دەم پارتی خۆی بۆ گردبوونەوەی گەورەی ٢٥ی شوبات ئامادە دەکات

دەم پارتی ٢٥ی شوبات 'گردبوونەوەی دیموکراسی و ئازادی' ساز دەکات و بۆ بەشداری لەو گردبوونەوەیە بانگەوازی راگەیاند.

رێکخستنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە ئیستەنبوڵ بۆ پشتیوانی لە "رێپێوانی گەورەی ئازادی" کە لە نێوان ١-١٥ی شوبات بە داواکاری ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد بە رێگەی دیموکراتیل ئەنجامدرابوو، لە ٢٥ی شوباتدا لە گۆڕەپانی ئەسەنیورتی ئیستەنبوڵ گردبوونەوەیەک ساز دەکات.

سەبارەت بە گردبوونەوەکە لە بینای رێکخستنی ئیستەنبوڵی دەم پارتی کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنیەکان سازکرا.

هاوسەرۆکی ئیستەنبوڵی دەم پارتی گۆنجا یانگۆز دەقی راگەیەندراوەکەی خوێندنەوە و وتی، بە پێشەنگایەتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری هەوڵی ئەوە لە ئارادایە کە دیزانێکی نوێ لە جیهاندا ئەنجام بدرێت. یانگۆز ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەو دیزاینکردنەوەیە زۆر قەیران بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئەو پلانە لە کوردستان و تورکیا بە رێگەی "پرۆژەی داڕوخاندنی کۆمەڵایەتی" جێبەجێ دەکرێت. یانگۆز لە درێژەدا وتی، کە نوێنەری خۆجێیی ئەم پرۆژەیە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەیە و رایگەیاند: "ئاکەپە-مەهەپە بە سیاسەتی فاشیستی لە دژی هەموو توانا و دینامیکەکانی کۆمەڵگا شەڕ دەکەن. هەموو مافەکانی مرۆڤ و ئازادی پێشێل دەکەن و لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی ئابووری و سیاسیدا کۆمەڵگایان خستووەتە ناو قەیرانێکی گەورەوە. بەوەش ئامانجیانە کە راستی کۆمەڵایەتی گۆشەگیر بکەن".

یانگۆز هەر لە درێژەدا ئاماژەی بە گرنگی "رێپێوانی گەورەی ئازادی" کرد کە لە دوو باسکەوە لە کوردستان ئەنجامدرابوو و لەو رووەوە وتی، "بە مەبەستی تێکشکاندنی گۆشەگیری کە دەیانەوێت لە کەسایەتی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا بیسەپێنن، رێپێوانەکە دەستیپێکرا و هەستیاری کۆمەڵگایان لەسەر بابەتەکە زیاتر کرد. بەشداربووانی رێپێوانەکانی ئازادی کە لە سەرەوە تا خوارەوە بە هەموو کوردستاندا گەڕان، راستییان هاوارکرد، یادگەی کۆمەڵگەیان بە زیندوویی راگرت و جارێکی دیکە نیشانیاندا کە بە تێکۆشانێکی کۆمەڵایەتی دەتوانرێت فاشیزم لەناوببرێت".

یانگۆز باسی لەوەشکرد، کە وەک بەرگریکاران و داکۆکیکاران لە هێڵی سێهەم وتە و داوای گەلەکەیان جێبەجێ دەکەن، بە راستی ئەوان چالاکیەکانی هەڵبژاردن دەگۆڕن بۆ تێکۆشانی کۆمەڵایەتی. یانگۆز بۆ "گردبوونەوەی دیموکراسی و ئازادی" کە لە ٢٥ی شوباتدا لە گۆڕەپانی ئەسەنیورت بەڕێوەدەچێت داوای بەشداربوونی کرد و وتی، کە ئەو گردبوونەوەیە بانگەوازی ژیانی نوێیە.

هـ . ب