لە ١٧ی کانوونی یەکەمدا لە گەڕەکی یاکوپلویا سەر بە شارۆچکەی بەیلیکدوزو، گەنجێک بە ناوی کەرەم ئیمراک لە لایەن هەندێک کەسەوە کە خۆیان بە پۆلیس ناساندووە، ڕفێندرا و ئەشکەنجە کراوە.
کەرەم ئیمراک ماوەی ٢٠ ساڵە لە ئەستەنبوڵ نیشتەجێیە و لە کارگەکانی وەک رستن و چنین و کەشتیسازیدا کاری کردووە، ساڵی ٢٠١١ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخستن" دەستبەسەر و ٣ ساڵ زیندانی کرا. ئیمراک جارێکی دیکە لە ساڵی ٢٠١٥ بە بیانووی "ئەندامبوون لە ڕێکخستن" لە شاری موش دەستبەسەر کراوە و لە ساڵی ٢٠١٩ ئازاد کراوە.
ئیمراک سەبارەت بە ڕووداوی ڕفاندنی لە گەڵ ئاژانسی فورات قسەی کرد و وتی:"ئۆتۆمبێلێکی سپی لەبەردەممدا وەستا و ٢ کەس بە جلی مەدەنییەوە لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزین، داوای ناسنامەیان کرد، پێیان وتم لە ساڵی ٢٠١٧ دۆسیەیەک بە ناوی تۆوە کراوەتەوە. دەبێت ڕوونکردنەوە بدەیت' منیش سواری ئۆتۆمبێلەکە بووم. لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا جانتا و هەموو شتیان لێ وەرگرتم و منیان بردە شوێنێکی نادیار."
پاش ئەوەی داوای سیخوڕیان لێکردم ئەشکەنجە دەستی پێکرد
گەنجە ڕفێنراوەکە ڕایگەیاند، دوای ئەشکەنجەدان، پێشنیاری سیخوڕی و پارەی پێکراوە و دەڵێت:"دوای لێدانەکە پێیان وتم ئێستا قسە بکە. ئەگەر قسە بکەیت، پێکەوە کاردەکەین. گوتیان مووچەت پێدەدەین و یارمەتیت دەدەین، دوای ئەوەی وەڵامیان دەستنەکەوت بە توندی ئەشکەنجەیان کردم، تەنانەت ئەشکەنجەی سێکسییان داوم بە ڤیدیۆ هەڕەشەیان لێکردووم".
ئیمراک باسی لەوەش کرد، دواتر کە بۆیان دەرکەوت ئەوەی دەیانەوێت بەدەستی ناهێنن، هەڕەشەی بەجێهێشتنی شارەکەیان لێکردووە و وتی:"پێیان وتم تا ١٨ی مانگ مۆڵەتت پێدەدەین ئیستەنبوڵ بەجێ بهێڵی ئەگەر لێرە نەڕۆی، بتبینین دەتکوژین، دواتر ڕوتیان کردمەوە و بە ئۆتۆمبێلێک بردیانمە سەر ڕێگا و لەوێ بەجێیان هێشتم. دواتر ڕاپۆرتی ئەشکەنجەدانەکەم لەگەڵ پارێزەرەکانم وەرگرت و سکاڵام تۆمار کرد.
پارێزەری کەرەم ئیمراک باسی لەوەشکرد، سکاڵایان سەبارەت بە ڕووداوی ڕفاندن و ئەشکەنجەدان تۆمارکردووە و ڕایگەیاندووە، لەسەر ئەم ڕووداوە دەوەستن و تاوانباران ئاشکرا دەکەن.