هێرشی چەکی کیمیایی لە روسیا شەرمەزارکرا

کوردان لە روسیا هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان بە چەکی کیمیایی شەرمەزار کرد و رایانگەیاند، خاوەنداری لە بەرخۆدانی گەریلا دەکەن.

کوردستانیان لە ناوچەی یەرشۆڤی هەرێمی سراتۆڤی روسیا، هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان بە چەکی کیمیایی شەرمەزار کرد.

لەسەر ناوی ئەنجومەنی گەلی یەرشۆڤ میرزالی یوسوبۆڤ و گولیزار یوسوبۆڤا هاوسەرۆکانی ئەنجومەنەکە قسەیان کرد و رایانگەیاند کە گەریلاکانی ئازادی لەدژی سیاسەتی رەتکردنەوە و لەناوبردن بەرخۆدانێکی گەورە پیشان دەدەن و دەوڵەتی تورک کە تێکشکاوە چەکی کیمیایی بەکار دەهێنێت. هاوسەرۆکەکان ناڕەزاییان لەبەرانبەر بێدەنگی جیهان پیشاندا.

'پێویستە لە هەموو شوێنێک هەستینە سەرپێ و خاوەنداری لە گەریلا بکەین'

لەلایەکی دیکەوە سوڵتان باکی ئەندامی ئەنجومەنەکە رایگەیاند کە گەلی کورد لە سایەی فیداکاریەکی گەورەوە گەیشتووتە ئەم رۆژانە و گوتی، تێکۆشانیان لە رێگەی شەهیدان فراوان دەکەن.

باکی گوتی، " لە کەسایەتی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورددا پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لەدژی گەلی کورد و شەهیدانی ئازادی بە شێوەیەکی فراوان بەردەوامە. پێویستە گەلی کورد لە هەموو شوێنێک بەرخۆدان بکات و خاوەنداری لە گەریلاکانی ئازادی بکات. پێویستە لەدژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەست بە جووڵە بکرێت."

ف.ق