نەخۆشی وەرینی ماسوڵکەکانی بڕبڕەی پشت (ئێس ئێم ئەی) نەخۆشیەکە کە بە تایبەتی تووشی منداڵانی ساوا دەبێت و ئەگەری هەیە ببێتە هۆکاری مردنیان. دەرمانی زۆلگێنسما کە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکە کاریگەر، زۆر گرانە و لە تورکیاش دەوڵەت ئەو دەرمانە دابەش ناکات. ئەو دەرمانەی کە دەوڵەت بۆ نەخۆشیەکەی دابین دەکات، نەک بۆ چارەسەر بەڵکو بۆ راهاتنی نەخۆشەکەیە، لەگەڵ نەخۆشیەکەیدا.
لەبەر ئەو هۆکارانە بنەماڵەی منداڵانی تووشبوو بۆ ئەوەی بتوانن بە دەرمانی زۆلگێنسمای چارەسەری شەش مانگە بۆ منداڵەکانیان بکەن، داوای مۆڵەت لە ئیدارەی پارێزگا دەکەن بۆ ئەوەی هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بەڕێوەببەن. ئەو دەرمانە بە مەرجێک بە کاردەهێندرێت کە منداڵەکە نەبووبێتە دوو ساڵ و کێشیشی لە ٢١ کیلۆگرام تێپەری نەکردبێت، چونکە دوای ئەوە هیچ کاریگەرییەکی نابێت. لەبەر ئەوە کاتێک نەخۆشیەکە دەستنیشانکرا، بنەماڵەکان راستەوخۆ دەست بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری دەکەن.
نەژادپەرستی بەرامبەر منداڵانی کورد پەیڕەو دەکرێت
لە هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی پارە بۆ نەخۆشی ئێس ئێم ئەییشدا مامەڵەی نەژادپەرستی ئەنجام دەدرێت. ئەو کەمپینانەی بۆ منداڵانی تورک ساز دەکرێن لە ماوەیەکی کورتدا تەواو دەبن، بەڵام هەڵمەتەکان بۆ منداڵانی کورد ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت و لانیکەم ماوەی دوو ساڵی پێدەچێت و لەو ماوەیەشدا زۆر منداڵی کورد گیان لەدەست دەدەن.
یەک لەو منداڵە کوردانە فاتمە بەتول ئانوشتەکینە کە خەڵکی ناوچەی پاسوری ئامەدە و لە ماوەی دوو ساڵدا هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئەو منداڵە سێ جار لەلایەن ئیدارەی پارێزگاوە هەڵوەشێندراوەتەوە. ئایشە ئانوشتەکین دایکی فاتمە باس لەوەدەکات، کە لە کاتی کەمپین و هەڵمەتەکەدا راستەوخۆ نەژادپەرستییان بەرامبەر ناکرێت، بەڵام کاتێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان گۆرانی یان وشەیەکی کوردی بەکاردەهێندرێت زۆر کەس لە هاوکاری پاشگەز دەبنەوە.
هەندێک دەڵێن 'منداڵی تورک بهێنن تا یارمەتیان بدەین'
ئۆنور ساغڵا یەک لەو خۆبەخشانەیە کە لە کەمپینەکانی هاوکاری بۆ تووشبووانی نەخۆشی ئێس ئێم ئەی بەشدارە و شایەتی رزگارکردنی زۆر منداڵ بووە. ساغڵا باس لەوەدەکات کە کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ منداڵانی کورد بە پێچەوانەی منداڵانی دیکە کاتی زیاتری پێدەچێت، مرۆڤەکان کاتێک دەیانەوێت هاوکاری بکەن سەیری ئەوە دەکەن بزانن منداڵەکە لە چ گەل و نەتەوەیەکە.
ساغڵا وتی، دۆخی منداڵێکی کورد بە ناوی ئەفنانی بە نمونە هێنایەوە کە خەڵکی شڕنەخە و لەو بارەوە وتی، لە کاتی هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئەو منداڵە زۆر کەس پێیان وتوون "ئەگەر منداڵێکی تورک بووایە هاوکاریمان دەکرد"، "منداڵی تورکمان بۆ بهێنن"، " ئێمە بۆچی هاوکاری کوردەکان بکەین".
ساغڵا ئەوەی خستەڕوو، کە هەڵمەتەکان لە شارەکانی دەرەوەی کوردستان ئەوپەڕی شەش مانگ دەخایەنێت، بەڵام بۆ منداڵانی کورد رەنگە ماوەی سێ ساڵیش بەردەوام بێت و هەندێک کەمپین هێشتا تەواو نەبوون کە منداڵەکان گیان لەدەست دەدەن. ساغڵا رایگەیاند، کە مامەڵەی نەژادپەرستی تەنیا لەلایەن کەسەکانەوە ئەنجام نادرێت، بەڵکوو زۆرجار لەلایەن دامودەزگاکانیشەوە ئەو مامەڵەیە هەیە، ئیدارەی پارێزگاکان بۆ کەمپینی منداڵانی تورک رێگە بە هەموو شتێک دەدەن، بەڵام لە کوردستان چەند بەربەستێک ساز دەکەن.
ساغڵا لە کۆتاییدا داوای لە سەرمایەدارانی کورد کرد، کە هاوکاری منداڵانی تووشبووی ئێس ئێم ئەی بکەن.
هـ . ب