كۆمسێۆنی باشوری كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتی كورد لە ئەوروپا یادی سەردەشت عوسمانی کردەوە

كۆمسێۆنی باشوری كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتی كورد لە ئەوروپا یادی سەردەشت عوسمانی رۆژنامەنووسی کردەوە، کە لە ٥ی ئایاری ٢٠١٠ لە شاری هەولێر لەلایەن چەکدارانی سەر بە بنەماڵەى بارزانییەوە لە بەردەم زانکۆکەیەدا ڕفێنرا و شەهید کرا.

دەقی راگەیاندراوی كۆمسێۆنی باشوری كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتی كورد لە ئەوروپا بە بۆنەى ساڵیادی شەهید بوونی سەردەشت عوسمان:

"یادی شەهید بوونی زەردەشت عوسمان بەرز و بەڕیز ڕادەگرین

زەردەشت عوسمان ئەو گەنجەی کە هیچ تاوانێكی نەبوو جگە لەوەی دەیویست بەشێوەیەکی ئازادانە لەگەڵ گەلەکەی ژیان بەردەوام بكات، ئەو گەنجێك بوو باش دەسەڵاتی ستەمكاری هەولێر و بنەماڵەی بارزانی ناسی بوو، هەربۆیە بوێرانە و ئازایانە بە بەڕویاندا وەستایەوە، سەرئەنجام لە سەر دەربڕینی بیر و بۆچوون و ڕای ئازاد، زەردەشت بە بەرچاوی خەڵكەوە بە ڕۆژی ڕووناك ڕفێنرا و دواتر بەشێوەیەکی نامرۆڤانە تیرۆر كرا، تەرمەکەی لە نزیک شاری موسڵ فڕێدرا.

ئەم تاوانە بەئاشکراو بەڕوونی لە ئەستۆی دەسەڵاتی هەولێر و بەتایبەت هەموو دەستەکان بۆ مەسرور بارزانی درێژ دەکرێت، سەرکوت و تیرۆر و تۆقاندن لەژێر دەسەڵاتی سەرانی بنەماڵەی بارزانی مێژوویەكی درێژی هەیە، ئەم مێژووە نە بەزەردەشت عوسمان دەستیپێکرد و نەبە تیرۆری ئەویش کۆتایی پێهاتووە.

لەئێستاشدا سەدان چالاکوانی سیاسی و مەدەنی لە زیندانەکانی هەولێر و بادینان زیندانین و لە بارودۆخێکی یەکجار سەخت و دژواردا ڕۆژگار بەسەردەبەن، بەدەیان دەستبەسەر و زیندانی بێ تاوانی کوردانی باکور و شۆڕشگێرەکانی لەسەر داوا و داخوازی دەوڵەتی تورک و میت زیندانی کراون.

لەچەند ڕۆژی ڕابردووش هێزە ئەمنیەکانی شاری هەولێر بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت، هێرشی توندیان کردە سەر خۆپیشاندەرانی شاری هەولێر کە دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورک و هاوکاری و خیانەتی سەرانی پارتی و بەتایبەت مەسرور بارزانی ئەنجام درابوو.

ئێمە وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی زەردەشت عوسمان، لەهەمان کاتدا بە دەنگی زولال هاوار دەكەین و دەڵێن (کات کاتی شکاندنی بێدەنگییە)، كاتی هاتنە مەیدانی ئازادیخوازان و گەلی ستەملێكراوی كوردە، کە ئیتر سنورێک بۆ دەسەڵاتی سەرکوت و ئیرهابی بنەماڵەی بارزانی دابنێن.

 ئێمە وەک کۆمسیونەکانی باشوری کوردستانی (کەجەدەکە_ئەوروپا)، بانگەوازی لە گەلی کورد لە ناوەوە و دەرەوەی ووڵات دەكەین  بە ڕۆحی پیرۆزی ئازادی و نەترسی زەردەشت عوسمان بێنە دەنگ لەدژی دەسەڵاتی پارتی و بنەماڵەی بارزانی، لەهەر ووڵات و شار و شوئنێك كە کوردی ئازادیخواز هەیە بە بەرفراوانی بەشداری بكەن لە یادی تیرۆری زەردەشت عوسماندا و بێ دەنگی بشكێنن لە بەرامبەر بنەماڵەی بارزانی."

ژ.ت