لە کادیکۆ گۆشەگیری شەرمەزارکرا: هەزار سڵاو لە ئیمراڵی

لە شەقامەکانی کادیکۆ، پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزارکرا و پەیامی "هەزار سڵاو لە ئیمراڵی" درا.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵی لە گۆشەگیرییەکی توندە، ٣١ مانگە زانیاری لەبارەیەوە نادرێت. دەسپێکی پیلانگێڕی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٩ ی تشرینی یەکەم، لە کادیکۆی ئیستەنبوڵ شەرمەزار کرا. لەسەر بانگەوازی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) و پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) و پارتی دیموکراتیکی هەرێمەکان (دەبەپە) و چەندین ڕێکخراو  و پارتی سیاسی، بە درووشـمی "ڕێپێوانی ئازادی" چالاکی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو.

پۆلیس هەموو خاڵەکانی ناوچەکەیان گەمارۆدا و چەند کەسێک گیران، لەوانە، هاووتەبێژی هەدەکە، ئەسینگوڵ دەمیر، دایکانی ئاشتی نارنجە ئاجار و حەنیفە گوموش. هەروەها ئەو پاسەی لە تەکیرداغەوە بۆ بەشداری لە چالاکییەکە هاتبووە ئیستەنبوڵ لە کادیکۆ لەلایەن پۆلیسەوە ڕاگیرا، کەسانی نێو پاسەکە هێشتا ڕاگیراون.

پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز، بورجگول چوبوک و چیچەک ئۆتلو لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدران، بەڵام گوتیان: "سەرەڕای هەموو فشارەکان گۆشەگیری شەرمەزار دەکەین، تێکۆشانمان بۆ لەناوبردنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام دەبێت". هاوکات هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز، چیدەم کلیچگون ئوچار و هاووتەبێژی هەدەکە جەنگیز چیچەک، لای پەیکەری بۆغا لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدران. جەماوەر درووشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "نا بۆ داگیرکاری، بەڵێ بۆ ئاشتی"یان بەرزکردەوە.

هاووتەبێژی هەدەکە جەنگیز چیچەک، گوتی: "لابردنی گۆشەگیری دامەزراندنی ئاشتی و ئازادییە. لە زیندانی ئیمرالی کام یاسا کاری پێدەکرێت؟ لە وەزیری داد دەپرسین؛ ئایا زیندانەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیان؟ ئیمراڵی لە کوێیە؟ ڕێگە بە بنەماڵە و پارێزەرانی بەڕێز ئۆجالان بدە لەگەڵیدا کۆببنەوە".

چیچەک ناڕەزایەتی بەرامبەر ڕەفتاری پۆلیس دەربڕی و ڕایگەیاند، ئەمە درێژەی زیهنیەتی پیلانگێڕیی ٩ تشرینی یەکەمە، ئەو پیلانگێڕییەی دژی گەلانی تورکیا و گەلی کورد پێکهات. جەماوەر و پەرلەمانتاران دژی گۆشەگیری درووشمیان بەرزکردەوە و چوونە نێو بارەگای هەدەپە لە کادیکۆ.

ئەو کۆمەڵەیە لەنێویاندا چالاکوانانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) لە پارکی یۆگرتچو بە چەپڵە و هەلهەلە لێدان دەستیان بە ڕێپێوان کرد. لە میانی ڕێپێوانەکەدا دروشمی "سڵاو، سڵاو، هەزار سڵاو لە ئیمراڵی"، "بژی بەرخۆدانی زیندانەکان"، "بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە.

ئەو چالاکوانانەی هاتبوونە بەردەم پەیکەری بۆغا لەلایەن پۆلیسەوە ڕووبەڕووی لێدان و دەستبەسەرکردن بوونەوە. لە کاتی دەستبەسەرکردنەکەدا، چالاکوانان دروشمی "کەرامەتی مرۆڤایەتی ئەشکەنجە دەشکێنێت"یان بەرزکردەوە. بەپێی زانیارییەکان هەندێک کەس کە لە کافێکان دانیشتبوون کەلەپچە و دەستبەسەرکراون".