وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلۆ لە ناوەندی گشتی دەم پارتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و هەڵسەنگاندی بۆ ڕۆژەڤەکان کرد.
لەسەرەتای قسەکانییدا تورکئۆغلۆ سەرنجی خستەسەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر گەل و خاکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەرخۆدانی ژیانی لە دژی ئەو هێرشانە و وتی: "لە دەسەڵاتداری دەپرسین چیتان دەوێت لە گیانی گەلان و ژنانی ڕۆژئاوا؟ ئەوەی ئەنجامی دەدەن پاراستنی گۆڕەپانە ژیانییەکانی خۆیانە و بەرەنگاری هێرشەکان دەبنەوە."
لە بەردەوامییدا تورکئۆغلۆ دەسنیشانیکرد هێشتا هیچ شتێکی ڕەخساندنی هەلومەرجی ئاشتی لە ئارادانییە، جەختیکردەوە لەوەی ڕوانگە و نەخشەڕێگەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئازادی ژنان و پێکەوەژیانی هاوبەشی گەلانی تورکیا زۆر گرنگە و هەموو شتێکی لەم ڕووەوە بە ڕوونی نیشان داوە.
لە کۆتاییدا تورکئۆغلۆ سەرنجی خستەسەر گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ و گوتی: "گۆشەگیری ئاستەنگە لە پێش پرۆسەی ئاشتی. چاوپێکەوتنەکان گرنگن بەڵام دەبێت ئەم چاوپێکەوتنانە لە چوارچێوەیەکی یاساییدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەمەش پێویستە گۆشەگیری لا ببرێت. دەبێت هەلومەرجی کارکردن بۆ ڕێبەر ئاپۆ بهێنرێتە ئاراوە و هەنگاوی سەرەتا بەرەوە ئاشتی بنرێت. ئەمەش بە تێکۆشانی ئێمەی ژنان دێتە ئاراوە. لەبەرئەوەی ژنان قوربانی گەورەی شەڕن. ئەوانەی پێشەنگایەتی بونیادنانی ئاشتییەکی بە شکۆ دەکەن ژن و گەنجانن. بانگەوازیمان لە ژنانە لە دەوری ئاشتییەکی شکۆدارانە کۆببنەوە و ژیانێکی ئازاد و یەکسان درووست بکەن."