لە شاری مارسیلیای فەرەنسا بە بەشداری زیاتر لە دە هەزار کەس لە کوردستانیان و دۆستانیان، دووەمین فیستیڤاڵی ڕۆشنبیریی کوردی سینان دێرسیم بەڕێوەچوو. لە فیستیڤاڵەکەدا داوای ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرا و سڵاو لە بەرخۆدانی گەریلا کرا.
فیستیڤاڵەکە لە پارک لا ڕۆزی بەڕێوەچوو و چەندین کەس لە شارەکانی دراگوینان، مۆنتپلیەر، ئاڤیگنۆن، تولوس و بۆردیو بەشدارییان تیادا کرد.
جەماوەری گەل سەرلەبەیانی ڕوویان لە گۆڕەپان و ناوچەى فیستیڤاڵەکە کرد و بەشداربوونی زۆری گەنجان سەرنجڕاکێش بوو.
بەرنامەی فیستیڤاڵەکە کاتژمێر ١٣:٠٠ بە خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی شۆڕشی کوردستان دەستیپێکرد.
پاشان هاوسەرۆکانی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە مارسیلیا سڵاویان لە بەشداربووان کرد و سوپاسی کۆمیتەی ئامادەکاری فێستیڤاڵەکەیان کرد.
لەفیستیڤاڵەکەدا گروپی هونەریی ئارام، هۆزان، مەناڵ و هۆزان ڕێبەر، هۆزان جانێ و شڤان پەروەر چوونە سەر تەختە و هونەری خۆیان پێشکەشکرد.
ڕەمزی کارتاڵ هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل وتی: "ئێمە گەیشتینە فیناڵ و کۆتایی. گەریلاکان بەرخۆدانێکی بێ هاوتا دەکات. ئەوەی پێویستە ئێمە بیکەین، ئەوەیە کە شایستەی ئەو بەرخۆدانە بین و خاوەنداری و پشتیوانیی لێ بکەین و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکەین".
هەروەها بە ناوی دەزگا دۆستەکانی فەرەنساوە وتە پێشکەشکرا و داوای ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد کرا. هەروەها بە وتنەوەی دروشم سڵاو لە شەڕڤانانی ئازادیی کورد کرا.
ژ.ت