کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق پشتیوانی لە "هەڵمەتی ئازادی" دەکەن

سیاسەتمەداری عێراقی، شێخ ڕەحیم سەعدی، پشگیری بۆ هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەربڕی و دەڵێت: "فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان چارەسەرە بۆ هەموو کێشەکانی ناوچەکە".

تا دێت پشتیوانییەکان بۆ هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە جیهاندا زیاتر دەبن، کەسایەتییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی عێراقیش داوای ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد دەکەن.

لەو چوارچێوەیەدا، سیاسەتمەدار و بەرپرسی حزبی یەکگرتووی دیموکراسی عێراق، شێخ ڕەحیم سەعدی قسەی بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز کرد. شێخ ڕەحیم پشتیوانی بۆ هەڵمەتە ڕاگەیاند و هۆشداری دا لەسەر دەرئەنجامەکانی ئەشکەنجەدانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

شێخ ڕەحیم گوتی: "فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان بە چارەسەرێكی هەمەلایەنە بۆ هەموو كێشەكانی ناوچەكە و بە تایبەت پرسی كورد دەبینین، داوای ئازادكردنی ڕێبەر و بیرمەندی كورد عەبدوڵا ئۆجالان و گەڕانەوەی بۆ دۆخی ئاسایی خۆی دەكەین".