لە کۆڵن شەهیدان هوشیار چەلێ، شاهان گەڤەر و فەریاد بوڵدان بەبیر هێنرانەوە

لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا شەهید هوشیار چەلێ، شاهان گەڤەر و فەریاد بوڵدان کە لە یەک بنەماڵەن و لە تێکۆشانی ئازادی کوردستان شەهید بوون بەبیر هێنرانەوە.

شەهید هوشیار چەلێ، شاهان گەڤەر (بیرهات بوڵدان) کە لە ٢٨ی تشرینی دووەم لەلایەن هەپەگەوە شەهیدبوونیان ڕاگەیەندرا و فەریاد بوڵدان کە لە ٢٤ی تشرینی دووەم لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورک لە منبج شەهید بوو لە کۆڵن بە بیر هێنرانەوە.

بە خولەکێک بێدەنگی بۆ شەهیدانی شۆڕش ڕێوڕەسمێک لە ناوەندی کۆمەڵگای دیموکراتیکی کورد لە شاری کۆڵن بەڕێوەچوو.

بنەماڵەی شەهید هوشیار چەلێ لە کەمپی پەنابەرانی مەخموورەوە پەیامێکی نووسراویان بۆ مەراسیمی یادکردنەوەکە نارد. بنەماڵەکەی لەکەسایەتی شەهید هوشیار چەلێ و فەریاد بوڵدان هەموو شەهیدانی ئازادییان بیر هێناوەتەوە و دەڵێن "هوشیار چەلێ لە ساڵی ١٩٩٢ بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بووە و لە هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر زاپ کەوتووتە شەڕەوە، کاتێک هەوڵی ڕزگارکردنی هەڤاڵەکانی دەدات، بریندار دەبێت و لە شەڕەکەدا تا دوا گولـلە بەرخۆدان دەکات و شەهید دەبێت.

لە پەیامەکەدا باس لەوە کراوە شەهید فەریاد تایبەتمەندی مامی هوشیاری لە خۆگرتبوو و خاوەن کەسایەتییەکی بوێر و خۆنەویست بووە.

 دایکی شەهید شاهان گەڤەر خەدیجە بوڵدان بە نامەیەک بەشداری بەبیر هێنانەوەکەی کردووە و ڕایگەیاندووە شاهان گەڤەر هەر لە منداڵییەوە بەهۆی کەسایەتی مرۆڤدۆستی و تێکۆشەرییەوە خۆشەویست بووە و دەڵێت کە دوای زانینی شەهیدبوونی شاهان، ئازارێکی زۆری پێ گەیشتووە، جێی ئاماژەیە شەهید شاهان ساڵی ٢٠١٤ بەشداری ڕیزەکانی گەریلای کردبوو.

هەروەها دایک و باوکی شەهید فەریاد بوڵدان کە لە کەمپی پەنابەرانی مەخموور نیشتەجێن، بە پەیامێکی ڤیدیۆیی بەشداری یادەکە بوون.

 گوڵێ بوڵدان دایکی باسی لەوە کرد کە فەریاد منداڵێکی جوان و بەهرەمەند و پاک و خاوێن بوو و دەڵێت دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی بەشداری تێکۆشانی ئازادیی بووە و ئەرکی پیرۆزی لە ڕۆژئاوا گێڕاوە.

ئازاد بوڵدان باوکی شەهید فەریادیش  ڕایدەگەیەنێ شانازی بە شەهیدبوونی فەریاد دەکات و سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە هاوبەشی ئازارەکانیانن.

دایە شەنگێ کە بە لەسەر ناوی کۆماو (ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدان) قسەی کرد، ئاماژەی بەوەدا کە دایکانی شەهیدانی ئازادی سەرەڕای ئەو هەموو ئازارە سەختەکان بەهێزە خۆڕاگری دەکەن و ڕایگەیاند تا کۆتایی دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دوژمن بەرخۆدان دەکەن.

هەروەها هونەرمەند سۆسەن بەناوی بنەماڵەکانەوە قسەی کرد و ئاشکرای کرد هوشیار و شاهان و فەریاد لە یەک بنەماڵەن و ڕایگەیاند کە ئەوان دوا شەهیدی ئەو بنەماڵەیەش نین و وتی، شەهیدان سەر بە هێڵی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانن و بەڵێنی درێژەدان بە تێکۆشانیان دەدەین.

هەروەها هونەرمەندانی کورد هۆزان شەمدین، بەرماڵ چەم، بەسەر شاهین، حەکیم سەفکان، جەواد مەروانی، بنەڤش و دەنیز دەمان لە مەراسیمی یادکردنەوەکەدا بەشداریان کرد.