بەدیل گرتنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمرالی دەچێتە ٢٥هەمین ساڵەوە و نزیکەی ٣ ساڵە هیچ زانیارییەک لەسەر بەڕێزیان نییە. بەمەبەستی شکاندنی ئەم گۆشەگیرییە و دەستەبەرکردنی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان، کە بەتەواوی لە مافی دیداری بنەماڵەکەی و پارێزەرانی بێبەش کراوە، لە ١٠ی تشرینی یەکەمەوە، لە ٧٤ ناوەندی جیهان، بە لێدوانی هاوبەش، هەڵمەتی" ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەستیپێکردووە.
دامودەزگا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت سی پی تی کە تاکە ڕێگای چوونە بۆ ئیمرالی، لە بەرامبەر گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامن لە بێدەنگییەکانیان. هەڵمەتی ئازادی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە بەشداری بەشە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان فراوانتر دەبێت.
پارێزەر فرانکۆ دانیێلی، کە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٨-٢٠٠٠ تا ٢٠٠٦-٢٠٠٨جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا بووە، ئەندامی کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوە بووە و یەکێکە لە سیاسەتمەدارە پێشەنگەکانی ئیتاڵیا، لەسەر پرۆسەی گرتنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و مەرجەکانی گۆشەگیری قسەیان لەگەڵ ئاژانسی فورات کرد.
سەرەتا دەمەوێت لە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەست پێ بکەم. یەکێک لە لاقە گرنگەکانی ئەم پیلانگێڕییە ئیتالیا بوو. عەبدوڵا ئۆجالان ماوەیەک لە ئیتاڵیا بوو پێش ئەوەی دەستگیر بکرێت. دەتوانن کەمێک ئەم پرۆسەیە ڕوون بکەنەوە؟ بۆچی عەبدوڵا ئۆجەلان ناچار بوو ئیتاڵیا بەجێبهێڵێت؟
ئەوکات من بریکاری وەزیری دەرەوە نەبووم. بەڵام لەگەڵ هاوڕێم ڕامۆن مانتۆڤانی لە کۆمیسیۆنی دەرەوە بووم. ئەگەر بە دروستی لەبیرم بێت؛ عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ ڕامۆن مانتۆڤانی لە ڕوسیاوە بە فڕۆکەیەکی ڕووسی هاتۆتە ئیتاڵیا.
بەڕای من گەورەترین فاکتەری دوای ڕۆیشتنی عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیتاڵیا ئەوە بوو کە حکومەتی ئیتالیا لەو کاتەدا ئەوەندە ئازا نەبوو. حکومەتی ئیتالیا بۆ دوورکەوتنەوە لە کێشەی سیاسی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا بەدوای چارەسەرێکدا گەڕا. گەڕان بەدوای چارەسەرێکی لەو شێوەیەدا بە ڕۆیشتنی عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیتاڵیا کاریگەری دەبوو. عەبدوڵا ئۆجالان تا لە ئیتاڵیا بمێنێتەوە، بوێری و ئیرادە و سەربەخۆیی پێویست بوو. بە بڕوای من سەرۆک وەزیرانی ئەوکات ماسیمۆ دی ئالاما لەم خاڵانەدا کەم کاری کرد. بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان هەوڵی چارەسەری درا، بەڵام لەبەر ئەوەی عەبدوڵا ئۆجالان دوای جێهێشتنی ئیتاڵیا لە کینیا دەستگیرکرا، هەوڵەکە سەرکەوتوو نەبوو.
'عەبدوڵا ئۆجالان پەیوەندییەکانیان نەپاراست'
ڕۆڵی وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و ئەمریکا لە ڕۆیشتنی عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیتاڵیا و دەستگیرکردنی چی بوو؟
لەو کاتەدا هەموو وڵاتان پێش هەموو شتێک دەیانویست پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ تورکیا نەکەوێتە مەترسیەوە بۆ نموونه ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئیتالیا لەو سەردەمەدا پەیوەندی ئابووری باشیان له گەڵ تورکیا هەبوو ئێستاش هەروەها.
ئیتاڵیا پێنجەم وڵاتە کە پەیوەندییەکی ئابووری بەهێزی لەگەڵ تورکیا هەیە. هەموو ئەو وڵاتانە لەو کاتەدا چەکیان بە تورکیا دەفرۆشت. وڵاتی ئەڵمانیای پێشتر زۆربەی پێداویستییەکانی چەکی تورکیای دابین دەکرت. لە هەمان کاتدا فەرەنسا فڕۆکەی جەنگی بە تورکیا دەفرۆشت. هەموو ئەم وڵاتانە لەبری ئەوەی دەرفەت بە عەبدوڵا ئۆجالان بدەن تا لە ئەوروپا بمێننەوە، هەوڵیان دا پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ تورکیا بپارێزن.
' موخاتەبی عەبدوڵا ئۆجالان نەبوو'
وەک ئێوەیش دەزانن عەبدوڵا ئۆجالان وەک ئەکتەرێکی گرنگ لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد سەیر دەکرێت. ڕات چییە لەسەر ڕۆڵی عەبدوڵا ئۆجالان لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد؟
عەبدوڵا ئۆجەلان چەندین چارەسەر و دەرفەتی گرنگی بۆ چارەسەری پرسی کورد پێشکەش کردووە، بەتایبەتی لە زینداندا کتێبی گرنگی لەسەر چارەسەری کۆمەڵناسی، سیاسی و ئابووری نووسیوە. عەبدوڵا ئۆجالان پێداچوونەوەی بەو بابەتانەدا کرد کە نەک تەنها بۆ کوردستان و تورکیا، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش یارمەتیدەر دەبن لە ڕاستای دیموکراسیدا. لە هەمووی گرنگتر عەبدوڵا ئۆجالان بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەی کورد چارەسەری گرنگی پێشکەش کردووە من ئەمەم زۆر پێ گرنگە.
چارەسەری پرسی کورد دەبێت دوو لایەنە بێت. تورکیاش یەکێکە لەوانە، نایەوێت شێوازە چارەسەرکردنەکانی عەبدوڵا ئۆجالان کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پێشکەشی کردوون کرداریی ببنەوە و نایەوێت گوێی لێبگرێت، واتە تورکیا هەڵوێستی لە بەرژەوەندی چارەسەری نیشان نادات ونایهەوێ بیسەری ڕێبازەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بێت.
'گۆشەگیری دژی هەموو پەیماننامەکانی پاراستنی مافی مرۆڤە'
عەبدوڵا ئۆجالان کە ماوەی ٢٥ ساڵە لە ئیمرالی بە دیل گیراوە، نزیکەی ٣ ساڵە لە ژێر بارودۆخی سەختی گۆشەگیریدایە. هیچ زانیارییەکی لێەوە نادرێت. ئێوە مەرجەکانی گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
مەرج و بارودۆخی گۆشەگیریی عەبدوڵا ئۆجالان لەلایەن زۆربەی ناوەندەکانەو شەرمەزار کرا و دەنگی دایەوە. بارودۆخی زیندانی عەبدوڵا ئۆجالان جێگای قبوڵ کردن نییە. ئەم مەرجە دژی هەموو پەیمانە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە. من پێم وایە لە هەموو شوێنێکدا لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بە پێچەوانەی مەرجە سەپێندراوەکانی سەر عەبدوڵا ئۆجالان هەنگاو بگیرێتەبەر. پێویستە لە دژی مەرجەکانی دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، نەک تەنها لە ڕۆژئاوا، بەڵکوو لە هەموو شوێنێک کە مافی مرۆڤی تێدا ڕەچاو دەکرێت، هەنگاو بگیرێتەبەر، دیسان دەڵێم: شەرت و مەرجی بەدیل گرتنی عەبدوڵا ئۆجالان بەهیچ شێوازی قبوڵکراو نییە و پێشێلکردنی هەموو ئەو پەیماننامەکانی مافی مرۆڤە.
وەک ئاماژەت پێکرد تورکیا بە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان بە ئاشکرا زۆربەی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات. سەرەڕای ئەمەش بێدەنگی نێودەوڵەتی هەیە. چۆن دەبێ بێدەنگیی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەم پرسەدا بخوێنینەوە، بەتایبەتی لە ئەوروپا؟
ئێمە پرۆسەیەکی هاوشێوەی دۆخی دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان ئەزموون دەکەین. هەروەک ئەو سەردەمە و لەمڕۆشدا یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ناتۆ پەیوەندییەکی ئابووری بەهێزیان لەگەڵ تورکیا هەیە و هەر بەو هۆیەوە لە ئاست ئەم دۆخە بێدەنگن.
من لەسەر ئەو بۆچوونەم کە پێویستە بزووتنەوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گەڵ بەرامبەر بە مەرجەکانی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ناڕەزایەتی دەرببڕن، پێویستە دەنگی خۆیان لە دژی ئەم دۆخە بەرز بکەنەوە.
وڵاتان دەیانەوێت لە بەرامبەر بارودۆخی عەبدوڵا ئۆجالان بێدەنگ بن، چونکە دەیانەوێت بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ تورکیا تێک نەچێت. وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە تورکیا دەترسن. چونکە پێیان وایە تورکیا دەرگاکانی بەڕووی کۆچبەراندا دەکاتەوە. ئەوان کڕنۆش بۆ ڕەشبگیرییەکانی تورکیا دەبەن و ملیارەها دۆلار دەدەن و دەیانەوێت پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ تورکیا هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەبێ.
وەک ئەوەی ئەمە بەس نەبێت، سیاسەتی دوو قۆڵی تورکیاش لە چوارچێوەی ناتۆدا قبوڵ دەکەن. هەڵوێستی ناتۆ ڕێگە بە ئەردۆغان دەدات کە بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی دوو ڕۆڵی هەبێت. بۆ نموونە تورکیا بڕیارەکانی دژ بە ڕووسیا بەکار نەهێناوە. ڕۆژانە سەدان فڕۆکەی ڕووسی لە تورکیا دەنیشنەوە. ڕووسیا زۆربەی کەرەستە تەکنەلۆژییانی تورکیا دابین دەکات.
'داواکاری گەل بۆ ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان گرنگە'
لە ١٠ی تشرینی یەکەمەوە هەنگاوێکی جیهانی بە داوای "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد" دەستیپێکردووە دەتەوێت لەسەر ئەم هەنگاوە چی بڵێیت؟
وەک پێشتر وتم دەوڵەت نایەوێت دەنگی خۆی لە دژی مەرجەکانی دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان بەرز بکاتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێویستە گەل و کۆمەڵگا بەهای خۆیان بزانن و قسەیان لەگەڵ بکەن. ئەو پێکهاتانەی پشتیوانی دیموکراسی و ئازادی گەل دەکەن، لە عەبدوڵا ئۆجالان تێدەگەن و دژایەتی مەرجەکانی سەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن. کاتێک گەل داواکارییەکانی بۆ ڕێزگرتن لە پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ بەرز دەکەنەوە، دەوڵەتانیش ئەمە وەک بنەمایەک وەردەگرن. بۆیە هەنگاوی ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر ئاستی جیهان زۆر گرنگ دەبینم.
ئەم هەنگاوە پەیوەندی بەهێز لە نێوان مرۆڤەکاندا دروست دەکات. بۆ نموونە گەلی ئیتالیا ساڵانێکە عەبدوڵا ئۆجالان و بەتایبەت تیکۆشانی گەلی کورد ڕێز لێدەگرن و پشتیوانیان دەکەن. بە تایبەتی پشتیوانی لە مافی خۆبەڕێوەبەری و ئازادی و قسەکردن بە زمانی دایکی و پاراستنی کولتووری گەلی کورد دەکەن لەم خاڵەدا یەکگرتنێکی زۆریان لەگەڵ گەلی کورددا هەیە.
'تورکیا بە ئاشکرا یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات'
دەوڵەتی تورکیا بەو شەرت و مەرجانەی بەرامبەر عەبدوڵا ئۆجالان بەکاری دێنێت، بەردەوامە لە شەڕی خۆی لە دژی کورد. هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوا، زۆر کەس باس لەوە دەکەن کە تورکیا یاسا نێودەوڵەتییەکان لە سوریا پێشێل دەکات. وەک پارێزەرێک ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورک چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
تورکیا نەک تەنها لە سوریا، بەڵکوو لە عێراق و لە زۆر شوێنی دیکەی جیهان یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات. بۆ نموونە ڕێز لە سەروەری لیبیا ناگرێت، کە بە دانانی هێڵی پەڕینەوە یاسای دەریایی و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.
بوونی ڕۆژئاوا لە سوریا و سیاسەتەکەی بۆتە دۆخێکی پارادۆکسیکاڵ. کورد شەڕی داعشی کرد کە لە توندڕەوی ئایینی و بکوژانی سوریا پێکهاتبوو. لەو کاتەدا ڕۆژئاوا هەستی بە هاوسۆزییەکی زۆر دەکرد بۆ کورد. بەڵام ئەمڕۆ هەمان کوردیان لەبیر کردووە. ئێمە تەنیا دەتوانین ئامادەبوونی سنوورداری ئەمریکا لەوێ ببینین. پێویستە ڕۆژئاوا بپارێزین. لە ئیتالیا هاوسۆزییەکی زۆر بۆ ڕۆژئاوا هەیە و کاردانەوەیەکی گەورە لە دژی هێرشەکانی سەر کورد هەیە.
هەرکات باسی گەلی کورد لەژێر داگیرکاری دەوڵەتدا دەکەم، دەڵێم ژنان زۆرترین زیانیان پێدەگات. بەڵام سەرەڕای ئەوە ئەمڕۆ له دنیادا هیچ نموونەیەک نییه کەژنانی کورد و بەتایبەتی ژنانی ڕۆژ له ژێر ناوی دیموکراسی و ئازادیدا دەگێڕن تێکۆشانی ژنانی کورد ئیلهامبەخشە بۆ ژنانی ئەمڕۆی جیهان.
'بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا لەسەر پەکەکە پێش چارەسەری'
یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم چارەسەری کێشەی کورد ئەوەیە کە یەکێتیی ئەورووپا هێشتا پەکەکە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا دەرنەهێناوە. ئەم بڕیارەی یەکێتیی ئەورووپا دەستی دەوڵەتی تورکیاش لە شەڕ لە دژی گەلی کورد بەهێزتر دەکات دەکات. وەک پارێزەرێک پێداگری یەکێتی ئەوروپا لەسەر ئەم بڕیارە چۆن لێکدەدەیتەوە؟
وەک زۆر بابەتی تر، بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی لە پشت ئەم بڕیارەی یەکێتیی ئەورووپاوە هەیە. ئەمڕۆ ئەورووپا پێداگری له سەر پاراستنی پەیوەندییه ئابووری و سیاسییەکانی لەگەڵ دیکتاتۆرێکی وەک ئەردۆغان دەکات، بەمەبەستی فرۆشتنی زۆر شت بەتایبەت چەک بە تورکیا و ڕێگری له هاتنی کۆچبەران بۆ ئەوروپا. وەک ئاماژەت پێدا بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا لەسەر پەکەکە بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم چارەسەری کێشەی کورد.ئەوروپا هێشتا باوەڕی هەیە و دەڵێت ئەردۆغان لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی دیموکراسیەوە هاتۆتەوە سەر دەسەڵات.
'پێویستە بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان سەفەربەربن'
لە کۆتاییدا ئایا شتێک هەیە کە حەز بکەیت ئاماژەی پێ بکەیت؟
بەڵێ پێویستە بەردەوام بین لە کارەکانمان بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کورد. بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان پێویستە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت گەل و دامەزراوە مەدەنییەکان کۆبکەینەوە. باوەڕناکەم دەوڵەت لە دژی مەرجەکانی مسۆگەرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان دەنگی بەرز بکاتەوە. بۆیە لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە دیموکراسی هەیە لە ڕۆژئاوا و ئەوروپا، ژن، پیاو، هەموو ئەوانەی کە ئازادی گەل و هەموو کۆمەڵگا لەبەرچاو دەگرن، دەبێ بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان سەفەر بن.