لە بازل مانگرتن لە خواردنی ٣ ڕۆژە: پێویستە پشتگیری لە بەرخۆدانی زیندانیان بکەین

ئەندامانی ڕێکخراوە سۆسیالیستییەکان لە بازل دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد و ڕایانگەیاند: "ئێمە لەپێناو شکۆی مرۆڤایەتی و ئازادی، دژی گۆشەگیری و فشارەکان پشتگیری لە بەرخۆدانی زیندانیان دەکەین".

وەک پشتگیریەک بۆ مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی پەکەکە و پاژک دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە چەند شارێکی جیهان مانگرتن لە خواردن دەستی پێ کرد، سۆسیالیستەکان لە شاری بازلی سویسرا دەستیان بە مانگرتن لە خواردنی ٣ ڕۆژە کرد.

مانگرتن لە خواردنەکە بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوی کۆنفیدراسیۆنی کۆچبەرانی بندەستی ئەوروپا و پلاتفۆرمی دەنگی زیندانیان (تەسەپە) و یەکێتی ژنانی سۆسیالیستی (سەکەبە) و (Young struggle) دەستی پێ کرد.

لەسەر ناوی ڕاگەیاندراوی کۆنفیدراسیۆنی کۆچبەرانی بندەستی ئەوروپا، گوڵدەرەن سەڤیم ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە، ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی تەیب ئەردۆگان گۆشەگیری سەر زیندانیانی سیاسی زیاتر کردووە، بۆردوومانی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان و کۆمەڵکوژی پیرسوس بەشێکە لە پلانی پاکتاوکردن.

هەروەها تیشکخرایە سەر پێشێلکارییەکانی نێو زیندانەکان و گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوترا: "لە کەسێتی عەبدوڵا ئۆجالاندا، هەموو مافە جڤاکی و سیاسی و یاساییەکانی زیندانیانی کورد و زیندانیانی سیاسی توندکراوەتەوە".

هاوکات ئاماژە کرا بە مانگرتن لە خواردنی زیندانیان و ئێشکگری دادپەروەری بنەماڵەی زیندانیان دژی گۆشەگیری و ئەشکەنجە و فشارەکان، دووپاتکرایەوە ئەم بەرخۆدانە بە یەکێتی لە تورکیا و کوردستان و ئەوروپا سەردەکەوێت.

ئاماژە بەوە کرا دەوڵەتانی ئەوروپا و کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجە (سی پی تی) نەوەک هەر پێشێلکاری و ئەشکەنجە و گۆشەگیریەکانی تورکیا و کوردستان لەبەرچاو ناگرن، بەڵکو پشتیوانی دەکەن، بۆیە هاوبەشی تاوانەکانن.

بانگەواز لە کرێکارانی ئەوروپی، هێزە دژە فاشیستەکان، ژنان و گەنجان، ڕێکخراوە کۆچبەرەکان، ڕێکخراوە ئینتەرناسیۆنالیستەکان، کۆمۆنیستەکان و شۆڕشگێڕەکان کرا لە بەرامبەر فشارەکانی ناو زیندانەکانی تورکیا و باکوری کوردستان خاوەنداری لە زیندانییەکان بکەن. پشتگیری لە بەرخۆدانی زیندانیان بکەن.

هەروەها بانگەوازکرا پشتیوانی لە مانگرتن لە خواردنەکانی ئەوروپا بکرێت و تێکۆشان بەهێزتر بکرێت دژی گۆشەگیری و فشارەکان.

سۆسیالیستەکان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد و بانگەوازیان کرد بۆ بەشداربوون لەو چالاکییەی سبەی بە پێشەنگایەتی پلاتفۆرمی دەنگی زیندانیان لە بازل ئەنجام دەدرێت.

چالاکوانان ڕۆژی یەکشەممە کۆتایی بە مانگرتن لە خواردنەکەیان دەهێنن.