گۆشەگیریی ئیمراڵی شەرمەزار کرا، ناگیهان ئاکارسەل یادکرایەوە
لەبەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ، گۆشەگیریی ئیمراڵی شەرمەزارکرا و ناگیهان ئاکارسەل یادکرایەوە.
لەبەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ، گۆشەگیریی ئیمراڵی شەرمەزارکرا و ناگیهان ئاکارسەل یادکرایەوە.
چالاکیی گەلی کورد بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە چوارچێوەی هەڵمەتی "کاتی ئازادییە" لە ٣٣ هەمین مانگدا بەردەوامە.
لە چالاکی ئەم هەفتەیەدا، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و ڕۆژنامەوان، ناگیهان ئاکارسەل، لە ساڵیادی کوشتنی یادکرایەوە و داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرا تاوانەکانی دەوڵەتی تورک ڕابگرێت.
لە کەسێتی ناگیهان ئاکارسەل، حاجی لوقمان بیرلیک کە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لە شەرناخ کوژرا و تەرمەکەی بە زرێپۆش ڕاکێشرا، ڕۆژهات زیلان (ئۆزکان شاهین) و ئەرداڵ شاهین کە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ دژی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ئەنقەرە چالاکی فیداکارییان ئەنجامدا، خولەکێک بێدەنگی بەڕێوەچوو.
هاوسەرۆکی ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کورد (جەدەکە) لە ژنێڤ، توبا یەڵماز، شەهیدانی بیرهێنایەوە، ئاماژەی بەوە کرد، لە کەسێتی ناگیهان ئاکارسەل، تێکۆشانی ژنانی کورد کرایە ئامانج.
هاوسەرۆکی جەدەکە، محەمەد لەتیف چەلەبی، تیشکی خستە سەر پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گوتی: "فیکری ڕێبەر ئاپۆ لەسەر بناغەی تێکۆشانی هاوبەش و ئازادی گەلان لە ڕۆژهەڵاتی ناوینی دیموکراتیک دامەزراوە. پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم دژی ڕێبەر ئاپۆ سەرەتای دەستێوەردانێکی مەزنە بۆ ئایندەی هاوبەشی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەت گەلی کورد".
چەلەبی ئاماژەی بەوە کرد، پیلانگێڕی ئایندەی هاوبەشی وڵاتی کردە ئامانج، گوتی: "بەو ئامانجە بوو، شەڕی نێوخۆیی لەنێوان گەلی کورد و تورک هەڵبگیرسێنن. بەڵام ڕێبەر ئاپۆ بە هەڵوێستی خۆی ڕێگەی لەمە گرت، لە ئیمراڵی پارادایمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی پێشخست".
چەلەبی دووپاتی کردەوە، ئەوە چەند ساڵە، بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتییانەی پرسی کورد، بە تەسفیە و توندکردنەوەی گۆشەگیری وەڵام دەدرێتەوە، بەم گۆشەگیرییە ڕێگە لە ئازادی گەلانی بندەستی جیهان گیراوە.
لە کۆتاییدا، چەلەبی، پیلانگێڕیی ٩ ی تشرینی یەکەمی شەرمەزار کرد، بانگەوازی لە هەموو گەلانی خاوەن ویژدان و بەرپرسیار کرد، خاوەندارێتی لە ئاشتی و دیموکراسی و ئیرادەی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەن، هەوڵبدەن بۆ شکاندنی گۆشەگیری.
پیلانگێڕی لە زیوریخ شەرمەزار دەکرێت
کوردستانیانی نیشتەجێی سویسرا لە ڕۆژانی پێش ساڵیادی پیلانگێڕییەکە، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هاتنە گۆڕەپانەکان.
لە ٧ ی تشرینی یەکەم، ڕۆژی شەممە، لە (Helvetîplatz) لە شاری زیوریخی سویسرا، کاتژمێر ١٦:٠٠ بە درووشمی "ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد" چالاکی بەڕێوەدەچێت، بانگەواز کرا بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی ناوەندی. کوردستانیان بە بەرزکردنەوەی درووشم کۆتاییان بە چالاکیی دانیشتن هێنا.