لە ستۆکهۆڵم یادی شەهیدانی ڕاگەیاندنی پەژاک کرایەوە

لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بە ڕێکخستنی مەراسیمێک یادی شەهیدەکانی ڕاگەیاندنی پەژاک کرایەوە، کە لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا لە قەندیل شەهید ببوون.

کۆمەڵەی ڕۆشنبیری و هونەر لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بە پێشەنگایەتیی کۆمەڵەی بنەماڵەی شەهیدان بۆ شەش ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە ناوەکانی، ئارمانج مەریوان (جەمال رەسوڵی)، وەدات ئامەد (محەمەد گورەن)، ڕامان جاوید (ڕەحیم بورنا) هێرش مەهاباد (دیاکۆ بەختیاری)، ئارگەش باوەڕ (کاردۆ عەلیالی) و فرات چەلێ (بەهجەت تەکین ئاڵپ) مەراسیمێکی یادکردنەوەیان ڕێکخست. ئەو ئەندامانەى ڕاگەیاندنی پەژاک لە ١ی ئایاری ٢٠٠٨دا لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر قەندیل شەهید ببوون.

یادەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان دەستیپێکرد. لە مەراسیمەکەدا سیاسەتمەداری کورد سەنانیک ئۆنەن وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: "هەموو شەهیدان پێشەنگی شۆڕشن. لە هەندێک قۆناغی مێژووییدا زۆر کەس دەردەکەون و مۆری خۆیان لە مێژوو دەدەن. شەهیدانی مانگی ئایاریش لەو کەسایەتی و شەهیدانەن. شەهیدانی ڕاگەیاندنی پەژاکیش بەم شێوەیەن. ئەمڕۆ شاگردەکانی ئەو شەهیدانە قارەمانانە لە چیاکانی کوردستان خۆڕاگری دەکەن، سەرلەنوێ داستانی قارەمانانە و دەنووسنەوە. ئێمە تا دوا هەناسەمان درێژە بە رێگای شەهیدەکانمان دەدەین. ئێمە شانازی بە دۆزەکەیان و ڕێبازەکەیانەوە دەکەین".

لە بەردەوامیی یادەکەدا، فیلمەک سەبارەت بە ژیانی تێکۆشانی هەر شەش شەهیدەکە نمایشکرا. یادەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی "شەهید نامرێ" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی پێهات.

ژ.ت