لە سویسرا ڕۆژەڤی کۆبوونەوەی گەل گۆشەگیری و ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانە

لە شارەکانی زیوریخ و سانت گالنی سویسرا دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کۆبوونەوەی گەل بەڕێوەچوو.

ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، زوبەیر ئایدار بەشداری کۆبوونەوەکە بوو. تیشکخرایە سەر هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەر بۆ پرسی کورد".

لە چالاکییەکەدا، زوبەیر ئایدار، ئاماژەی کرد بە هەڵمەتی خوێندنەوەی کتێبەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤە، دۆستانی کورد بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیری لە زۆر شوێنی جیهان کتێبەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەخوێننەوە.

داوای کرد هەمووان لەدەوری هەڵمەتەکە کۆببنەوە.

هەروەها ئایدار ئاماژەی کرد بە شەڕی ئیسرائیل و فەڵەستین و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا، گوتی: "سەرۆک کۆماری تورک تەیب ئەردۆگان هەموو ڕۆژێک دێت و دەڵێت گەلەکەمان لە فەڵەستین. بەڵام ئەوەی لە ڕۆژئاوا دەیکات لە ئیسرائیل دڕندانەتر. لە ڕۆژئاوا وێستگەی کارەبا و عەمباری گەنم و قوتابخانە و نەخۆشخانە و مزگەوت دەکاتە ئامانج".

ئایدار دووپاتی کردەوە، پێویستە هەمووان خاوەندارێتی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەن و لەسەر بناغەی یەکێتی نەتەوەیی کورد لەگەڵ هەمووان بدوێن.

لە سانت گالن لە ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیک کۆبوونەوەی گەل بەڕێوەچوو. پارێزەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، مەحمود شاکار لە کۆبوونەوەکە قسەی کرد.

شاکار گوتی: "گۆشەگیری ئیمراڵی بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بەردەوامە. بۆتە گۆشەگیرییەکی درێژخایەن".

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی ٢٠١١ ـەوە دیداری پارێزەران و بنەماڵەکان ئاستەنگ دەکرێت.