لە ٤ شار ئێشکگریی دادپەروەری بەردەوامە: داخوازیمان ئازادی و دیموکراسییە

خزمی زیندانیان لە ئامەد و وان و ئەدەنە و مێرسین، درێژە بە ئێشکگریی دادپەروەری دەدەن. لە چالاکییەکەدا داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرا.

بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد، ١٤ ڕۆژە مانگرتن لە خواردنی بەنۆرە بەردەوامە. ئێشکگریی دادپەوەری بۆ پشتیوانی زیندانیان لە ٤ شار بەردەوامە.

لە وان بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانی و حکومدراوان (توای-دەر) و بەشداری نوێنەری پارت و لایەن و کەسێتییەکان، چالاکی ئێشکگری دادپەروەری بۆ شەشەم ڕۆژ بەردەوام بوو. چەند جارێک درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندانەکان" بەرزکرایەوە.

یەکێک لە خزمانی زیندانیان، سێوەت بایهان، داوای کرد هەمووان خاوەندارێتی لە چالاکی مانگرتنەکە بکەن و گوتی: "ئێمە ئاشتی و دیموکراسی و ئازادی بۆ هەموو گەلان دەخوازین".

لە مێرسین ئێشکگری بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانی و حکومدراوانی چوکرۆڤا (چوکرۆڤا توای-دەر) بەردەوامە. هاوسەرۆکی کۆمەڵەکە ڕایگەیاند، نزیکەی هەزار زیندانی سیاسی مانیان لە خواردن گرتووە و پێویستە هەموو خاوەندارێتی لەو چالاکییە بکەن.

هەروەها لە ئێشکگری دادپەروەری ئەدەنە، لەسەر داخوازییەکان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وتوێژ کرا.

چالاکی ئێشکگری دادپەروەری ئامەد، لە بینای هەدەپی ڕێزان بەردەوامە. بەشداربووان یەلەکی سپیان پۆشیبوو بە نووسینی "گۆشەگیری تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی".