لە سێ ڕۆژدا لانیکەم ١١٢ کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستبەسەرکراون

دوای چالاکییە گیانبازییەکەی تابوری نەمران لە دژی وەزارەتی ناوخۆی دەوڵەتی تورک، لە دەیان شار ئۆپەراسیۆنی پاکتاوی سیاسی بەڕێوەچوو و لە ئەنجامدا زیاتر لە ١١٠ کەس دەستبەسەر کراون.

ئۆپراسیۆنەکانی پاکتاوی سیاسی دەوڵەتی تورک لە سێیەم ڕۆژیدا بەردەوامە و عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی تورک ڕایگەیاند، ئەمڕو لە ١٥ شار ٣٧ کەس دەستبەسەر کراون.

ڕاگەیەندرا، ئەو کەسانە لە شارەکانی ئیستەنبوڵ، وان، ڕحا، خارپێت، دوزجە، ئامەد، بورسا، ئەدیرنە، کرکلارەلی، کیلیس، ئیدر، هاتای، ئەدەن، مەڕەش و دەنیزلی دەستگیر کراون.

وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی تورک ئەوەشی خستووەتەڕوو، ڕۆژی ٣ی تشرینی یەکەم، لە میانی ئۆپەراسیۆنەکان کە لە ١٦ شاردا بەڕێوەچووە، ٥٥ کەس دەستبەسەرکراون.

ھاوکات ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەم لە شارەکانی ئیستەنبوڵ و کرکلارەلی لە میانی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ھەدەکە و هەدەپە، لانیکەم ٢٠ کەس دەستبەسەر کرابوون.

بەو پێیە لە ماوەی سێ ڕۆژدا ژمارەی ئەو کەسانەی دەستگیر کراون گەیشتووەتە ١١٢ کەس.