"ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەلایەن دەسەڵاتەوە کراونەتە ئامانج"

پرۆفیسۆر دکتۆر ئومێد بیچەر نوێنەری (تیڤەڤ /TIHV ) کاردانەوە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنە پاکتاوکارییە سیاسییەکان هەبوو و ڕایگەیاند، پارێزەرانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەلایەن ئاکەپە - مەهەپەوە دەکرێنە ئامانج.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە / ÎHD) و دامەزراوەی مافی مرۆڤی تورکیا (تیهەڤ / TIHV) کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان لە لقی ئیهەدەی ئیستانبول سەبارەت بە گوشارەکانی دژ بە کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە)، پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) و کۆمەڵەى چاودێری کۆچبەران (گۆچ ئیزدەر / GOÇÎZDER) بەڕێوەبرد.

لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسیەکەدا لافیتەی "پارێزەرە دەستگیرکراوەکانی مافەکان ئازاد بکەن" هەڵواسرابوو. سزگین تانریکولو  پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، نوێنەرانی تیهەڤی ئیستەنبول ئومێد عەفە و ئومێد بێچەر، سەرۆکی لقی ئیهەدەی ئەستەنبوڵ گوڵسەرەن یۆلەری، ئەندامانی کۆمەڵەی پیشەگەرانی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتیەکان (SHU) لە ئەستەنبوڵ و ئەندامانی پشتیوانی لە پارێزەرانی مافەکان بەشداری کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکە بوون.

ئومێد بێچەر نوێنەری ئیستەنبووڵی (تیهەڤ) بەناوی بەشداربووانەوە بەیاننامەیەکی هاوبەشی خوێندەوە و ئاماژەی بەوە کرد، بەم دواییانە گوشارەکانی سەر داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی زیادی کردووە و لە بەردەوامیش دا وتی:  "لە بەیانیی ڕۆژی ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا، ئەندامی تیهەڤ و (SHU) بیلال یڵدز و بەڕێوەبەری لقی ئیهەدەی ئیستەنبول عەلی کۆچیت و بە گشتی ٢٢ ئەندام و بەڕێوەبەری گۆچ ئیزدەر دەستگیرکران. پۆلیس هەڵیکوتایە سەر بیناکانیان لە ئەستەنبوڵ و دەستیگرت بەسەر کەلوپەلەکانیان دا. بڕیاری کۆکردنەوەی کتێب و گۆڤارەکانیشیان درا. تاکە ئامانجی گۆچ ئیزدەر داواکاریی ژیانی مرۆڤیانەیە. بەهۆی چالاکییەکانیان لەو پێناوەدا تووشی بیانو پێگرتن و گێچەڵی دادوەری، پێشێلکاریی یاسایی، دەستگیرکردن و زیندانیکردن و دەستگیرکردنێکی هەڕەمەکی دەکرێنەوە. هەروەها بە شێوەی میزاجی چاودێریی دارایی و ئیدارییان دەخرێتە سەر".

بێچەر لە کۆتایدا وتی: "بە تایبەتی یاسای دژە تیرۆر وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن و دەیانەوێت لە ژێر ئەم گوشارەدا گۆەڕپانی مەدەنی بەتەواوی لەناوبەرن. پێویستە تورکیا بەپێی ئەو پەیمانە نێونەتەویانەی واژۆی کردوون هەڵسوکەوت بکات و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ بپارێزێت و ڕێز لەمافەکانی مرۆڤ بگرێت. ئێمە ئیدانەی ئەو گوشار و گێچەڵپێکردنەی دژ بە داکۆکیکارانی مافەکان دەکەین. پێویستە بەزووترین کات پارێزەرەر دەستگیرکراوەکانی مافەکان ئازاد بکرێن".

ژ.ت