لە پەیامەکەى کەنەکەدا هاتووە، "ئێمە داوا لە هەموو کوردستانیان ئەکەین لەهەرشوێنێک بن، بەشداریی لە پیرۆزبایی و چالاکییەکانی ١ی ئایاردا بکەن. لەو چالاکیانەدا دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر داگیرکاریی وداگیرکاران بڵند بکەن و پشتگیریی لە تێکۆشانی گەریلاکانی کوردستان بکەن".
دەقی پەیامەکەى کەنەکە بۆ ١ی ئایار:
١ی ئایار رۆژی کرێکاران و رەنجدەرانی دنیا پیرۆزبێت
کرێکاران و رەنجدەران بە خەباتی خۆیان، بە بەرخۆدانی خۆیان، بە ئارەقەی ناوچەوان و بە رەنجی خۆیان ١ی ئایاریان کردە رۆژی خۆیان. رۆژی " یەکێتی، تێکۆشان و هاوپشتیی ". ئەم جەژنە ئێستا لە سەرانسەری دنیادا پیرۆز دەکرێت. با رۆژی یەکی ئایار لە سەرجەم کرێکارو زەحمەتکێشانی دنیا پیرۆز بێت.
جەژنی ١ی ئایار جەژنی هەموو خەڵکی کوردستانە. خەڵکی کوردستانیش سەدان ساڵە بۆ ئازادی و رزگاری و ژیانێکی ئاسوودە و سەرفراز تێدەکۆشن. ئەم تێکۆشانە خۆی رەنجێکی گەورەو بەهادارە. لەبەرئەوەی کوردستانیان کرێکار و رەنجدەری ئازادی و رزگارین. هەربۆیە خەڵکی کوردستان پێکەوە رۆژی یەکی ئایار " ئایار" بە جەژنی خۆیان ئەزانن. با ١ ئایار لەئەوان، لە گەریلاو پێشمەرگە، لە هەموو خەباتکارانی دۆزی ئازادی کوردستان پیرۆزبێت.
رژێمی سەرکوتکەرەکان هەمیشە پیرۆزکردنی ئەم رۆژەیان یاساغ کردووە. هەزاران لەمپەرو بەربەستیان خستۆتە بەردەم کرێکار و رەنجدەران تا ئەم رۆژە وەک جەژن پیرۆز نەکەن. بەڵام خەڵک بێ سڵەمینەوە، بەردەوام بە تێکۆشان و رەنجی خۆیان ئەم رۆژەیان کردە حەقیقەت و ساڵانە پیرۆزی دەکەن. گەلی کوردیش لە دێر زەمانەوە ١ی گولانی وەک جەژنێکی خۆی قبوڵ کردووەو بە دڵگەرمی و جۆشوخرۆشەوە پیرۆزی دەکات.
ئەمساڵ خەڵکی کوردستان لە ژێر هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر گەلی کوردستان و دەستکەوتەکانی ١ی ئایار پیرۆز دەکەن. بەتایبەتیش هێرشی تورکیا بۆسەر باشووری کوردستان. دوو هەفتە پێش ئێستا ئەو رژێمە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە هەرێمی زاپ و ئاڤاشین، دەستپێکرد. ئێستا لەو ناوچانە شەڕێکی سەخت بەردەوامە. هێزەکانی پاراستنی گەل. هێزەکانی ئازادیی، گەریلاکانی کوردستان، بە قارەمانێتییەکی بێ هاوتا بەرخۆدان دەکەن و زەبری کوشندە لە دوژمنان دەدەن. ئەم هێرشانە هەر بە تەنیا دژی هێزەکانی پاراستنی گەل نین، بەڵکو هێرشە لەسەر هەموو دەستکەوتە کوردستانییەکان و ئامانجیش داگیرکردنی باشووری کوردستانە. لە هەمان کاتدا هێرش لەسەر رۆژاوای کوردستانیش بەردەوامە. لە لایەکی دیکەشەوە حکومەتی عێراق هێزی بردۆتە شەنگاڵ و ئەیەوێ ئیرادەی خەڵکی شەنگاڵ پشتگوێ بخات و بەڕێوەبەریی خۆسەریی شەنگاڵ هەڵوەشێنێت. پڕۆژەی نەیاران زۆر و گەورەن و هەموو دەستکەوتەکانی کوردستانیان لەژێر هەڕەشەدان. پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان دژی ئەم هێرشانە هەڵوێست بنوێنن.
بەو بۆنەیەوە ئێمە داوا لە هەموو کوردستانیان ئەکەین لەهەرشوێنێک بن، بەشداریی لە پیرۆزبایی و چالاکییەکانی ١ی ئایاردا بکەن. لەو چالاکیانەدا دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر داگیرکاریی وداگیرکاران بڵند بکەن و پشتگیریی لە تێکۆشانی گەریلاکانی کوردستان بکەن.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ١ی گولان، رۆژی کرێکار و رەنجدەران، لە خەڵکی کوردستان و تەواوی خەڵکی جیهان پیرۆز دەکات.
ژ.ت