کورت: دەبێت رۆڵەکانمان بمرن تا داواکارییەکانیان جێبەجێ بێت؟

خەباتکاری گروپی یوروم جەمیل کورت ماوەی ١٠٤ رۆژە لەپێناو داواکاری گواستنەوە لە زیندانی ژمارە یەکی ئەرزڕوم مانی لە خواردن گرتووە. باوکی کورت دورسون کورت رایگەیاند، "بۆ ئەوەی داوای گواستنەوەی رۆڵەکانمان جێبەچێ بکرێت، دەبێت بمرن؟".

زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی تورکیا کە گۆشەگیری قورسیان لێدەکرێت، لە بەر ئەوەی ئاسانترین داواکارییان بۆ گواستنەوەش جێبەجێ ناکرێت ناچار دەبن چالاکی مانگرتن ئەنجام بدەن. یەک لەوانە زیندانی سیاسی و ئەندامی گروپی یوروم جەمیل کورتە کە دەیەوێت لە زیندانی ئاسایشی چڕی ژمارە ١ی دوملوی ئەرزڕومەوە بگوازرێتەوە بۆ زیندانێکی ئیستەنبوڵ کە بنەماڵەکەی لەو شارە دەژین.

ماوەی ١٠٤ رۆژە ئەو زیندانیە سیاسیە لە مانگرتن لە خواردنی بێگەڕانەوەدایە. دورسون کورت باوکی جەمیل کورت لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسەکەمان باسی لەوەکرد، کە بەهۆی مانگرتنەوە کێشی کوڕەکەی بۆ ٣٩ کیلۆگرام دابەزیوە و داوای کرد هەمووان لەو بارەوە هەڵوێستیان هەبێت و بە هەستیاریەوە مامەڵە بکرێت.

'کێشی جەمیل بۆ ٣٩ کیلۆ دابەزیوە و دۆخی ئالیشانیش دژوارە'

دورسون کورت ئەوەی خستەڕوو کە کوڕەکەی ئەندامی گروپی یورومە لە ساڵی ٢٠٢٢ کاتێک لە دژی قەدەغەی کونسێرت وەستاونەتەوە بە شێوەیەکی نایاسایی گیراون و ئەوەی خستەڕوو، "لە ٢١ی ئاداری ٢٠٢٣ کوڕەکەم لە زیندانی سیلڤری بۆ زیندانی ئاسایشی چڕی دوملوی ئەرزڕوم دوورخرایەوە. لەو کاتەوە ژیانمان گۆڕدرا بۆ زیندان، لەبەر نەخۆشی و بێتوانایی من لە رووی ئابوریە، ناتوانم بەردەوام بچمە سەردانی کوڕەکەم. زیندان دوملو وەک بیر وایە، ئەوێ زیندان نییە، ژوورەکانی وەک قوتون، جێگەی هەناسەدا و هەواگۆڕکێیان نییە. کوڕەکەم لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی ئالیشان گوڵ گۆشەگیر کراوە. ئەویش بە داواکاری گواستنەوە مانی لە خواردن گرتووە. دواجار کە بە تەلەفون قسەم لەگەڵ کوڕەکەمدا کرد وتی، کێشم بۆ ٣٩ کیلۆ دابەزیوە و دۆخی ئالشانیش دژوارە".

'با گوێ لە داواکاریمان بگیرێت'

کورت ئەوەی خستەڕوو کە داواکاری گواستنەوە ئاسانترین داواکارییە و دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت و وتی، "رۆڵەکانمان پێداگرن  کە تا داواکاریەکانیان جێبەجێ نەکرێت درێژە بە چالاکیەکانیان بدەن. بۆ ئەوەی داوای گواستنەوەی رۆڵەکانمان جێبەجێ بکرێت دەبێت بمرن؟. با دەنگی ئێمە ببیسترێت و گوێ لە داواکارییەکانمان بگیرێت".

هـ . ب