کاتیا کیپینگ هاوسەرۆکی حیزبی چەپی ئەڵمانیا: پشتیوانی لە هەدەپە دەکەین

کاتیا کیپینگ هاوسەرۆکی حیزبی چەپی ئەڵمانیا گوشارەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپەی بۆ سەر هەدەپە ئیدانە کرد و بۆ کۆتایهێنان بە گۆشارەکان داوای لە هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەیى ئەڵمانیا کرد، بە ئەرک و بەرپرسیارییەکانی هەستێت.

کاتیا کیپینگ هاوسەرۆکی حیزبی چەپی ئەڵمانیا رایگەیاند، هێرشە قورسەکانی دەوڵەتى تورک بۆ سەر هەدەپە ئیدانە دەکەم. راشیگەیاند، لەم رۆژانەدا سەدان ئەندامی هەدەپە دەستگیرکراون و دوێنێش بۆ زەوتکردنی مافی پارێزبەندیی ٩ پەرلەمانتاری هەدەپە پرۆژەیەکیان داوەتە پەرلەمانی تورکیا، بەڵام ئێمە دەمانەوێت بە خێرایی کۆتایی بەو گوشارانە بهێنرێت.

هاوسەرۆکی حیزبی چەپی ئەڵمانیا داوای لە هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەى ئەڵمانیا کردووە، بە لێدوانی روون و ئاشکرا و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی گەل ئیدانە بکات و وتیشی "دەبێت پێشێلکردنی مافە بنەڕەتی و سەرەکییەکانی مرۆڤ لە تورکیا لەلایەن سەرۆک کۆمار ئەردۆغانەوە، چاوپۆشیی لێ نەکرێت".

"ئۆپۆزسیۆن باجی پەیوەندی لەگەڵ ئەردۆغان دەدات"

کاتیا کیپینگ باسی ئەوەیکرد، بە بەردەوامی ئۆپۆزسیۆن باجی پەیوەندیی نێوان حکومەتی ئەڵمانیا و ئەردۆغانی داوە و دەبنە قوربانیی ئەو پەیوەندییە لەگەڵ تورکیا و وتی، "هەر کاتێک پەیوەندی لەگەڵ ئەردۆغان هەندێک بەرەوپێش دەڕوات، خێرا لە تورکیا گوشارەکان لە دژی ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتیک زیاتر دەکات. ئەوەش بە مانای ئەوەیە، ئەڵمانیا هاوبەشە لە تاوانەکانی ئەو رژێمەدا".

کاتیا کیپینگ هاوسەرۆکی حیزبی چەپی ئەڵمانیا رەخنەى لە بێدەنگیی حیزبی سۆسیال دیموکرات (SPD)ی هاوپەیمانی حکومەتەکەى مێرکل گرت و وتی، "دەبێت لە حکومەتی فیدراڵ بپرسرێت، ئێوە بەهای مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی بەپێی کام حساب و بەرژەوەندی دەپێون؟".

ژ.ت