لە پەرلەمانی ئەوروپا وتوێژ دەربارەی گۆشەگیری و ئازادی ڕێبەری گەلی کورد دەکرێت
لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆنفرانسێک بە ناونیشانی "زیندانیانی سیاسی لە تورکیا" ئەنجامدرا، گۆشەگیری ئیمراڵی و گرنگی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نرخێندرا.
لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆنفرانسێک بە ناونیشانی "زیندانیانی سیاسی لە تورکیا" ئەنجامدرا، گۆشەگیری ئیمراڵی و گرنگی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نرخێندرا.
لە پەرلەمانی ئەوروپا لەلایەن کۆمیسیۆنی هاوڵاتیانی تورکیا لە ئەوروپاوە بە ناونیشانی "زیندانیانی سیاسی لە تورکیا: ڕێگەی ئازادی و ئاشتی بەرەو کوێ" کۆنفرانسێک ئەنجامدرا.
پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەوروپا و ئەندامی کۆمەڵەی هاوپەیمانی پێشکەوتوخوازی سۆسیالیست و دیموکراتیک، جولیانۆ پیساپا پشتگیری لە کۆنفرانسەکە کرد.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی هاوڵاتیانی تورکیا لە ئەوروپا لە نەرویژ و ئەکادیمیسیانی زانکۆی بێرگەن کاریان وێسترهایم سەرەتای کۆنفرانسەکە قسەیان کرد.
لە قسەکانیاندا دووپاتیان کردەوە، زۆرینەی زیندانیانی سیاسی لە تورکیا، ئۆپۆزیسیۆنەکانن. سیاسەتمەدار و پارێزەر و ڕۆژنامەوان و سەدان کەس بە پاساوی پەیوەندی بە پەکەکەوە گیراون.
وێسترهایم تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ڕایگەیاند هاوشێوەی ڕەوشی نیلسۆن ماندێلایە و تەنانەت مامەڵەکان دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕەوشی ماندێلاشی تێپەڕاندووە، گوتی: "تورکیا بە کارەکانی دژی ئۆجالان پەیامەکانی یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەکات".
وێسترهایم ئاماژەی کرد بە خەباتی کوردستانیان و دۆستەکانیان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کەمپەینی ئازادی، گوتی: "ئۆجالان ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە چارەسەری پرسی کورد. ئۆجالان پێشتر چەندین جار دووپاتی کردۆتەوە، ئەو چارەسەری پرسی کوردی دەوێت".
وێسترهایم تیشکی خستەسەر بەرپرسیارێتی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "پێویستە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا، بۆ هاندانی دیالۆگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و دۆزینەوەی چارەسەرێک، خەباتی دیپلۆماتیک بکەن".