هه‌ده‌په‌ و ژنان رایانگه‌یاند: سه‌مرا گوزه‌ل ئیراده‌ی ئێمه‌یه‌

هه‌ڵگرتن و زه‌وتكردنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر سه‌مرا گوزه‌لی هه‌ده‌په‌یی له‌ چه‌ندین شار شه‌رمه‌زار كرا.

زه‌وتكردنی پارێزبه‌ندی په‌رله‌مانتاری ئامه‌دی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) سه‌مرا گوزه‌ل له‌ چه‌ندین شار به‌ لێدوان و راگه‌یه‌نراو شه‌رمه‌زار كرا.

مێردین

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له‌ به‌رده‌م هه‌ده‌په‌ی مێردین به‌ به‌شداری وته‌بێژی هه‌ده‌په‌ ئه‌برو گونای، به‌ڕێوه‌به‌ر و ئه‌ندامانی پارتی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی سازكرا. له‌ كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا پلاكاردی "سه‌مرا گوزه‌ل په‌رله‌مانتاری گه‌ل و ئیراده‌ی ژنانه‌" به‌رزكرابوه‌وه‌. له‌ كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا ئه‌برو گونای باسی له‌وه‌كرد، كه‌ له‌ ساڵی ١٩٩٤ه‌وه‌ تائێستا، له‌ ماوه‌ی ٢٨ ساڵدا ده‌سه‌ڵات و پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان گۆڕدران، به‌ڵام كاتێك بابه‌ته‌كه‌ دێته‌ سه‌ر دوژمنایه‌تی كوردان، هه‌موویان پێكه‌وه‌ به‌ یه‌ك ده‌ستی و یه‌كگرتووی هێرش ده‌كه‌ن و ئیراده‌ی گه‌لی كورد زه‌وت ده‌كه‌ن. كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ به‌ دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" كۆتاییهات.

ئامه‌د

له‌ ئامه‌د له‌ دوای دووه‌مین كۆنگره‌ی نائاسایی هه‌ده‌په‌ی چنار، كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی ساز كرا. له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ی ئامه‌د ره‌مه‌زیه‌ تۆسون و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌ندامانی پارته‌كه‌ ئاماده‌بوون. په‌رله‌مانتار تۆسون له‌ كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا قسه‌ی كرد و وتی، وێنه‌كانی گوزه‌ل، وێنه‌ی ئه‌م جوگرافیایه‌ن. تۆسون، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ كێ چی ده‌كات با بیكات، به‌ڵام ژنانی كورد هه‌رگیز سه‌ر دانانه‌وێن. كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ به‌ دروشمه‌كانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "ئێمه‌ به‌ به‌رخودان سه‌رده‌كه‌وین" كۆتاییهات. 

هاوكات له‌ ئێلیح، سێرت، رحا، وان، ئه‌ده‌نه‌، مێرسین، ئانتالیا، هاتای و سه‌مسوریش به‌ به‌شداری په‌رله‌مانتاران و به‌ڕێوه‌به‌رانی هه‌ده‌په‌ كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی دران و بڕیاری هه‌ڵگرتن و زه‌وتكردنی پارێزبه‌ندی په‌رله‌مانتار گوزه‌ل شه‌رمه‌زار كرا.

ئێلیح

ته‌ژه‌ئا و ئه‌نجومه‌نی ژنانی هه‌ده‌په‌ی ئێلیح كاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی گوزه‌ل نیشاندا. زۆر كه‌س به‌شداریان له‌و چالاكیه‌دا كرد كه‌ له‌به‌رده‌م بینای هه‌ده‌په‌ سازكرابوو. له‌ كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ پلاكاردی "سه‌مرا گوزه‌ل په‌رله‌مانتاری گه‌ل ئیراده‌ی ژنانه‌" هه‌ڵدرا.

له‌وێ هاوسه‌رۆكی ناوچه‌ی هه‌ده‌په‌ حوڕیه‌ت كایتار ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ سیاسه‌ته‌كانی ئاكه‌په‌-مه‌هه‌په‌ له‌ دژی پارته‌كه‌یان نیشاندا وتی، "دوایین ئه‌ڵقه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ بۆ سه‌ر په‌رله‌مانتاری ئامه‌دمان سه‌مرا گوزه‌له‌ كه‌ به‌هۆی راگه‌یاندنی لاینگره‌وه‌ ده‌رفه‌تێكیان سازكرد و له‌لایه‌ن ده‌زگای داده‌وه‌ به‌كارهێنرا. هه‌وڵه‌كانی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی په‌رله‌مانتارمان گوزه‌لیش هێرشه‌ له‌ دژی گه‌لی ئامه‌د و ئیراده‌ی ژنان".

سێرت

ئه‌و كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانیه‌ی به‌نیازبوون له‌ سێرت سازی بكه‌ن له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ رێگری لێكرا. هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی سێرت كه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ بێریڤان هێلین ئیشك، ئه‌نجومه‌نی دایكانی ئاشتی، ته‌ژه‌ئا و ئه‌نجومه‌نی ژنانی هه‌ده‌په‌ و ژماره‌یه‌كی زۆر ژن له‌ به‌رده‌م بینای هه‌ده‌په‌ كۆبوونه‌وه‌. هاوسه‌رۆك بێریڤان هێلین ئیشك به‌ راگه‌یه‌نراوێكی هاوبه‌ش ناڕه‌زایه‌تی خۆیان خسته‌ڕوو. كۆنفرانسه‌كه‌ به‌ چه‌پڵه‌ و هه‌لهه‌له‌ كۆتاییهات.

رحا

زه‌تكردنی پارێزبه‌ندی گوزه‌ل له‌ رحا شه‌رمه‌زار كرا. له‌و چالاكیه‌دا كه‌ له‌به‌رده‌م بینای هه‌ده‌په‌ی رحا سازكرابوو، ئه‌ندامانی پارتی كرێكارانی توركیا (تیپ)، كۆنفیدراسیۆنی ره‌نجده‌رانی جه‌ماوه‌ری (كه‌سك) و ژماره‌یه‌كی زۆر ئاماده‌بوون. هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ی رحا چیغده‌م كاراكه‌چیلی، له‌ پشت پلاكاردێكه‌وه‌ به‌ نوسراو "سه‌مرا گوزه‌ل په‌رله‌مانتاری گه‌ل و ئیراده‌ی ژنانه‌" قسه‌ی كرد و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاری گوزه‌لی شه‌رمه‌زار كرد.

دواتر په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ی رحا عومه‌ر ئۆجالان قسه‌ی كرد و باسی له‌وه‌كرد، كه‌ له‌ په‌رله‌ماندا چوار پارتی له‌ دژی هه‌ده‌په‌ له‌ دژی كوردان یه‌كیان گرتووه‌. عومه‌ر ئۆجالان، هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی سه‌مرا گوزه‌لی شه‌رمه‌زار كرد و وتی، "ئه‌وانه‌ی دوێنێ له‌گه‌ڵ جه‌ماعه‌ت ده‌ست به‌كار بوون، ئه‌وانه‌ی وێنه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی جه‌ماعه‌ت فه‌تحوڵا گوله‌ن كێشرا، له‌م وڵاته‌ وه‌زیر، سه‌رۆكوه‌زیر، په‌رله‌مانتارن. ئه‌وانه‌ی ئێمه‌یان به‌ تیرۆر تاوانبار ده‌كه‌ن سه‌رۆكی تیرۆریستانن، ئێمه‌ وه‌ك هه‌ده‌په‌ له‌ دژی تیرۆر و تیرۆریزم تێده‌كۆشین، گه‌وره‌ترین تیرۆر له‌سه‌ر هه‌ده‌په‌ له‌به‌رامبه‌ر پارته‌كه‌ی ئێمه‌ ئه‌نجام ده‌درێت. به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی خۆیانه‌وه‌، به‌ هه‌موو پارته‌كانیانه‌وه‌ و به‌ هه‌موو هه‌ڤاڵانمانه‌وه‌ ئێمه‌ درێژه‌ به‌و تێكۆشانه‌ ده‌ده‌ین. تێكۆشانه‌كه‌مان تا ده‌گاته‌ ئامانجه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت".

وان

رێكخستنی هه‌ده‌په‌ی وان له‌به‌رده‌م بینای هه‌ده‌په‌ی ناوچه‌ی ئارته‌مێتان كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی ساز كرد. له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا كاتێك پلاكاردی "سه‌مرا گوزه‌ل ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌مانه‌" هه‌ڵدرا جه‌ماوه‌ر به‌رده‌وام دروشمی "سه‌مرا په‌رله‌مانتاری ئیراده‌ی ئێمه‌یه‌"یان وته‌وه‌. هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ی رێیا ئارموشی جانا ئوزونای كه‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌، باسی له‌وه‌كرد، كه‌ پارته‌كانی ه‌سه‌لاتدار هه‌موو جۆره‌ كرده‌وه‌یه‌كی دژه‌ دیموكراتیك ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئوزونای وتی، "له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشه‌ نایاساییانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر پارته‌كه‌مان یه‌كه‌م وه‌ڵاممان له‌ ٨ی ئادار و گۆڕه‌پانه‌كانی نه‌ورۆزدا ده‌بێت".

ئادانا

رێكخستنی هه‌ده‌په‌ی ئادانا، په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌ی ئادانا توڵای هاتیمئۆگیۆلاری، ئه‌نجومه‌نی دایكانی ئاشتی و به‌ڕێوه‌به‌رانی هه‌ده‌په‌ به‌شداری چالاكی له‌ بینای پارته‌كه‌بوو. له‌ كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ پلاكاردی "سه‌مرا گوزه‌ل ئیراده‌ی ئێمه‌یه‌" به‌رزكرایه‌وه‌، په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ی تولای هاتیمئۆگیولاری قسه‌ی كرد و هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی گوزه‌لی وه‌ك كوده‌تایه‌كی سیاسی هه‌ڵسه‌نگاند.

مێرسین

ژماره‌یه‌كی زۆر به‌شدارییان له‌ چالاكی رێكخستنی هه‌ده‌په‌ی مێرسین له‌ بینای پارته‌كه‌دا كرد. هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ی ناوچه‌ی مێرسیت به‌دریه‌ كوش له‌ كۆنفڕانسی رۆژنامه‌وانیدا قسه‌ی كرد و رایگه‌یاند، كه‌ به‌رخودانی ئه‌وان له‌ دژی ئه‌و پیلانگێڕیه‌ی له‌ كه‌سایه‌تی گوزه‌ل ئه‌نجامدراوه‌، به‌رده‌وام ده‌بێت.

ئانتالیا

رێكخستنی هه‌ده‌په‌ی ئانتالیا له‌به‌رده‌م بینای قایمقامیه‌ت ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر سه‌مرا گوزه‌ل نیشاندا. هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ی ئانتالیا هولیا هاسبای رایگه‌یاند، كه‌ له‌ كه‌سایه‌تی گوزه‌لدا كوده‌تا له‌ دژی ژنان ئه‌نجامدراوه‌ و وتی، "ئێمه‌ هه‌رگیز هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارمان سه‌مرا گوزه‌ل قه‌بوڵ ناكه‌ین".

هاتای

رێكخستنی هه‌ده‌په‌ی هاتای له‌به‌رده‌م بینای قایمقامه‌تدا كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی ساز كرد. له‌ چالاكیه‌كه‌دا پلاكارد به‌نوسراو "ئێمه‌ ئیراده‌ی گه‌ل راده‌ستی كوده‌تا ناكه‌ین، سه‌مرا گوزه‌ل ئیراده‌ی گه‌له‌" به‌رزكرایه‌وه‌، پۆل پۆل جه‌ماوه‌ر به‌شداریان له‌ چالاكیه‌كه‌دا كرد. هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ی ناوچه‌ی هاتای كه‌ره‌م ناڵبه‌ند ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی سه‌مرا گوزه‌ل نیشاندا و رایگه‌یاند، "ئێمه‌ چۆك داناده‌ین، سه‌ر دانانه‌وێنین و له‌ هه‌موو شوێنێك له‌ هه‌موو مینبه‌ر و سه‌كۆیه‌ك ئێمه‌ بۆ گیانتان ده‌بینه‌ به‌ ئازار و ژان".

رێكخستنی هه‌ده‌په‌ی ناوچه‌ی ئیسكه‌نده‌رون به‌ راگه‌یه‌نراوێكی رۆژنامه‌وانی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر سه‌مرا گوزه‌لی شه‌رمه‌زار كرد.

ئادیامان

ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ژنانی هه‌ده‌په‌ی ئادیامان له‌ شارۆچكه‌ی بوڵام (پنارباشی) كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیان سازكرد. ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ژنانی هه‌ده‌په‌ سیدار كیسا رایگه‌یاند، كه‌ گوزه‌ل نوێنه‌ری گه‌ل و ئیراده‌ی ژنانه‌.

هـ . ب