کۆنگرەی گەل: لەپێناو دادپەروەری، ٦ ی کانوونی دووەم لە پاریس کۆدەبینەوە

کۆنگرەی گەل شەهیدانی پاریسی بیرهێنایەوە گوتی: "بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی هێزە تاریکەکان، پێویستە هەمووان لە ٦ ی کانوونی دووەم لە پاریس کۆببنەوە".

لە ڕاگەیاندراوی نوسراوی دیوانی هاوسەرۆکایەتی گۆنگرەی گەل هاتووە: "شەهیدەکانمان ساکینە جانسیز (سارا) و فیدان دۆگان (ڕۆژبین) و لەیلا شایلەمەز (ڕۆناهی) و ئەمینە کارا (ئەڤین گۆیی) و میر پەروەر (محەمەد شیرین ئایدن) و عەبدولرەحمان کیزیل کە لە پاریس لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەهیدکران بە ئازارێکی قووڵ و ڕێزدارییەوە بەبیر دەهێنینەوە".

ڕاگەیاندراوەکە دووپاتی دەکاتەوە، هەرچەند هێزی پشت کۆمەڵکوژییەکە ناسراون، بەڵام تا ئەمڕۆ ئاشکرا نەکراون، ئەمەش دەریدەخات فەرەنسا دەستی هەیە لەم کۆمەڵکوژییانەدا. بێجگە لەوەی فەرەنسا ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە سایکس بیکۆ و دابەشبوونی کوردستان.

بانگەواز لە دەوڵەتی فەرەنسا دەکات تاوانبارانی ڕاستەقینەی کۆمەڵکوژییەکان ئاشکرا بکات و ئەم تاوانە لەئەستۆی خۆی پاک بکاتەوە، دەڵێت: "پێویستە لەم قۆناغەدا فەرەنسا وەک وڵاتێک ڕۆڵی چارەسەر بگێڕێت. لەم چوارچێوەیەدا، دەبێت هەم کۆمەڵکوژی سەر ژنە پێشەنگەکانی کورد ئاشکرا بکات، هەمیش وەڵامی داخوازییەکانی ڕای گشتی بداتەوە، هەم ئەرکی چارەسەری پرسی کورد بگرێتە ئەستۆ".

کۆنگرەی گەل لە کۆتاییدا دەڵێت: "بۆ ئاشکراکردنی بکوژانی ڕاستەقینە و دابینکردنی دادپەروەری. تاوەکو لێپرسینەوە لە بکوژانی ژنانی پێشەنگی کورد بکرێت. تاوەکو بزانرێت ئێمە هەرگیز بێدەنگ نابین و لێپرسینەوەیان لێ دەکەین. بۆ ئەوەی توڕەیی خۆمان بەرامبەر تاریکیی سەر کۆمەڵکوژییەکان بەرزبکەینەوە، پێویستە هەمووان لە ٦ ی کانوونی دووەم لە پاریس کۆببنەوە".