کەژەکە: پێویستە ڕێکخستن و خۆپاراستن مەزنتر بکەین

کەژەکە پەیامێکی بۆ گردبوونەوەکەی پاریس نارد و ڕایگەیاند، بکوژ دەوڵەتی تورکە و بانگەوازی خاوەندارێتی لە شەهیدان و مەزنکردنی ڕێکخستن و خۆپاراستن کرد.

کۆمەڵەی ژنانی کوردستان (کەژەکە) پەیامێکی بۆ گردبوونەوەکەی پاریس نارد کە پەیوەست بە دوو کۆمەڵکوژییەکەی دەوڵەتی تورک لە پاریس ڕێکخرا.

پەیامی کۆردیناسیۆنی کەژەکە بەم جۆرەیە:

"بە جۆشی شۆڕشەکەمان کە بە ساکینەکان دەستی پێ کرد و بە ئەڤینەکان بووە سوپا و گۆڕا بۆ شۆڕشی ژنی نێونەتەوەیی و ئەمڕۆش لە بۆتانەوە بەرەو زاپ بەرز دەبێتەوە، سڵاو لە هەموو ژن و گەلی وڵاتپارێزمان و گەلی ئازادیخوازمان دەکەین.

سەرەتا، لە ١١ هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی پاریسی ٩ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣، بە ڕێز و خۆشەویستی و سوپاسەوە هاوڕێیانمان سارا (ساکینە جانسیز) و ڕۆژبین (فیدان دۆگان) و ڕوناهی (لەیلا شایلەمەز) بیر دەهێنینەوە. ئەوکاتەی کۆمەڵکوژی یەکەم پەردەپۆش کرا و ڕوون نەکرایەوە، هەڤاڵمان ئەڤین گۆیی یەک لە پێشەنگانی تەڤگەری ژنانی کورد، پێشەنگی ئامادەکردنی چالاکی شەرمەزارکردنی ١٠ هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی، لەگەڵ میر پەروەر و وڵاتپارێزی هێژامان عەبدولرەحمان کیزیل لەبەردەم ناوەندی چاندی ئەحمەد کایا، نامەردانە تیرۆرکران.

پێویستە دەوڵەتی فەرەنسا بۆ جاری دووەم ئەم کۆمەڵکوژییە نەشارێتەوە، پەیوەندییە سیاسییە ناوخۆی و دەرەکییەکانی ڕوون بکاتەوە. چونکە ئەم کۆمەڵکوژییە دۆزێکی دادوەری نییە و کۆمەڵکوژییەکی سیاسییە، پێویستە دادگاییەکی دادپەروەرانە هەبێت. بۆ ئێمە بکەر و هاندەری هەردوو کۆمەڵکوژییەکە ئاشکران.

"فەرمانی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە لە ئەردۆگانەوە بوو"

فەرمانی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن دیکتاتۆری فاشیست ئەردۆگان دراوە، لەلایەن میت و هاکان فیدانەوە ئەنجامدراوە و ئەندامێکی میت بەناوی عومەر گونای و فاشیستێک بەناوی ویلیام ئەرکی ئەم کارەیان پێ سپاردوون. مێژوو جارێکی تر دەریخست هەموو ئەو وڵاتانەی ئەوروپا کە بانگەشەی مافی مرۆڤ و دادپەروەری و یەکسانی دەکەن، کاتێک باسەکە دێتە سەر گەلی کورد بێکاریگەر دەبێت. کاتێک مەسەلەکە دێتەسەر بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان، دەوڵەتی فەرەنساش پشت لەو یاسایانە دەکات کە مێژوویان لە دوو سەد ساڵ زیاترە. هەرچەند ١٠ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی پاریسی ٩ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ تێپەڕی بەڵام ڕوونی نەکردەوە و بووە هاوکاری کۆمەڵکوژیی دووەمی پاریس. تا دەوڵەتی فەرەنسا ئەم کۆمەڵکوژیانە ڕوون نەکاتەوە، وەک هاوکاری کۆمەڵکوژییەکان دەبینرێت و وەک خاڵێک ڕەش لە مێژوویدا دەنووسرێتەوە.

"ژنانی کورد خاوەنداری لە شەهیدەکانیان دەکەن"

بەڵام له ماوه ی ١١ ساڵی ڕابردوودا گه لی کورد و دۆستەکانیان به تایبەت ژنی کورد، هەرگیز نەوەستاون و خاوەنداریان لە شەهیدەکانیان کردووە. ئەوان بە هەموو هێزیانەوە کاریان کرد بۆ ئەوەی ڕۆشنایی بخەنە سەر کۆمەڵکوژییەکە و بکوژەکان دادگایی بکرێن! هاوڕێ سارا، ڕۆژبین، ڕۆناهی و پاشان ئەڤین، میر، عەبدولڕەحمان هەوڵێکی زۆریان دا بۆ بڵاوکردنەوەی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان و شۆڕشی ئازادیی ژنان لە هەموو جیهاندا. ئێستا لە ١١ هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیەکەدا، دەرئەنجامی ئەم هەوڵە مێژووییە خەریکە ڕوون دەبێتەوە. لە ڕێگەی تێکۆشان دژی کۆمەڵکوژی، هۆشیاری و ڕێکخستنی ئازادیی کورد و ژنان پەرەی سەند و بەهێزتر بوو. دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی" کە لەلایەن ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پەرەی پێدراوە، بووەتە دروشمی سەرەکی شۆڕشەکانی سەدەی ٢١. ژن و گەل بانگەشەی شوێنکەوتووتنی سارا و ئەڤینەکان دەکەن و ئەم هێزە تێکۆشەرەیان ئافراند.

تەڤگەری ئازادی ژنانی کوردستان بە بەشداری و بوێری و ڕەنج و کەسێتی فیداکاری هەڤاڵ سارا دامەزرا و لەسەر ئەو بناغەیە بەهێزتر بوو. هاوڕێمان سارا ئافرێنەری زۆرێک لە یەکەمەکانە و لە هەموو گۆڕەپانێکدا تێکۆشاوە. هەر بۆیە ڕێبەر ئاپۆ وتی "تێکۆشانی سارا، تێکۆشانی تەڤگەری ئازادی ژنانە". لە ڕاستیدا ڕێپێوانی پێداگرانەی هاوڕێ سارا کە ئافرێنەری یەکەمە، بووە هۆی سەرهەڵدان و هۆشیاری و ڕێکخستن و بەسوپابوونی هەزاران ژن کە دەیانویست ئازاد بن. هاوڕێمان ئەڤین گۆیی یەکێک بوو لەو هەڤاڵانەمان کە پێشەنگایەتی هۆشیاری و ڕێکخستن و فەرماندەیی ژنی ئازادی کرد. لە مێژووی ٣٤ ساڵ تێکۆشانی خۆیدا بەهای گەورەی ئافراند و ئەو بەهایانەی لەگەڵ هەڤاڵانی و گەلەکەمان و ژناندا هاوبەش کرد. هەربۆیە لەگەڵ هێرشی دووەم لە پاریس، لە هاوڕێ ئەڤینەوە، لەناوبردنی شۆڕشی ژنان، ڕاستی کورد و ڕاستی ژنی ئازاد، تێکۆشانی ئازادی ژنانی جیهانی لە دەوری فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی کرایە ئامانج. هەروەها هەموو ئەم هێرشانە تەڤگەر ئازادیمان و رێبەرێتیمان و ئامانجەکانی ئازادیمان دەکەنە ئامانج.

"چارەسەر لابردنی گۆشەگیری ئیمراڵییە"

تیرۆرکردنی هاوڕێیانمان کە دژی پیلانی قڕکردنی گەلی کورد لەسەر ڕێگای ژنانی ئازاد و گەلانی ئازاد پێشەنگی بەئیرادە و بەهێز بوون. ئەم کۆمەڵکوژییە لە سیاسەتەکانی قڕکردنی کورد و سیستەمی ئیمراڵی و پیلانگێڕی نێونەتەوەیی جیا ناکرێتەوە.

چارەسەرکردنی پرسی کورد لە دژی سیاسەتەکانی قڕکردن و دادگاییکردنی بکوژانی کۆمەڵکوژی پاریس بە لابردنی گۆشەگیریی ڕێبەر ئاپۆ لە سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دێتە دی.

"ئێمە لە هەموو شوێنێک پاراستنی خۆمان ڕێکخراو دەکەین"

وەک ڕێ‌هەڤاڵانی تێکۆشان، بەڵێنی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە هەردەم هەڵگری مەشخەڵی ژیانی ئازاد دەبین کە لە سارا و ئەڤینەکانەوە وەرمان گرتووە، داواش لە هەموو ژنان دەکەین یادی ئەو شەهیدە هێژایانە بپارێزن. پابەندبوونی ڕاستەقینە تەنها بە بەدیهێنانی خەون و ئامانجەکانیان دەبێت. هەموو کورد بەتایبەت ژنان لە هەر کوێیەک بن، چ لە کوردستان یان ئەوروپا، دەتوانن لە هەموو شوێنێک خۆپاراستنی جەوهەری خۆیان  ڕێکبخەن، بۆ بنیاتنانی پارادایمێکی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک و ئازادیی ژن لەسەر بناغەی ئازادیی ژن، خەباتێکی بەهێز بکەن و بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی و پیلانگێڕییەکان ڕێکخستنی خۆتان بەهێز بکەن. ژنان و گەنجان و هەموو گەلەکەمان لە ئەوروپا و باکوور و باشوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لە دژی پیلانگێڕی ٩ی کانوونی دووەم و ٢٣ی کانوونی یەکەم و تا ڕوونکردنەوەی هەر دوو کۆمەڵکوژییەکە و دادگاییکردنی بکوژان و هاندەرانی تاوانەکە ڕاپەڕن و تێکۆشان فراوانتر بکەن.

ئەمڕۆ، ڕۆژی لێپرسینەوەیە لە کۆمەڵکوژییەکان!

ئەمڕۆ، ڕۆژی تێکۆشانە لەسەر ڕێگەی سارا و ئەڤینەکان!

کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەرێتی ئازاد لە وڵاتێکی ئازاد لە هەرکات نزیکترە!

تۆڵەمان لەڕێگەی شۆڕشی ژنان دەبێت!".