دەمیرتاش: بەرخۆدان دژی زوڵم ڕەوایە، ئێمە بەرخۆدان دەکەین

هاوسەرۆکی گشتی پێشووی هەدەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاش لە دانیشتنی دۆزی کۆبانێ گوتی: "ئێمە بەرخۆدان دەکەین، لە زیندان بەرخۆدان دەکەین، لە پەرلەمان بەرخۆدان دەکەین. بەرخۆدان دژی زوڵم ڕەوایە".

دۆزی کۆبانێ، لە دادگای سزای قورسی ٢٢ هەمینی ئەنقەرە لە کەمپی زیندانی سینجان بەردەوام بوو. نوێنەری چەندین کەسێتی و نوێنەری پارت و ڕێکخراوەکان بەشداربوون.

سیاسەتمەدارانی زیندانیکراو سەباحەت تونجەل و ئاینور ئاشان و گونای کوبیلای و بوڵەنت پارماکسیز و عەلی ئورکوت و نەزمی گور لە هۆڵی دادگا ئامادەبوون، هەروەها سیاسەتمەدارانی زیندانەکانی تر لەڕێگەی سیستەمی دەنگ و ڕەنگەوە بەشداربوون.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، سوپاسی ئەوانەی کرد بەهۆی مردنی باوکییەوە سەرەخۆشیان کردبوو، گوتی: "بەرگرییەکەی خۆم پێشکەشی باوکم وەستا تاهیر دەکەم، ئەو خوێندن و نووسینی نەدەزانی، بە ڕەنجی خۆی ٧ مناڵی پێگەیاند".

ئاماژەی بەوە کرد دەوڵەت بە زۆرەملێ خاک و زێدی ئێمەی داگیرکردووە، ئەوەی پەیمانی فەزیڵەت و چاکەکاری شێواندووە دەوڵەتە، ئەگەر لە تاوانبارێک دەگەڕێن، ئەوە ئێمە نین، ئێمە قوربانی دەستی ئێوەین.

دەمیرتاش ئاماژەی بەوە کرد داعش و ئەو گرووپە توندڕەوانەی ژیانیان لەسەر باوەڕی دۆگما پێکەوەژیانیان تێکداوە، هەروەها ئەوانەی تەنها دەیانەوێت سکی خۆیان تێربکەن و درێژە بە نەوەکانیان بدەن، هۆمۆ سایپێنسن، هیچ پەیوەندییەکان بە چاندەوە نییە، گوتی: "ئەگەر پەیمانی چاکەکاری تێکدراوە و دەرفەتی ژیانی هاوبەش نەماوە، ئەوە تاوانی ئێمە نییە".

گوتی: "ئێمە تەنها ناموس و ناسنامەی گەلەکەمان پاراست و مافی ژیانمان لەسەر خاکەکەمان پاراست. وڵاتی خۆمانە، خاکی خۆمانە، ڕەنجی خۆمانە. ئەنقەرەمان داگیر کردووە؟ هاتووین زمان و چاند و باوەڕی گەلان قەدەغە بکەین؟ تورک لە دژی داگیرکاری دەرکەوتن؟ یۆنانی، بیزەنتی، ئینگلیز هەبوون و تورکان دژی ئەوان بەرخۆدانیان کرد. کاتێک کورد بەرخۆدان دەکات بۆ پێی دەڵێن تیرۆریست؟".

پاشان دەمیرتاش تیشکی خستەسەر پەیوەندی مێژوویی نێوان کورد و تورک. دواتر گوتی: "ئێمە بەرخۆدان دەکەین، لە زیندان بەرخۆدان دەکەین، لە پەرلەمان بەرخۆدان دەکەین. بەرخۆدان دژی زوڵم ڕەوایە. ئێوە شەو و ڕۆژ بۆ غەززە بانگەوازی بەرخۆدان دەکەن. بانگی ناڕەزایەتی دەکەن. بۆچی ئەمە تاوان نییە، بۆچی داوای سەربەخۆیی دەکەنە تاوان! تاکە ڕێگەی چارەسەری پرسی کورد: قبووڵکردنی هەبوونی کوردە، ئێمە سەر نەوی ناکەین. ئێمە ئامادەین بۆ پێکەوەژیان، بەڵام تا کۆتایی دژی ئەم زیهنیەتە بەرخۆدان دەکەین".

دانیشتنەکە سبەی کاتژمێر ١٠:٠٠ بە بەرگری دەمیرتاش بەردەوام دەبێت.