لە بەردەم باڵیوزخانەى ئێران لە ئۆسلۆ کوژرانی ژینا و شلێر ئیدانەکرا

سەدان کەس لە گەلانی جیاواز لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئێران لەئۆسلۆ کۆبوونەوە و پشتیوانییان لەڕاپەڕینی گەل لەشارەکانی کوردستان و ئێران دا کرد وکوژرانی ژینا ئەمینی و شلێر ڕەسوڵییان لەلایەن هێزەکانی رژێمی ئێرانەوە ئیدانە کرد.

لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج سەدان کەس لە گەلی کورد و نەرویج و فارس و ناسنامەی جۆراوجۆرەکان لە بەردەم باڵیوزخانەی ئێران گردبونەوە و ئیدانەی کوشتنی ژینا ئەمینی و شلێر ڕەسوڵی-یان کرد و پشتگیریی خۆیان بۆ ڕاپەڕینی گەل لە شارەکانی کوردستان و ئێران دەربڕی.

چالاکییەکە لەلایەن کۆمیتەی ئۆسلۆی کۆمەڵگای ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) ڕێکخرابوو. هەروەها کۆمەڵەی رێکخراوی کوردستانیی کۆمۆنیستی ئێران، ژنانی ئینتەرناسیۆنالیست، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، حزبی سووری نەرویج، گەنجانی پارتی کرێکارانی نەرویج و پلاتفۆرمی یارسان بەشداری و پشتیوانیان لە چالاکییەکە کرد.

لە چالاکییەکەدا پەیامی ڕێکخراوەکان و حزبەکان خوێندرایەوە و دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، "دیکتاتۆر ڕەیسی"، "لە قژی ژنان مەترسن"، "نا بۆ کوشتنی ژنان"، "نا بۆ داپۆشینی زۆرەملێ" وترانەوە.

لە چالاکییەکەدا بەمەبەستی ئیدانەکردنی ئەو تاوانەى رژێمی ئێران بەرامبەر بە ژینا ئەمینی بەشێک لە چالاکوانان قژی خۆیان بڕی و هەروەها پۆستەر بەرزکرانەوە، کە لەسەری نوسرابوو، دەوڵەتی ئێران شەڕی لە دژی ژنان دەستپێکردوە.

ژ.ت