پشتیوانی باوەڕدارییە جیاوازەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان

پەیڕەوکەرانی ئاینە جیاوازەکانی باشووری کوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە و داوایان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و باوەڕداراییە جیاوازەکان کرد لەم بارودۆخەدا پشتیوانی لە ڕۆژئاوا بکەن.

ئەمڕۆ، لە بارەگای نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشووری کوردستان، پەیڕەوکەرانی ئاینە جیاوازەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا پشتیوانی خۆیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا محەمەد عەلی ئەندامی نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشووری کوردستان قسەیکرد و وتی: "لە ئیستادا ئەوەی دەبینرێت کورد بووەتە بابەتێکی سەرەکی لە بوارەکانی سیاسی و دیبلۆماسییدا، ئەم چالاکییانەی کە لە باشووری کوردستان ئەنجام دەدرێت نیشانەی یەکگرتوویی کورد دەردەخات و هاوڵاتییانی ڕۆژئاواش ئەم هەڵوێستانە بەرز دەنرخێنن."

دواتر مامۆستای ئاینی، مەلا نادر قسەیکرد و لە قسەکانییدا پشتیوانی بۆ گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەرخۆدانی ڕۆژئاوا دەربڕی و ئەمەی گوت: "بەناوی خوشک و برایانمان لە ئاینە جیاوازەکان پشتیوانی خۆمان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەردەبڕین، داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و سەرجەم باوەڕداران دەکەین هاوهەوڵوێستمان بن و پشتگیریی لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن. لەو زوڵمەی بەرانبەر بە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت و لەم وەرزی سەرمایەدا لە ماڵی خۆیان وەدەردەنرێن جێگەی قبوڵ کردنی ویژدانی مرۆڤایەتی نییە."