هەماهەنگی گشتی چاودێری مانگرتن لە خواردن لە بارەگای گشتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیحد) لێدوانی ڕۆژنامەنووسی بڵاوکردەوە.
ئەندامانی کۆمەڵەی پارێزەران بۆ ئازادی (ئۆهەد)، کۆمەڵەی پارێزەرانی هاوچەرخ (چەهەد)، فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی پشتیوانی یاسایی لە بنەماڵەی زیندانیان و سزادەرکراوان (مەد ئەد)(مەد توهاد فەد) بەشداری بەیاننامەکە بوون.
پارێزەر چیگدەم کۆزان ئەندامی ئۆهەد، لە لێدوانێکدا داوای له دامەزراوەکان کرد، مافی تەندروستی زیندانیانی مانگرتوو له خواردن بپارێزن و وتی:"سەرەتا کەرامەت، مافی ژیان و مافی تەندروستی زیندانیان و هەموو مافەکانیان لە ئەستۆی دەوڵەتدایە. ئەگەر پێویستیەکانیان بۆیان دابین نەکرێت، وەک ئەوەی لە مانگرتنەکانی ڕابردوودا ڕوویدا، زیانێکی هەمیشەیی بە مێشکی زیندانیان دەگەیەنێ و دەبێتە هۆی مردنیان."
چیگدەم کۆزان ڕایگەیاند کە گۆشەگیری لە ئیمرالی دژ بە دەستوور و پەیماننامەی ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ و یاسای جێبەجێکردنی ئاسایش و دادگایی کردنەکانە و ڕایگەیاند، پێویستە دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی پێش ئەوەی دۆخێکی مەترسیدار ڕووبدات داواکارییەکانی زیندانیانی مانگرتوو لە خواردن جێبەجێ بکەن، بە پێچەوانەوە دەرئەنجامی جددی لە دژی مافی ژیان و تەندروستی زیندانییەکان دروست دەبێت و دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسیاری یەکەمن. بۆیە دەبێت وەزارەتی داد بەپەلە دەست بەکار بن."
چیگدەم کۆزان سەرەڕای دامەزرااوەکانی تورکیا، داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێ بگەیەنن و ڕایانگەیاند:"پێویستە لەسەر بنەمای ئازادی و مافە بنەڕەتییەکان ڕێبازێک بگیرێتەبەر و داواکارییەکانی زیندانییەکان جێبەجێ بکرێن. داوا لە وەزارەتی داد و هەموو دەسەڵاتداران و مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و دامەزراوە یاساییەکان دەکەین بەرپرسیارانە نزیک ئەم پرسە بنەوە."