خەڵاتی جەمال نەبەز درایە مامۆستای کورد زارا موحەمەدی

خەڵاتی جەمال نەبەزی بەرلین درایە مامۆستای کورد زارا موحەمەدی کە لەلایەن ئێرانەوە گیرا و دواتر ئازادکرا.

کۆمیتەی خەڵاتی جەمال نەبەزی بەرلین ڕایگەیاند، یەکەمین خەڵاتی جەمال نەبەزیان داوە بە مامۆستای کورد، زارا موحەمەدی، کە لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کورستان زمانی کوردی دەپارێزێت.

کۆمیتەی خەڵاتی جەمال نەبەز لە ٧ کوردی چوارپارچەی کوردستان پێکدێت.

کانی موحەمەدی بەناوی زارای خوشکییەوە خەڵاتەکەی وەرگرت.

کۆمیتەکە دەربارەی خەڵاتکردنی زارا موحەمەدی دەڵێت: "خەڵاتکردنی زارا موحەمەدی ڕێزێکە لە هەوڵ و تێکۆشانی بێوچان و خۆبەخشانەی لە پێناو فێرکاریی زمانی کوردی، داکۆکیکردن لە مافی بنەڕەتیی زمانی دایکی، و بەرەنگاربوونەوەی لە دژی نکۆڵیکردنی ناسنامەی کوردی. زارا لەم ڕێبازەدا لە بارودۆخی دژواری کوردستاندا، کە زمان و ناسنامەکەی ڕێبەند کراون، بە ساڵانێک بەردەوام بووە. ئەو هەر بە هەوڵی تاکەکەسیی خۆی نەوەستاوە و بە هاوڕێیی ڕێکخراوەی  ناحکومی نۆژین و بەهەرەوەزی پەرەی بە خەباتەکەی داوە.
زارا، سەرەڕای زەبروزەنگی زۆر و حوکمی ناڕەوا و زیندانیکردنی، بەئاشکرا و لە پانتایی گشتیی کۆمەڵگادا ئازایانە دەنگی لە دژی نادادپەروەریی زمانی و ناسنامەیی هەڵبڕیوە. بەم چەشنەش، ڕۆڵێکی گرینگی لە هۆشیارکردنەوەی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان لەمەڕ ئەو نادادپەروەرییە هەبووە. ئەم خەباتەشی کاریگەریی مەزنی هەبووە؛ بە جۆرێک کە بووەتە هێما و ئیلهامبەخشی زۆرێک لە گەنجان و ژنان".

ئەندامی کۆمیسیۆنی چاندی و جڤاکی کۆمەڵەی نوژینی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زارا موحەمەدی، لە شوباتی ٢٠٢٠ لەبەر فێرکردنی زمانی کوردی، لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە ٥ ساڵ سزای زیندنای بەسەردا سەپێنرا.

زارا مانگی شوباتی پێشوو ئازدکرا. ئەوکات لە پەیامێکی ڤیدیۆیی گوتی: "بەبێ ئاگاداری خۆم و بنەماڵەکەم و ئەندامانی کۆمەڵەی نوژین و پارێزەرەکەم، هەروەها بەبێ ئەوەی لەلایەن خۆم یان پارێزەرەکەمەوە داوای لێبوردن پێشکەش بکرێت، بەپەلە ئازادکرام".

دووپاتی کردەوە: "من پێشتر لەڕێی پارێزەرەکەمەوە بە بەرپرسانی دادوەریم گوتبوو، هەرگیز داوای لێبووردن ناکەم".