خەلیل غەزەلی: پێویستە هەر تاکێکی کورد لەپێناو ئازادی ئۆجالاندا هەنگاو بنێت

رۆژنامەوان خەلیل غەزەلی باس لەوەدەکات گۆشەگیری رەها لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خراپترین جۆری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و داواش دەکات هەموو تاکێکی کورد لە چوارچێوەی کەمپینی ''ئازادی بۆ ئۆجالان'' دا بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی هەنگاو بنێن.

لە چاوپێکەوتنێکدا رۆژنامەوان و چالاکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان خەلیل غەزەلی هەڵسەنگاندنی بۆ پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەری ١٩٩٨ لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و بە ئاماژەدان بەوەی ماوەی زیاتر لە ٣٠ مانگە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەبارەی عەبدوڵا ئۆجالانەوە بەردەست نییە، داوای لەگەلی کورد ئەرکی ئەخلاقی و نەتەوەیی و نیشتمانی خۆیان جێبەجێ بکەن و دوور لە هەر چەشنە دەمارگرژییەکی سیاسی، حیزبی، ڕەگەزی لە دژی گۆشەگیری و لەپێناو ئازادی عەبدوڵا ئۆجالاندا هەڵوێستیان هەبێت.

دەقی هەڵسەنگاندنەکانی خەلیل غەزەلی لەم چاوپێکەوتنەدا بەم جۆرەیە:

"لە بەرەبەری ٢٥ەمین ساڵوەڕی پیلانگێرێ نێونەتەوەیی دژی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان کە سەرئەنجامەکەی بوو بە زیندانی ئیمڕاڵی؛ پاڵپشتی خۆم لە کەمپێینی ئازادی بۆ ئۆجەلان دەردەبڕم. هۆکارەکانی پشتیوانی من لە کەمپینی ئازادی بۆ بەڕێز ئۆجالان بەو جۆرەیە کە:

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە دەوڵەتی تورک  لە چوارچێوەی دۆسیەی تیرۆر و تیرۆریزمدا دەڕوانێتە بزوتنەوەی '' پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)''  و بەڕێز ئۆجالان و بەو جۆرە لە بەرامبەر گەلی کورد لە باکوری کوردستان و حەتا دەتوانم بڵێم لە بەرامبەر هەر چوار بەشی کوردستان ڕاوەستاوەتەوە. جێگەی داخ و پەژارەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک ئەمریکا و ئەوروپا، پاڵپشتی لە دەوڵەتی تورک دەکەن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەگەر بە پێی پرەنسیپە مرۆڤی و نێونەتەوەییەکان بڕوانینە کردەوەکانی دەوڵەتی تورک و گەلی کورد کە بۆ ڕزگاری و گەیشتن بە مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆی تێکۆشان دەکات؛ و بەیەکتریان بەراورد بکەین، بێگومان کردەوەکانی دەوڵەتی تورک دەچنە چوارچیوەی تیرۆریسم. دەوڵەتی تورک تەنیا لەکاتی سەرۆکایەتی بیست و چەندساڵەی ئەردۆغاندا نا، بەڵکوو لەدەستپێکی سەرهەڵدانی کەمالیسمەوە دەستی کردووە بە کۆمەڵکوژی و ژینۆسایدی گەلی کورد. سەرجەم کردەوەکانی دەوڵەتی تورک لە ٨٠ ساڵی ڕابردوودا لەدژی گەلی کورد تیرۆریستی بووە؛ کەچی بەداخەوە دەبینین کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی و قوربانی کردنی مافی مرۆڤ و لە دژایەتی حەقیقەتدا هەنگاو دەنێ و بەرەوپێش دەچێ. ئەمن لە دوو ڕوانگەوە چاولەو پرسە دەکەم و و بە ئەرکی سەرشانی هەر کورد و کۆڕ و ناوەندی کوردانی دەزانم کە لەسەر ئەوبنەمایە خاوەن هەڵوێست بن. یەکەم؛ لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە. ئێمە ئەگەر لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە بڕوانینە بابەتەکە، دەبینین کە مافەکانی مرۆڤ، دیاردەیەکی گەردوونیە. بە واتایەکی دیکە ناتوانین لە دەلاقەی ئایدۆلۆژی، ڕەگەز، زمان، خاک و ئەوجۆرە بابەتانە بڕاونینە بابەتی مافی مرۆڤ. ئەوانە هیچیان مافی مرۆڤ لەخۆوە ناگرن. کاتێک مافەکانی کەسێک بنپێ دەکرێ، ئیتر نابێ کورد، عەڕەب، فارس، ئینگلیزی، ئەمریکایی و حەتا ژن و پیاو و ڕەش پێست و سپی پێست بوونی بۆ ئێمە گرینگ بێ. نابێ ئەو بابەتانە سرنجمان ڕابکێشێ. پێویستە مافی مرۆڤ بۆ هەموو کەس وەکوو یەک بێ. ئەگەر مافێک بنپێ دەکرێ، ئەرکی ئێمەیە، دەنگ هەڵبڕین. بەداخەوە ئەوە لە سیاسەتی کورد دا نابینم. یەکەم ئەوەیکە، بەداخەوە ئێمەی کورد یەکدەنگ نین، دووهەم؛ بە پێی بەرژەوەندی ئایدۆلۆژی و حیزبی و بە حەز و ویستی خۆمانەوە بەرەوڕووی مافەکانی مرۆڤ دەبینەوە. ئەو ستەمە لە سەر ڕێبەر ئاپۆ بە ڕوونی دەدیترێ. ئێستا ٢٥ ساڵ بەسەر زیندانی بوونی بەڕێز ئۆجالان لە زیندانێکی تاکەکەسیدا تێدەپەڕێ، ئەوە نمونەی هەرە بەرچاوی ئەشکەنجەیە. زیندانی تاکەکەسی بەپێی بنەماکانی مافی مرۆڤ، بەواتای ئەشکەنجەیە. سەرەڕای ئەوەش، نزیکەی ٣٠ مانگە هیچ زانیارییەک لە سەر دۆخی بەڕێز ئۆجالان نییە. پارێزەران و بنەماڵە ئیزنی چاوپێکەوتنیان پێنادرێ. تەنانەت پەیوەندییان بە جیهانی دەرەوە نییە. ئەوە خراپترین جۆری ئەشکەنجە و بنپێکردنی مافەکانی مرۆڤە. بەداخەوە ئێمە بە ڕادەی پێویست سرنجمان نەداوەتێ. ئەرکی ئەخلاقی ئێمەیە خوازیاری ئازادی بەڕێز ئۆجالان بین. پێویستە هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە.ئێمە ئەو مافە دەدەینە خۆمان کە لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی ئازەری، ترک، ئینگلیزی، ئەمریکایی، ئەفریقای باشوور و هیندییەک وەدەنگ بێین و بانگەوازی بۆ بکەین. ئەوە دروستە و پێویستە ئەو بکرێت، بەڵام بۆ بابەتی عەبدوڵا ئۆجالان بێدەنگین. هەمووی ئەوانە دەچنە خانەی حیزبایەتی و خوێندنەوەی هەڵەی ئێمەیە لە مافی مرۆڤ و حیزبایەتی. ئێستا با لە ڕوانگەیەکی سیاسییەوە چاو لە پرسەکە بکەین. ئۆجالان نەتەوەیەکی ڕزگار کردووە. ئەگەر بەدروستی چاو لێبکەین، دەبینین لە ٨٠ ساڵی ڕابردوودا سیاسەتی داگیرکاری لە ترکیە پەیڕەو کراوە. جۆرێک لە سیاسەتی پاکتاوی زمانی و فەرهەنگی پێکهێنراوە و ئەوە بەدەر لە پاکتاوی جەستەیی و کۆمەڵکوژییە. ئەوە هەڵوێست و بزووتنەوەی بەڕێز ئۆجالان بوو کە توانی سەرلەنوێ کورد زیندوو بکاتەوە، دەنا تاوەکوو ئێستا تەنانەت شتێک بەناوی کورد لە تورکیا دا بوونی نەدەما. ئایا ئەو کارەی عەبدوڵا ئۆجالان تیرۆریسمە؟! ئایا ئەوەی بۆ تاکی خۆی کردووە؟!نەخێر؛ بەڕێزیان کارێکی نەتەوەیی کردووە و ئەگەر ئەوە نەکرابا، ئەوڕۆ بوونێک بەناوی کوردمان لە تورکیەدا نەدەبینی. ئەو بزوتنەوەیە جیا لە ژیان بەخشینەوە بە کورد، حکومەتی ئەو وڵاتەی ناچار کردووە هەبوونی کورد قەبووڵ بکات.هەر ئەو بابەتە دەوڵەتی تورکی تۆقاندووە و دەوڵەت بەتەواوی توانایەوە قۆڵی بۆ لەناوبردنی ئۆجالان، هزر و ڕێبازەکەی هەڵماڵیوە. ئەوە بەواتای پشتیوانی کردنی من لە حێزبی  سیاسی ئەو نییە و ئەمن لە چوارچێوەی مافی مرۆڤدا پشتیوانی خۆم لەو ڕادەگەیێنم. ئەمن وەک کوردێک، خۆشحاڵم کە دەبینم بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیانی کوردم لە تواندنەوە ڕزگاریان بووە. پشتیوانیەکانی من ئەرکێکی ئەخلاقییە. هەرکاتێک ستەمێکی جیهانی پێکبێت، ئەرکی منە بەرامبەر ئەو ستەمکارییە بوەستمەوە.لە کۆتاییدا؛ لە هەموو کوردان داواکارم کە بە ئەرکی ئەخلاقی و نەتەوەیی و نیشتمانی خۆیان هەستن و دوور لە هەر چەشنە دەمارگرژییەکی سیاسی، حیزبی، ڕەگەزی و ... بڕواننە حەقیقەت و پارێزگاری لێبکەن. کاتێک کەسایەتییەک سەریهەڵداوە و بزووتنەوەیەکی گەورەی بۆ ڕزگاری نیشتمان و گەلەکەی پێکهێناوە و هزری ئەو بۆتە سەبەبی ڕزگاری گەل، ئەرکی هەر تاکێکی کوردە کە لە چوارچێوەی کەمپینی '' ئازادی بۆ ئۆجالان ''  دا بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی هەنگاو بنێت."