاگادار کرانەتەوە.
لە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا تائێستا چەندین دۆسیە کراونەتەوە. لە ساڵی ٢٠٢١دا هەڤاڵانمان لە کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکاندا پەیوەست بە دۆخی گۆشەگیری بەڕێز ئۆجالان سەرلێدان کرا. کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دژی تورکیا بڕیاری گرتنەبەری رێکاری دەرکرد. داوای کرد کە پارێزەران بتوانن دیدار ئەنجام بدەن".
تورکیا یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات
شاکار ئەوەی خستەڕوو کە لە ئەنجامی تێکۆشانی یاساییدا لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی، بە درێژایی قۆناغی ٢٥ ساڵە لە پێناو ئازادی رێبەری گەلی کورددا هەندێک بڕیار دراون و بەم جۆرە دواوە: "ساڵی ٢٠٠٥ بڕیارێکی دادگا دەرچوو کە دادگاییکردنی ئیمراڵی نادادپەروەرانە بووە. ساڵی ٢٠١٤ بڕیارێک دەرچوو کە تیایدا هاتبوو هەلومەرجی دابڕاندن بە گوێرەی ماددەی سێهەم نییە، واتە قەدەغەی ئەشکەنجە پێشێل کراوە. هەرلەو ساڵەدا بڕیاردرا کە سزای هەتاهەتایی توندکراو، پێسێلکردنی قەدەغەی ئەشکەنجەیە. لە راپۆرتەکانی سی پی تیدا داواکاری خراوەتەڕوو. بریاری گرتنەبەری رێکار لە لایەن کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئارادایە. بڕیاری ئەرێنیش هەیە کە میکانیزمەکانی یاسای نێونەتەوەیی، دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لەبارەی بەڕێز ئۆجالان لە دژی تورکیاوە دەرکراوە. تورکیا پێداگرە لە سەر جێبەجێنەکردنی ئەو بڕیار و پێشنیازانەی رێکخراوە نێونەتەوەییە جیاجیاکان خستوویانەتەڕوو.
تائەمرۆ لە رووی یاسای ناوخۆیی تورکیاوە یەک وەڵامی ئەرێنیش نەدراوەتەوە. یاسای ناوخۆیی تورکیا بەڕووی بەڕێز ئۆجالاندا داخراوە. لەم خاڵەدا ئەستەمە مرۆڤ لە چوارچێوەی یاسای ناوخۆییدا مافێک بەدەستبهێنێت. یاسای ناوخۆیی تورکیا بەشێکە لە گۆشەگیری. دەمەوێت بڵێم کە دۆخی بەڕێز ئۆجالان لەلایەن میکانیزم و یاسای نێونەتەوەییشەوە بازنەیەکی کێشەکەیە. سی پی تی بە هێزەوە لە پشت بڕیارەکانی خۆیەوە نییە و داکۆکیان لێناکات. وەک پێویست میکانیزمەکانی خۆی لە دژی تورکیا بەکارناهێنێت. کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوروپا کە بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، هیچ گوشارێک ناخاتە سەر تورکیا و هەڵوێست نیشان نادات.
ئەو رێکخراوانە هەڵوێستی روون و جدی ناگرنەبەر، بەدوای بریارەکانی خۆیاندا ناچن و هەڵوێستێک پەیڕەو ناکەن تاکوو تورکیا بڕیارەکان جێبەجێ بکات، ئەمەس بە واتای ئەوە دێت کە جۆرە رێککەوتنێکی شاراوە یان رەنگە ئاشکرا لە نێوانیاندا هەیە. ئەوەش لەمپەرێکی سەرەکی کێشەکەیە. گۆشەگیری هەرچەندە لەلایەن تورکیاوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام رێکخراوە و دامەزراوە نێونەتەوەییەکانیش رۆڵیان لەوەدا هەیە. ئێمە دەتوانین باس لە مامەڵەیەکی دەبڵ ستاندەر و کێشەیەکی دوولایەنە بکەین. ٢٥ ساڵە نەک هەر لە رێگەی دامەزراوە یاساییەکان، لەگەڵ لایەنە سیاسیە جیاجیاکانیش خەباتێکی هاوبەش ئەنجام دەدرێت. ساڵی رابردوو لە ئەوروپاوە ٣٠٠ پارێزەر داواکارییان پێشکەش بە وەزارەتی دادکرد و داوایان کرد سەردانی تورکیا بکەن و چاویان بە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بکەوێت و ئەرکی پارێزەرایەتی ئەو لە ئەستۆ بگرن. ماوە ماوە شاندی مافناسان سەردانی تورکیایان کرد. لە شوێنی خۆیانەوە چاودێرییان کرد. لە ئەوروپا خەباتەکان لە دژی گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان بەردەوامە. تاکۆتاییهاتنی ئەو کێشەیە، ئەو خەباتەش بەردەوام دەبێت".
ئازادی ئۆجالان بۆ لایەنە دیموکراسیخوازەکان بابەتێکی شکۆمەندییە
شاکار راگەیاند، بۆ ئەوەی رێکخراوە نێونەتەوەییەکان کە بەرامبەر ئازادی ئۆجالان لە سستی و بێکاریگەریدان، بکەونە جوڵەوە، گوشاری کۆمەڵایەتی پاڵنەڕێکی باش دەبێت و وتی، "دۆخی بەڕێز ئۆجالان تەنیا یاسایی نییە، ئەو لەهەمان کاتدا کاراکتەرێکی سیاسی جددیی و کاریگەرە. ئەوەندەی تێکۆشانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و یاسایی بەرەوپێش بچێت، رێکخراوە نێونەتەوەییەکانیش لە دژی گۆشەگیری هەستیار دەبن. ئەو تێکۆشانەی گەلی کورد و دۆستانیان لەبواری سیاسی، یاسایی، دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتیدا بەڕێوەیدەبەن، زۆر گرنگە. بە ئامانجی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' کەمپینێکی بەرفراوان دەستیپێکردووە. مافناسانی نێونەتەوەییش بۆ ئەم کەمپینە هەستیار بوون.
دۆخی بەڕێز ئۆجالان هەم لە رووی قەیران لە پرسی کورد، هەمیش لە رووی سیاسییەوە بە هۆی سیستمی تاکڕەوی لە تورکیا هاتووەتە ئاراوە. کەشێکی سیاسی لەئارادایە کە تەنیا بەڕێز ئۆجالان دەتوانێت چارەسەری بکات. بڵاوبوونەوەی پاڕادایمەکەی، پەسەندبوونی ئەو، توانا و لێوەشاوەیی ئەو لە چارەسەری سیاسی، هەموو ئەوانە دەبنە مایەی ئەوەی لەبارەی بەڕێز ئۆجالانەوە هەستیارێک لە ئارادابێت. لە ئەوروپا بە تایبەتی بە پێشەنگایەتی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و کەسایەتیە سیاسیەکان هەوڵێک لە ئارادایە. کتێبەکانی بە شێوەی بەکۆمەڵ دەخوێندرێنەوە، پانێل لەبارەیەوە سازدەکرێت. تێکۆشانێک لە دژی گۆشەگیری لەئارادایە کە سیاسەتمەداران، مافناسان و ئەکادیمیەکانیش لەناو ئەو تێکۆشانەدا بەشدارن. تێکۆشانێک لە ئارادایە کە ئازادی ئۆجالان بە بنەما دەگرێت. ئامادەکاری بۆ کۆنفڕانسێک دەکەین لە مانگی ئادار. بۆ ئەوەی مافناسان سەردانی تورکیا بکەن، هەوڵەکانمان لە ئارادان. لە رووی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی هەرەوەزیدا ئێمە لەگەڵ مافناساندا خەباتێک بەڕێوەدەبەین.
ئەو هەڵوێستەی بنەماڵەکان و زیندانیان گرتوویانەتەبەر، هەستیاریەکانی زیاتر کردووە. لەناو ئەم تێکۆشانە فرە رەهەندە بەرفراوانەدا مافناسانیش بەشدارن لە ناو هەڵمەت و کەمپینە بەرفراوانەکاندا و پشتیوانیان لێدەکەن. لە سێ ساڵی رابردوودا ئێمە بە هیچ جۆرێک هیچ هەواڵ و زانیارییەکمان لە بارەی بەڕێز ئۆجالان و هاوڕێکانیەوە نییە. شکاندنی گۆشەگیری چڕ نەک هەر لە لایەن کوردانەوە، لەلایەن لایەنە دیموکراسیخوازە نێونەتەوەییەکانیشەوە بووەتە بابەتێکی شکۆمەندی. ئەو تێکۆشانەی هەم لە پارچەکانی کوردستان، هەم لە ئەوروپا و هەموو شوێنێکی جیهان بەڕێوەدەبرێت، دواجار دەکاتە ئەنجام. بۆ ئەوەی رێکخراوە یاساییە نێونەتەوەییەکانیش رۆڵی خۆیان بە جێبگەیەنن و بە هەستیاری مامەڵە بکەن، دەبێت هەستیاریە بێتە ئاراوە. دەبێت تێکۆشانی کۆمەڵایەتی بەردەوام بێت. من لەو بڕوایەدام کە بە تێکۆشانێکی بێ وچان و بەردەوام گۆشەگیری تێکدەشکێندرێت و هەڵدەگیرێت".
هـ . ب