دەمیرتاش: دەوڵەت بەدەستی مەهەپەیە و هاوکارە بچوکەکەی ئاکەپەیە

سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕایگەیاند، ئاکەپە-مەهەپە و ئەرگەنەکۆن پاش سەرکەوتنی هەدەپە لە هەڵبژاردنی ٧ ی حوزەیران هاوپەیمانییەکیان دامەزراند و گوتی: "دەوڵەت ئێستە بەدەستی مەهەپەیە، ئێستە مەهەپە دەسەڵاتدارە".

دانیشتنی دۆزی کۆبانێ لە کامپی زیندانی سینجان، بە بەرگری هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، سەڵاحەدین دەمیرتاش بەردەوام بوو. سەڵاحەدین دەمیرتاش و چەند سیاسەتمەدارێک لەڕێگەی سیستەمی دەنگ و دیمەنەوە بەشداربوون.

دەمیرتاش ڕایگەیاند، دۆزی کۆبانێ ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتە و گوتی: "ئێمە ڕووبەڕووین لەگەڵ پیلانگێڕیی بەردەوامی سیاسەت و سەرمایە و چاپەمەنی و بیرۆکراسییەت". دووپاتی کردەوە، لەڕێگەی دۆزی کۆبانێوە فەرمان و دیزاینێکی نوێ ئافرێنراوە.

دەمیرتاش ڕایگەیاند، ئەوەی هەدەپە بەدەستی هێناوە کەس نەیتوانیوە بەدەستی بخات، بۆیە بە سەرکەوتنی هەدەپە ناڕەحەت بوون.

دەمیرتاش ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی پێشکەوتنی کوردەوە هاوپەیمانی ئەردۆگان-باخچەلی پێکهات و هێزی نەژادپەرستی مەهەپە دەسەڵاتدارە، خاوەنی دەوڵەتە، گوتی: "نابێت مرۆڤ بڵێت هاوپەیمانی کۆمار، دەوڵەت ئێستە بەدەستی مەهەپەیە، ئێستە مەهەپە دەسەڵاتدارە. ئەمە هاوپەیمانییەکی بچوک نییە. هاوکاری بچوکی ڕاستەقینە ئاکەپەیە. ئەگەر وەها نەبینین، هەڵە دەکەین. ئەگەر بڕوانینە دادگای باڵا، ئەم ڕاستییە بەدی دەکەین".

دەمیرتاش دووپاتی کردەوە، ئەم سیستەمی دەوڵەتە نوێیە، پاش ئەزموونی سەدەیەک دەوڵەتیان هێنایە ئەو شوێنەی دەیانەوێت، بەڵام ئێمە بەرخۆدان دەکەین. ئاماژەی بەوە کرد، پاش کودەتاکەی گرووپی فەتحوڵا گولەن، مەهەپە و ئەرگەنەکۆنە نەژادپەرستەکان، ئەردۆگانیان لە دەسەڵات هێشتەوە، بەڵام توانیان دەست بەسەر دەسەڵات و دەوڵەتدا بگرن و بە کەیفی خۆیان بیجووڵێننەوە، بەمەش باخچەلی گەیشتە ئامانجەکەی.

دەمیرتاش دووپاتی کردەوە، لەڕێگەی ئەم دۆزەوە دەخوازرێت، قۆناغی دامەزراندنی ڕژێمێکی نەژادییە. ئۆپۆزیسیۆنیش لەپاش هەڵبژاردنەوە هەموو دەرفەتێکی فەوتاندووە، ئۆپۆزیسیۆن ناتوانێت بە کورد بڵێت کورد بە سۆسیالیست بڵێت سۆسیالیست، پێویستە هەموو شت بەڕوونی بگوترێت. قایلبوون بەوەی ئۆپۆزیسیۆن ناتوانێت ڕێگەیان لێ بگرێت.

لەکۆتاییدا دەمیرتاش جەختی کردەوە، پێویستە هەمووان کۆببنەوە و لەسەر نەخشەڕێگایەکی نوێ ڕێکبکەون و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیش ئەم ئەنجامە لەبەرچاو دەگرێت، ئەمەش دەبێتە مایەی ئاشتییەکی درێژخایەن. کاری ڕۆشنبیر و کاری سیاسەت بە پەنابردن بۆ چەک نابێت، دەبێت پەنا ببرێت بۆ چارەسەر.

دادگا نرخاندن بۆ ڕەوشی دەستبەسەرکردن دەکات و دانیشتنەکەی دواخست بۆ سبەینێ.