دەم پارتی: هاوبەشی ئازارەکانی یەکتر دەبین، پێکەوە برینەکانمان ساڕێژ دەکەین

هاوسەرۆکانی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان، پەیوەست بە ئاگرەکەی ئامەد و مێردین گوتیان: "هەرگیز گەلەکەمان بە تەنیا جێ ناهێڵین، هاوبەشی ئازارەکانی یەکتر دەبین، پێکەوە برینەکانمان ساڕێژ دەکەین".

هاوسەرۆکانی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا هیوای سۆز و میهرەبانی خودا بۆ قوربانیانی ئاگرەکە دەخوازن و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازن.

ڕایدەگەیەنن لە سەرەتای ئاگرەکەوە شارەوانییەکانی ئامەد و مێردین و وان و شارەوانی ناوچەکانی دەوروبەر ئامێر و دەرفەتەکانی خۆیان سەفەربەر کردووە و چوونەتە هانای گەلی هەرێمەکەوە، هەروەها هاوسەرۆکانی دەبەپە و ئەندامانی دەم پارتی و هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان و ناوچەکان ڕوویانکردۆتە هەرێمەکە و هاوبەشی ئازاری گەل بوون.

هاوسەرۆکانی دەم پارتی دەڵێن: "بەدەمەوەهاتنی دەوڵەت درەنگ بووە. هەروەها لێقەوماوان و هاوڵاتیان ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر ڕاگەیاندراوی پارێزگاری ئامەد کە گوتبووی ئاگرەکە بەهۆی سوتانی پووش و پەڵاشەوە کەوتۆتەوە، دووپاتیان کردەوە بەهۆی تەلی کارەباوە بووە کە ساڵانێکە چاک نەکراونەتەوە، تەلەکان پچڕاون و بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکە. پێویستە دەمودەست لێکۆڵینەوە بکرێت و هۆکاری کارەساتە مەزنەکە بدۆزرێتەوە، زەرەر و زیانی گوندنشینان قەرەبوو بکرێتەوە."

لە کۆتاییدا دەڵێن: "ئێمە هەرگیز گەلەکەمان بەتەنیا جێناهێڵین کە بەهۆی ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، هاوبەشی ئازارەکانی یەکتر دەبین، پێکەوە برینەکانمان ساڕێژ دەکەین".