کەنەکە: بە ئەندازەی دەوڵەتی تورک سی پی تی و کۆنسەی ئەوروپا لە دۆخی ئیمڕالی بەرپرسیارن

کەنەکە لەبارەی گۆشەگیری ئیمڕالی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی، " پێویستە سی پی تی و کۆنسەی ئەوروپا بە زوترین کات ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و گەلی کوردستان و جیهان لە دۆخی بەڕێز ئۆجالان ئاگادار بکەنەوە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەبارەی راگەیەندراوەکەی پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە لەبارەی ئیمڕالیەوە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی، بە ئەندازەی دەوڵەتی تورک، سی پی تی و کۆنسەی ئەوروپاش لە دۆخی ئیمڕالی بەرپرسیارن.

راگەیەندراوەکەی کەنەکە بەم شێوەیەیە؛

" زیاتر لە ٢٠ مانگە ئاگاداری دۆخی بەڕێز عەبدوڵلا ئۆجالان نین. بەڕێز ئۆجالان ٢٤ ساڵە لەژێر گۆشەگیریەکی قورسدا لە دورگەی ئیمڕالی راگیراوە. دوایین جار ٢٥ی مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢١، پێنج خولەک لەگەڵ براکەی قسەی کرد. دوای ئەو قسەکردنە، نە خانەوادە و نە پارێزەرانی و نە کەسێکی دیکە، نەیبینیوە و قسەی لەگەڵی نەکردووە. لەگەڵ هەموو سەردانێکی خانەوادە و پارێزەرانی، دەوڵەتی مۆڵەتی نەداوە کەس بچێت و بیبینێت. هەمان گۆشەگیری رەها لەسەر زیندانیەکانی دیکەی ئیمڕالی بەڕێز حامیلی یڵدرم، بەڕێز خەیری کۆنار و بەڕێز وەیسی ئاکتاش هەیە کە ئەوانیش لە ئیمڕالی راگیراون.

مانگی ئەیلولی رابردوو، نوێنەری سی پی تی چووە ئیمڕالی. تاوەکو ئێستا لەبارەی دۆخی بەڕێز ئۆجالان و زیندانیانی دیکە، هیچ زانیاریەکی بڵاونەکردووتەوە. بەگوێرەی راگەیەندراوی پارێزەرانی بەڕێز ئۆجالان، کاتێک شانی سی پی تی چووەتە ئیمڕالیم بەڕێز ئۆجالان چاوپێکەوتنی لەگەڵ شاندەکە رەتکردووتەوە. ئەمە دۆخێکی نوێیە و جێگەی نیگەرانی و مەترسیە. ئێمە راگەیەندراوەکەی پارێزەران بە جددی دەبینین و چاودێری دۆخەکە دەکەین.

دەوڵەتی تورک، بە هەموو شێوەیەک بەرپرسیاری ئەم دۆخەیە. هەرچیەک رووبدات، دەوڵەتی تورک بەرپرسیارە و لە ساڵی ١٩٩٩ەوە بە دەستی بەرپرسانی تورک، ناعەداڵەتیەکی گەورە لە ئیمڕالی بەڕێوە دەبرێت. بە ئەندازەی دەوڵەتی تورک، سی پی تی و کۆنسەی ئەوروپاش بەرپرسیارن.

سی پی تی دەزگایەکی کۆنسەی ئەوروپایە. پێویستە سی پی تی و کۆنسەی ئەوروپا بە زوترین کات ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و گەلی کوردستان و جیهان ئاگادار بکەن و بە زوترین کات، لە دۆخی بەڕێز ئۆجالان و زیندانیانی دیکە بپرسنەوە.

بۆیەش بانگەوازی لە سی پی تی و کۆنسەی ئەوروپا دەکەین کە قسە بکەن و لەسەر دۆخەکە زانیاری بڵاوبکەنەوە.

بانگەوازیمان بۆ هەموو کوردستانیان و دۆستەکانیان ئەوەیە کە خاوەنداری لە بەڕێز ئۆجالان و زیندانیانی دیکە بکەن و کەمپەینی ئازادی بۆ بەڕێز ئۆجالان، بە شێوەیەکی بەهێزتر بەڕێوە ببەن."

ف.ق