کەجەدەکە بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە چالاکی کتێبەکانی عەبدوڵا ئۆجالان

کەجەدەکە بە ڕاگەیاندراوێک بانگەوازی لە گەل کرد بەشداربن لە چالاکییەکانی "١٠ ی کانوونی یەکەم، ڕۆژی کتێبەکانی ئۆجالان"، بە ئامانجی گەیاندنی ڕامانەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە جەماوەر.

لە ڕاگەیاندراوی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە) هاتووە، فیکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە هەموو جیهان بڵاوبۆتەوە و دەڵێت: "ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان لەڕێگەی پارادایمی ئازادی ژنەوە کاریگەری لەسەر جیهان داناوە و لەم سەردەمەدا وەک بیرمەندێک کە پێشکەوتووترین پارادایمی پێشخستووە، سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە".

کەجەدەکە ڕایدەگەیەنێت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان فەیلەسووفێکی هاوچەرخە و چارەسەر بۆ بنبەستەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری پێشخستووە، دەڵێت: "ڕامانە ئایدۆلۆژییەکانی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان هەردەم لەسەر چارەسەرە. بۆیە تەنها پێشبینیکەر نییە، بەڵکو دەتوانێت بۆ چارەسەری کێشەکان ئەڵتەرناتیڤی پراکتیکی پێشکەش بکات.

ئەمڕۆ زۆرێک لە کەسانی سەراپای جیهان، مرۆڤایەتی پێشکەوتووخواز، کرێکار، گەلانی بندەست، بەتایبەت ژنان، سود لە فیکری وی وەردەگرن و بۆ جڤاکی خۆیان کەڵکی لێ وەردەگرن. دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، فیکری مۆدێرنیتەی دیموکراتیک ئەڵتەرناتیڤێکی گونجاوە بۆ هەموو گەلان".

کەجەدەکە بانگەوازی لە هەمووان کرد بەشداری چالاکییەکانی ڕۆژی کتێب لە ئەوروپا و ئەمریکای لاتین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوین بکەن.

هەروەها ڕایگەیاند، لە ١٠ ی کانوونی یەکەم، کاتژمێر ١٤:٠٠، کەمپەینێکی هاشتاگ لەسەر میدیای دیجیتاڵ ئەنجام دەدرێت.