کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان قوربانیانی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی بە بیر هێنایەوە
کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان (جیک)، لە راگەیەندراوێکدا قوربانیانی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی بەبیرهێنایەوە و ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر هێرشەکانی سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربڕی.
کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان (جیک)، لە راگەیەندراوێکدا قوربانیانی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی بەبیرهێنایەوە و ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر هێرشەکانی سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربڕی.
کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژییەی بەبیر هێنایەوە.
راگەیەندراوەکەی کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان (جیک) بەم شێوەیە:
"ئەوە سەد ساڵە کۆماری تورانیزم و کەماڵیزم هەموو جۆرە سیاسەتێکی قڕکردن و لەناوبردن بەسەر گەلەکەماندا ئەنجام دەدەن، لە مێژووی کۆنەوە هەتا ئێستا سەرهەڵدان و داخوازییەکانی گەلەکەمان تەنیا بە کوشتن و قڕکردن وەڵام دراوەتەوە.
قڕکردن و لەناوبردنی زمان، کولتوور، مێژوو، ئایین و سروشتی کوردستان بەبێ پچڕان لەلایان دەوڵەتی تورکەوە بەردەوامە.
باوباپیرانمانیان تیرۆرکران، لەسێدارەدران و گۆڕیان دیار نییە. ڕۆژانە ڕۆڵەکانی ئەم گەلە بە شێوەیەکی دڕندانە تیرۆردەکرێن. لە ڕۆژئاوای وڵاتەکەمان کە ژمارەی دانیشتوانی چوار ملیۆن کەسە دەیانەوێ کۆمەڵکوژیان بکەن، ئاو، نان، سووتەمەنی، نەخۆشخانە و کارەبا بۆردومان دەکەن، بەمانە تێر نابن خەڵکی بێتاوانیش تیرۆر دەکەن.
لە ڕۆژی 28ی کانونی یەکەمی ساڵی 2011 کۆمەڵێک ڕۆڵەی کورد لە رۆبۆسکی سەر بە قلابان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردومان کران و 34 کەس ژیانیان لەدەستدا. ئەمە کۆمەڵکوژییەکی ڕوون و ئاشکرا بوو.
کورد نابێت هەرگیز ئەم دوژمنە دڕندەیە لەبیر بکات و بە بێدەربەست و ناوشیارانە نەژین. دوای ئەم کۆمەڵکوژییە، کۆمەڵکوژی زیاتر و توندتر و بەردەوامتر لە هەر چوار لای وڵاتەکەماندا ئەنجام دەدرێن.
ئێمەی کورد تەنها یەک ڕێگامان لەبەر دەست ماوە، بەرخۆدان و ئازادی. پێویستە هەموو گەلەکەمان لە نزیکەوە دوژمنانی نەتەوەکەی بناسێت و دژی ئەم قڕکەرییانە شەڕ بکات.
ئێمە لە یادکردنەوەی ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکیدا دەڵێین تا کورد و کوردستان ئازاد نەبن ئەم قڕکردنانە بە شێوەی جیاواز بەردەوام دەبێت.