لە لجێ بە جۆشەوە پێشوازی لە ڕێپێوانکەران کرا
ڕێپێوانی ئازادی گەیشتە ناوچەی لجێی ئامەد، لەلایەن گەلەوە بە جۆشەوە پێشوازیان لێ کرا.
ڕێپێوانی ئازادی گەیشتە ناوچەی لجێی ئامەد، لەلایەن گەلەوە بە جۆشەوە پێشوازیان لێ کرا.
سیاسەتمەدار و نوێنەری ڕێکخراوە دیموکراتیکەکان بە داخوازی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد ڕێپێوانیان کرد، لەلایەن گەلی لجێ بەشێوەیەکی جەماوەری پێشوازیان لێ کرا.
پۆلیس هەوڵیدا بە پاساوی "بڕیاری قەدەغەکردن" ڕێپێوانەکە ئاستەنگ بکات، گەل بە بەرزکردنەوەی درووشـم وەڵامیان دانەوە و تا بەردەم بینای پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕێپێوانیان کرد.
چالاکوانان لە کۆڵانەکاندا بە گەرمی پێشوازیان لێ کرا و هاوڵاتیان لە هەیوان و پەنجەرەکانەوە نیشانەی سەرکەوتنیان بەرز دەکردەوە.
لەبەردەم بینای دەم پارتی، پەرلەمانتاران نەورۆز ئویساڵ و کاموران تانهان قسەیان کرد، دووپاتیان کردەوە تا ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان درێژە بە تێکۆشان دەدەن.
کاموران تانهان گوتی: "کاتێک بەڕێز ئۆجالان قسەی کرد، بەهار بۆ هەموو تورکیا هات. ئەوانەی ئەمڕۆ شەڕ دەخوازن، نایانەوێت دەنگی بەڕێز ئۆجالان ببیسترێت. بەڕێز ئۆجالان نەوەک هەر بۆ کورد، بۆ هەموو گەلان هیوایە. ئەگەر دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێتەوە، ئاشتی دەگات".
پاشان لەناو بینای ناوچەی لجێی دەم پارتی، بەدەم سترانی کوردییەوە بۆ ماوەیەک شایی و هەڵپەڕکێ ئەنجامدرا.