بە دیمەن

گەلی وان سەرەڕای ساردی کەش و هەوا لە بەردەم شارەوانی گردبوونەوە

دوای ڕاگەیاندنی سزای زیندان بۆ عەبدوڵا زەیدان، هاوسەرۆکی شارەوانی وان، سەرەڕای ساردی کەشوهەوا، گەل لە بەردەم شارەوانیی شارەکە گردبوونەوە. ئەمشەو کاتژمێر ٩:٠٠ بە کاتی هەرێمی، بە نیشانەی ناڕەزایەتی، گەل گڵۆپی ماڵەکانیان کوژاندەوە.

لقی پێنجەمی دادگای تاوانە قورسەکانی شاری ئامەد بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ ڕێکخستن" سزای ٣ ساڵ و ٩ مانگ زیندانی بەسەر عەبدوڵا زەیدان هاوسەرۆکی شارەوانیی واندا سەپاند. لە دوای ڕاگەیاندنی سزاکە گەل لە بەردەم شارەوانی گردبوونەوە و ناڕەزایەتی خۆیان  نیشاندا. هەروەها لە بەردەم بینای شارەوانی خەیمەی ئیشکگریی دانرا و جەماوەر بە وتنەوەی دروشمەکان خاوەنداری لە ئیرادەی خۆیان دەکەن.

گەنجان لە بەردەم بینای شارەوانی بە وتنەوەی دروشمی "بژی بەرخۆدانی گەلی کورد"، "بە تێکۆشان سەردەکەوین" و "عەبدوڵا زیدان و نەسلیهان شەدال شکۆی ئێمەن"یان بەرز کردەوە. گەلی وان بەرەو بینای شارەوانی شارەکە بەڕێکەوتن.

بانگەوازی بۆ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی

دوو گرووپ کە لە پەرلەمانتاران و گەلی وان پێکهاتبوون، بە ڕێگەی بڵندگۆەو بەناو شاردا گەڕان و بانگەوازییان کرد سبەی لە سەرانسەری شار گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن. لە گردبوونەوەکەدا، تۆلای حاتەم ئۆغولاری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان و چیدەم کلچگون ئۆچار هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان بەشداری گردبوونەوەکە دەکەن.

هەروەها ڕاگەیەندرا کە گەل هەتا دانی بەیانی لەبەردەم بینای شارەوانی وەک ناڕەزایەتی دەمێننەوە و هەموو شەوێک کاتژمێر ٩:٠٠ی شەو گڵۆپی ماڵەکانیان بۆ ماوەی ٥ خولەک بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەکوژێننەوە.