لە دۆرتمۆند گۆشەگیری و هەڵمەتی ئازادی تاوتوێکران

لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیا کۆبوونەوەی گەل سازکرا و تیایدا گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پرۆسەی هەڵمەتی ئازادی ئۆجالان، تاوتوێ کران.

ژمارەیەکی زۆر لە کوردستانیان و دۆستانیان بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد. پارێزەر مەحمود شاکار و سیاسەتمەدار نیلوفەر کۆچ پرس و پەرەسەندنە هەنوکەییەکانیان تاوتوێ کرد.

لە هەڵسەنگاندنەکاندا ئەوە خرایەڕوو کە ئامانجی گۆشەگیری لە ئیمراڵی جینۆسایدی گەلی کوردە و هێما بۆ هاوکاری و پاڵپشتیی هێزە نێونەتەوەییەکان لە دەوڵەتی تورک کرا لەو بابەتەدا. لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوەکرا کە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەو پاڕادایمەی بەرەوپێشی بردووە سیستمی ئیمراڵی پوچەڵ کردووەتەوە و ئەوەش خرایەڕوو، کە عەبدوڵا ئۆجالان بووەتە هیوای ئازادی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووانیش بە پرسیارەکانیان  بەشدارییان لە گفتوگۆکان کرد و کۆبوونەوەکە بە دروشمەکانی "بێ سەرۆک ژیان نابێت" و "شەهید نامرن" کۆتاییهات.

هـ . ب